بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەحمود عەباس زادە وتەبێژی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران بە ئاماژە بە کۆبوونەوەی ئەندامانی ئەم لێژنە و عەلی باقری سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ناوەکیی ئێران لە ڤیەننا، وتی کە لەو کۆبوونەوەدا عەلی باقری ڕاپۆرتێکی لە سەر ڕەوتی دانوستانەکان خستەڕوو و وەڵامی پرسیاری ئەندامانی پەرلەمانیشی دایەوە.
ناوبراو وتی: لەو کۆبوونەوەدا سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران ڕەوتی دانوستانەکانی بە ئەرێنی ناو برد و جەختی لە سەر نیازپاکی و جیدیبوونی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش کردەوە.
عەباس زادە وتی: عەلی باقری بە ئەندامانی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێرانی ڕاگەیاند کە تا ئێستا هیچ دانوستانێکی ڕاستەوخۆ لە گەڵ ئەمریکا لە ڤیەننا نەکراوە.
وتیشی کە سەرەڕای بەرەوپێشچوونی دانوستانەکانی ڤیەننا، بەڵام چەندین پرسی گرنگ ماوەتەوە کە دەبێت دانوستان و ڕێکەوتنیان لە سەر بکرێت./.









