بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆرە هاژە پزیشکی پسپۆڕی شێرپەنجە یەکەم هەنگاوی دەستنیشانکردنی نەخۆشی شێرپەنجەی بەم شێوازە باس کردووە.
پشکنینی تیومەر مارکەر:
تیومەر مارکەر یان گرێ ئاشکراکەر و گرێ نیشاندەر، ئەو ماددانەن بە ڕێژەیەکی زیاتر لە ئاسایی دەدۆزرێنەوە لە خوێن، میز، شانەکانی جەستەی بەشێک لەو کەسانەی کە شێرپەنجەیان هەیە، هەرچەندە خانە شێرپەنجەییەکان زۆرجار تیومەر مارکەر درووست دەکەن، خانە تەندروستەکانیش بەهەمان شێوە لەوانەیە درووستیان بکەن. تیومەر مارکەرەکان پێشیان دەوترێ بایۆمارکەر.
تیومەرمارکەر و شێرپەنجە، ڕێژەی بەرزی تیومەر مارکەر دەکرێت نیشانەیەکی شێرپەنجە بێت. هاوکات لە گەڵ پشکنینەکانی تردا، پشکنینی تیومەر مارکەر دەکرێت هاوکاری دکتۆرەکە بکات بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەکەو پلانی چارەسەرکردن.
تیومەر مارکەرەکان بە زۆری لەمانەی خوارەوەدا بەکاردەهێندرێن:
ڕێبەریکردن بۆ بڕیاردان لە سەر جۆری چارەسەرەکە.
هەندێک لە تیومەر مارکەرەکان یارمەتی پزیشکەکان دەدەن بڕیار بدەن ئاخۆ چارەسەری کیمیای یان چارەسەری بەرگری لە دوای نەشتەرگەری و یان چارەسەری تیشکی بەکاربهێنن. هەندێکی تر لە تیومەر مارکەرەکان یارمەتی پزیشکەکان دەدەن بۆ هەڵبژاردنی ئەو دەرمان یا خود دەرمانانەی پێکەوه کە باشترین کاریگەریان دەبێت.
چاودێریكردنی چارەسەر:
پزیشکەکان لەوانەیە ئەو گۆرانکاریانەی لە تیومەر مارکەرەکاندا ڕوودەدات بە کاریبهێنن بۆ ئەوەی لە کاریگەری چارەسەرەکە بە ئاگا بن.
پێشبینیکردنی چانسی چاکبوونەوە:
تیومەر مارکەرەکان دەتوانن یارمەتی پزیشکەکان بکەن بۆ ئەوەی پێشبینی سروشتی شێرپەنجەکە و کاریگەری چارەسەرەکە بکەن. هەروەها دەتوانن پێشبینی چانسی چاکبوونەوەی کەسەکە بکەن .
پێشبینی یان چاودێری سەرهەڵدانەوە:
تیومەر مارکەرەکان لەوانەیە بەکاربهێنرێن بۆ پێشبینیکردنی ئەوەی کە ئایا دوای وەرگرتنی چارەسەر شێرپەنجەکە دەگەڕێتەوە و یاخود نا ئه مه ش پێی دەگوتری سەرهەڵدانەوە، گەڕان بە دوای گۆڕانکاری لە ڕێژەی تیومەر مارکەرەکەدا لەوانەیە بەشێک بێت لە پلانی چاودێری کردنی دوای چارەسەرکردنی نەخۆشەکە. هەروەها لەوانەیە یاریدەدەر بێت بۆ دەرخستنی دووبارە سەرهەڵدانەوەی شێرپەنجە خێراتر لە پشکنینەکانی تر.
هەروەها تیومەر مارکەرەکان لەوانەیە: بەکار بهێنرێن بۆ دۆزینەوەی پێشوەختی شێرپەنجە لەو کەسانەی کە لە ژێر مەترسی زیاتردان بەرامبەر نەخۆشیەکە. هەندێکی تریشیان لەوانەیە بەکاربهێنرێن بۆ فێربوونی زیاتر لەسەر شێرپەنجەکە کاتێک دەستنیشان دەکرێت.
كەم و كوڕییەکانی تیومەر مارکەر بریتین لە :
تیومەر مارکەرەکان بەڵگەی تەواو نین، زۆر جار پشکنینی تر پێویستە بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر لە سەر شێرپەنجەو ئەگەری سەرهەڵدانەوەی .
هەندێک حاڵەت یان نەخۆشی تر جگە لە شێرپەنجە کە دەکرێت ڕێژەی تیومەر مارکەرەکان بەرزبکەنەوە.
هەندێک لە تیومەر مارکەرەکان دەکرێ ڕێژەکەیان بەرز بێت لە هەندێ کەسدا لەگەل ئەوەی شێرپەنجەشیان نیە.
ڕێژەی تیومەر مارکەرەکان دەکرێ لە گەڵ کاتدا بگۆرێت کە ئەمەش وا ئەکات ئەنجامێکی تەواو نەدات بەدەستەوە.
تیومەرمارکەر دەکرێت تاکو خراپبوونی شێرپەنجەکە ڕێژەکەی زیاد نەکات، ئەمەش یارمەتیدەر نییه بۆ زوو دەستنیشان کردن و دۆزینەوەی پێشوەخت و چاودێری کردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی .
هەندێک شێرپەنجە تیومەر مارکەرەکان دروست ناکەن، ئەمەش ئەو شێرپەنجانە دەگرێتەوە کە هیچ تیومەرمارکەرێکی ناسراویان نیە. هەروەها هەندێک لە نەخۆشەکان ڕێژەیەکی بەرزی تیومەرمارکەریان نیە سەرباری جۆری شێرپەنجەکە کە تیومەر مارکەر درووست دەکات./.