بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تەقینەوە تیرۆریستییەکەی ئەم دواییەی گۆڕەپانی تەقسیمی ئیستەنبووڵ کە بووە هۆی کوژرانی 6 کەس و برینداربوونی 81 ی دیکە، لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و ژمارەیەکی دیکە لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهانەوە ئیدانە کرا، بەڵام پەیامی ئیدانەکردنەکەی حکومەتی دیمەشق و بە تیرۆریستی ناوبردنی واتایەکی دیکەی هەیە.
وەزیری دەرەوەی سوریا لە کاردانەوەی بەرامبەر بە تەقینەوە تیرۆریستییەکەی ئیستەنبووڵ وتی کە دیمەشق ئەم کردەوە تیرۆریستییە بە توندی ئیدانە دەکات.
فەیسەڵ مێقداد بە ڕۆژنامەی وەتەن ی سوریای ڕاگەیاند کە دیمەشق کردەوە تیرۆریستییەکان لە هەر شوێنێک بێت ئیدانە دەکات.
سەرەڕای ئەمەش، وەزیری دەرەوەی سوریا لە سەر خەراپ بەکارهێنانی ئەم ڕووداوە هۆشداریی دایە تورکیا و وتی کە ئەنکەرە نابێت بە بیانووی تەقینەوەکەی ئیستەنبووڵ پەنا بۆ کردەوە و هێرشی سەربازی ببات یان بە ئاراستەی ئەوەدا بڕوات کە دۆخی باکوری سوریا زیاتر ئاڵۆز بکات.
مێقداد وتی: ئەگەر حکومەتی تورکیا دەیەوێت ئەم ڕووداوانە وەک بیانوویەک لە دژی سوریا بەکار بێنێت، پێویستە بوترێت کە بەرپرسانی تورکیا دەزانن کە خۆیان تیرۆریستانیان ناردووەتە سوریا، ئەوان دەیان هەزار یان ڕەنگە سەدان هەزار تیرۆریستیان ناردبێتە خاکی سوریا.
وەزیری دەرەوەی سوریا ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە حکومەتی تورکیا تا ئێستا ئاوی پێویستی دانیشتووانی حەسەکەی گرتووەتەوە و کێشەی بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ناوچەکە خوڵقاندووە.
فەیسەڵ مێقداد سەبارەت بە لێدوانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ پێداچوونەوە بە سەر پەیوەندییەکانی ئەنکەرە و دیمەشق و بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان لە ئەمنییەوە بۆ دیپلۆماسی وتی: ئێمە ئاگاداری لێدوانەکانی ئەوانین بەڵام ئەمە کاتێک ڕوو دەدات کە تورکیا هەوڵی لەناوبردنی تیرۆریزم بدات و واز لە پاڵپشتیکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان بێنێت و لە خاکی سوریا بکشێتەوە و هەر چەشنە پاڵپشتییەکی بۆ گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک بەرەی نوسرە و داعش ڕابگرێت، ئەمانەش لەو کاتەدا نیازپاکیی حکومەتی تورکیا دەردەخات.
میدیاکانی تورکیا ژنێکی سورییان بە ناوی ئەحلام بەشیر بە ئەنجامدەری کردەوە تیرۆریستییەکەی شاری ئیستەنبووڵ ناساند، ئەو کەسەی کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستبەسەر کرا. تورکیا ڕایگەیاندووە کە ئەو کەسە لە لایەن گرووپە کوردییەکانی باکوری سوریاوە بۆ تەقینەوەکە مەشق و ڕاهێنانی پێکراوە.
بە دەستپێکردنی قەیرانی سوریا لە ساڵی 2011 و بوونی بە شەڕێکی نێودەوڵەتی و سەرهەڵدانی گرووپە تیرۆریستییەکان لەم وڵاتە، تورکیا ئەرکی پاڵپشتی لۆجستی و مەشق و ڕاهێنانی تیرۆریستانی لە گەڵ ئەمریکا، فەرەنسا، سعوودیە، قەتەر، ئیمارات و ڕژێمی زایۆنیستی لە ئەستۆ گرتووە، ئەو شەڕەی کە تا ئێستا زیاتر لە 600 هەزار کوژراوی لێکەوتووەتەوە و ملیۆنان کەس لە خەڵکی سوریا لە ناوچەکان و وڵاتی خۆیان ئاوارە کردووە./.