بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بۆ کەس شاراوە نییە کە بەهێزمانەوەی سیستەمی بەرگری جەستە یارمەتیدەری ئەوەیە کە ڕوبەڕوی نەخۆشییەکان ببیتەوە بەڵام بە دەستپێکردنی سێهەم ساڵی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، سیستەمی بەرگری جەستە پێویستی بە مادەی خۆراکی هەیە. هیچ مادەیەک نییە کە نیشانەکان یان شانسی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کەم بکاتەوە بەڵام بە بەکارهێنانی ڕۆژانەی هەندێک مادەی خۆراکی و لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵانەی کە دەتوانێت لە بەرامبەر ڤایرۆسەکان یارمەتیدەر بێت، شانسی ئێمە بۆ پارێزراوبوون لە ڤایرۆس و بە تایبەت ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا و مەترسییەکانی بەرزتر دەبێتەوە. لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە دەدرێت کە لەم ڕێگایەدا یارمەتیدەر دەبێت.
1 – بەکارهێنانی سەوزە

تەنیا یەک جۆرە میوە یان سەوزی ناتوانێت سەرجەم مادە پێویستەکانی جەستە دابین بکات و بەم هۆیەوە پسپۆڕانی بواری خۆراک لەو بڕوایەدان کە بەکارهێنانی جۆرەکانی میوە و سەوزە لە ڕەنگە جیاجیاکان و بوونی ئەوان لە سیستەمی خۆراکیی ڕۆژانە دەتوانێت لە پاراستنی تەندرووستی جەستە بە گشتی ڕۆڵی هەبێت و یارمەتیدەری بەهێزبوونی سیستەمی بەرگری جەستە بێت. ڕێژەی سەوزەی پێویستی جەستە بە گشتی ڕۆژانە 200 گرامە کە ئەم ڕێژەیە بۆ بەساڵاچووانی سەروی تەمەن 70 ساڵ، مێرمنداڵان و منداڵان کەمترە. بە پێی توێژینەوەیەکی نوێ، ڕەنگی سەوزەکان دەتوانێت ڕۆڵی لە تەندرووستیدا هەبێت.
2 – بەکارهێنانی سەوزە گەڵادارەکان

سەوزە گەڵادارەکان زیاتر لە لایەن خەڵکەوە بەکار دێت و بەشێکی گرنگی ڕێجیمی خۆراکییە تەندرووستەکان لە خۆ دەگرن. ئەم سەوزانە تایبەتمەندییەکی زۆریان هەیە و دەوڵەمەندن بە ڤیتامینەکان و مادە کانزاییەکان و لە لایەکی دیکەوە ڕێژەی کالۆری کەمتریان هەیە، بەم هۆیەوە بەکارهێنانیان لە ڕێجیمی خۆراکی ڕۆژانە، سوودێکی زۆری بۆ جەستە هەیە. سپێناخ، کەلەرم، چۆنەر و شێلم لە ڕیزی ئەم سەوزە گەڵادارانەدان.
3 – بەکارهێنانی جۆرەکانی میوە

بە ڕاوێژی توێژەران، بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە، دەبێت ڕۆژانە لانیکەم دوو میوە بخورێت، یەکێک لە کاریگەرترین ڕێگاکانی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە، بەکارهێنانی جۆرەکانی میوەیە کە دەتوانین ئاماژە بە میوەکانی وەک هەنار، ئەنەناس، مۆز، سێو، کیوی، پرتەقاڵ و …. بدەین.
4 – خورما

خورما دەوڵەمەندە بە جۆرەکانی ڤیتامین و مادە کانزاییەکان و سوودێکی تەندرووستی زۆری هەیە. مس، ئاسن، پۆتاسیۆم، مەنیەزیۆم، ڤیتامین B ، نیاسین، پانتۆتنیک و ڕیبۆفلاوینی هەیە. بوونی مادە کانزاییەکانیش وایکردووە کە خورما ڕۆڵی گرنگی لە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستەدا هەبێت.
5 – هێلکە

شارەزایانی بواری خۆراک دەڵێن کە بۆ بەهێزبوونی سیستەمی جەستە دەکرێت ڕۆژانە یەک یان دوو هێلکە لە ڕێجیمی خۆراکی زیاد بکرێت. هێلکەیەکی گەورە دەتوانێت لە سەدا 22 ی ڕێژەی پێویستی سلنیۆمی جەستە دابین بکات. لە زەردێنەی هێلکەدا چەوری، کۆلیسترۆڵ، ئاسن، کالسیۆم، فسفۆڕ، یۆد، ئەسید فولیک و ڤیتامینەکانی K,E,D,A و B12 بە ڕێژەیەکی زۆر هەیە. زەدرێنەی هێلکە تایبەتمەندییەکەی زیاترە و دژی نەخۆشییەکانی شێرپەنجەیە و بە هۆی بوونی هەندێک لە ئیمنۆگلبۆلینەکان سیستەمی بەرگری جەستە بەهێز دەکات و ئەمەش هەمان تایبەتمەندی بەرچاوی هێلکەیە کە پسپۆڕانی بواری خۆراک بەردەوام جەختی لە سەر دەکەنەوە.
6 – ماستی یۆنانی

ماستی یۆنانی دوو هێندەی ماستی ئاسایی پرۆتینی هەیە و هەڵگری کالسیۆم، پرۆبیۆتیکەکان، ڤیتامین B12 و پۆتاسیۆمە کە سەرجەم ئەمانەش لە چالاکیی سەرەکی جەستەدا ڕۆڵیان هەیە. شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە، گرنگی بە خواردنی ماستی یۆنانی بدرێت. ماستی یۆنانی دەتوانێت میکرۆبە زیانبەخشەکان لە ناو ببات و کرداری کۆئەندامی هەرس باشتر دەکات و ئەمەش لە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستەدا ڕۆڵی گرنگی هەیە.
7 – چەرەسات

گوێز، بادەم و فستق هەڵگری ڕێژەیەکی زۆری چەوری تەندرووست و مادە کانزاییەکانی وەک زینک، مس و سلنیۆمن و یارمەتیدەری باشتربوونی ڕەوشی تەندرووستی دەبن. پزیشکان بە گشتی خواردنی چەرەساتەکان بە پێویست دەزانن تا مادەی پێویست بگاتە جەستە و سیستەمی بەرگری بەهێز بکات.
8 – سیر

سیر یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی ئەنتی ئۆکسیدان کە دەتوانێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی میکرۆبەکان بەکار بێت. سیر بەدەر لە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە، ڕێژەیەک لە مادە کانزاییەکان بۆ جەستەش دابین دەکات. لە یەکێک لە توێژینەوەکاندا هاتووە کە ئەوانەی سیر بەکار دێنن کەمتر تووشی هەڵامەت دەبن و لە سەدا 70 ی ئەوانەش تووشی ئەم پەتایە دەبن ماوەیەکی زۆر کەمتری هەیە بەراورد بەوانەی کە سیر بەکار ناهێنن./.









