حاکم قادر حەمەجان لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: یەکڕیزی گەلەکەمان و سەرجەم هێزە کوردییەکان بە هەموو بیر و بڕوایەکی جیاوازەوە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەییە و دەبێت هەمیشە هەوڵی ئەوە بدرێت کە کێشە و ناکۆکییەکان بەلاوە بنرێت.
ناوبراو وتی: بەرژەوەندی هاوبەشی خەڵکی کورد لە سەروری بەرژەوەندیی سەرجەم حیزب و گرووپ و تاکێکەوەیە.
ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی، وتی: کورد تا یەکڕیزیی نەبێت ناتوانێت تەواوی مافە دەستووری و یاسایی و نەتەوەییەکانی لە عێراقدا بە دەست بێنێت.
حاکم قادر حەمەجان ڕایگەیاند کە تێکدانی یەکڕیزی دەبێتە هۆکاری زیانێکی گەورە لە ڕووی سیاسی و لە هەر قۆناغێکی وەک پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بە تایبەت لە ناوچە کێشە لەسەرەکان پێویستمان بەو یەکڕیزی و یەکگرتووییە دەبێت، بە پێچەوانەی ئەمەش ئامانج و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان بە ئاسانی بەدی ناکرێت.
وتیشی کە تا ئێستا ئەم یەکڕیزییە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بە پێچەوانەوە لە ئێستادا نێوماڵی کورد پەرتەوازەیی زیاتری پێوە دەبینرێت و بەرپرسیاریەتی ئەمەش دەکەوێتە ئەستۆی لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت پارتی و یەکێتی.
حاکم قادر جەختی لەوەش کردەوە کە نەبوونی یەکڕیزی لەم قۆناغەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق زیانی گەورە بە کورد دەگەێنێت و بۆیە هەمیشە لە گەڵ ئەوەداین کە گەلەکەمان یەکڕیز بێت و هەوڵ بدەین لە ڕێگای وتووێژەوە یەکڕیزی ناوخۆیی لە کوردستان دابین بکەین لە پێناو هاتنەدی داواکارییە یاساییەکانی خەڵکی کورد.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد









