بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تسۆی ڤی باڵیۆزی چین لە بەغدا ڕایگەیاند کە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی وڵاتەکەی و عێراق لە سەرەتای ساڵی 2022 تا ئێستا 33 ملیار و 700 ملیۆن دۆلارە.
ناوبراو وتی کە ئەم ڕێژەیە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە سەدا 2 بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە.
باڵیۆزی چین ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە 34 ملیۆن تەن نەوتی خاوی لە عێراق هاوردە کردووە.
ئەم ڕێژەیە دەکاتە هاوردەی 238 ملیۆن بەرمیل نەوت لە عێراق و بە پێی نرخی بازاڕەکانی جیهان، ڕێژەی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ چین نزیکەی 21 ملیار دۆلارە.
بە واتایەکی دیکە، دەتوانین بڵێین کە هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی عێراق بۆ چین نزیکەی 800 هەزار بەرمیلە و پیشاندەری دابەزینی ڕێژەی هەناردەی نەوتە بۆ ئەو وڵاتە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کە ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل بووە.
هەروەها ئامارەکە پیشان دەدات کە لە سەدا 62 ی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی عێراق و چین پەیوەندی بە هەناردەی نەوتەوە هەیە و ئەوی دیکەی کە 12 ملیار و 700 ملیۆن دۆلارە، پەیوەندی بە هاوردەی عێراقەوە لە چین هەیە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەر دوو وڵات دەیانەوێت ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوانیان بگاتە 40 ملیار دۆلاری ساڵانە کە لەو حاڵەتەدا هەناردەی چین بۆ عێراق دەگاتە ساڵانە 25 ملیار دۆلار.
سەنتەری توێژینەوەیی ” عراق المستقبل ” کە سەنتەرێکی ناحکومییە، ئامارێکی بڵاو کردووەتەوە کە پیشان دەدات ئەم وڵاتە لە مانگی نیسان تا ئابی ساڵی 2022 بە گشتی 11 ملیار دۆلار کاڵای لە چین، تورکیا و هیندستان هاوردە کردووە.
بە پێی ئەو ئامارانەش، چین لە سەدا 51 ی کاڵا و پێداویستی عێراقی هەناردە کردووە و لە پلەی یەکەمدایە، تورکیا بە هەناردەی لە سەدا 40 ی کاڵا و پێداویستییەکان لە پلەی دووەم و هیندستان بە هەناردەی لە سەدا 9 لە پلەی سێهەمدا ناویان هاتووە.
زیاترین هاوردەی عێراق لە چین کەرەستەی بیناسازی بە بڕی 783 ملیۆن دۆلار بووە، لە تورکیاش زیاترین هاوردە میوە بووە بە بڕی 332 ملیۆن دۆلار و لە هیندستانیش شەکر وەک زیاترین هاوردە بووە کە بڕەکەی 159 ملیۆن دۆلار بووە.
لەو ڕاپۆتەدا هاتووە کە ئەو سێ وڵاتە لە گەڵ ئیمارات و ئێران زیاترین هەناردەیان بۆ عێراق هەبووە.
ڕاپۆرتەکە ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لەم ماوەیەدا نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار و لە ئیماراتیشەوە یەک ملیار و 100 ملیۆن دۆلار کاڵا هەناردەی عێراق کراوە.
لە کاتێکدا کە ئامارە فەرمییەکان پیشان دەدەن عێراق ساڵانە 60 ملیار دۆلار هاوردەی هەیە، ڕاپۆرتەکەی ئەو سەنتەرە بە واتای ئەوەیە کە ئەم 5 وڵاتە لە سەدا 88 ی کاڵا و پێداویستی هەناردەکراویان بۆ عێراق لە بەرژەوەندی خۆیان مسۆگەر کردووە./.