بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەبە عەدنان وتەبێژی نووسینگەی ڕێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی لە بەغدا ڕایگەیاند کە شەڕی عێراق لە دژی ئێران بووە هۆی کێشە و گرفتێکی زۆر بۆ زۆربەی خێزانەکان لە هەر دوو وڵات و بەو هۆیەوە ژمارەیەک لە خەڵکی هەر دوو وڵات گیانیان لە دەستدا.
ناوبراو وتی کە سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ دەیە بە سەر ئەو شەڕەدا هێشتا چارەنووسی ژمارەیەکی خەڵکی هەر دوو لا دیار نییە.
وتیشی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باس لەوە کراوە کە ژمارەیەک دیلی عێراقی لە ئێراندا ماونەتەوە کە ئەوەش هەواڵێکە دوور لە ڕاستییە.
هەبە عەدنان وتی کە دۆسیەی دیلەکانی شەڕی عێراق لە دژی ئێران لە ساڵی 2003 بە ئاڵوگۆڕی دوایین دیلەکانی نێوان هەر دوو وڵات بە چاودێری ڕێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی داخرا./.









