بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران شەوی چوارشەممە لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنیدا وتی: سەرەڕای ئەو هەلومەرجە دژوارەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە وڵاتی ڕووسیا کە لە ڕۆژی چوارشەممەدا بەداخەوە بووە هۆی گیان لە دەستدانی نزیکەی 700 کەس، بە ڕەچاوکردنی پرۆتۆکۆلەکان، سەرۆک کۆمارانی ئێران و ڕووسیا زیاتر لە سێ کاتژمێر پێکەوە کۆبوونەوە.
ناوبراو وتی: لەو کۆبوونەوەدا کە لە کەشێکی جیدی و ئیجابی و کردەوەییدا بوو، سەرۆک کۆمارانی هەر دوو وڵات سەرجەم پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵاتیان لە بوارەکانی سیاسی و ستراتیژی، ئابوری، بازرگانی، ڕۆشنبیری، زانست و تەکنۆلۆژیا، بازرگانیی کەرتی تایبەت و …. تاوتوێ کرد.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: هەروەها سەبارەت بە پرس و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەش وتووێژێکی زۆر باش لە نێوان هەر دوو سەرۆک کۆمار هەبوو، بە تایبەت دۆسیەی یەمەن و هەر دوو لا جەختیان لە سەر دوورکەوتنەوە لە شەڕ و چارەسەری سیاسیی ئەم قەیرانە کردەوە و ڕۆڵ و دەفرایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕووسیا بۆ مسۆگەرکردنی ئاشتی لە وڵاتانی ناوچەکە لە بەرچاو گیرا.
وتیشی: لەم بەشەدا پوتین جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ئەندامبوونی لە ڕێکخراوی شانگهای ڕۆڵێکی چالاکانەی هەبووە و ئێستا کە سێ مانگ بە سەر ئەوەدا تێپەڕ دەبێت، دەفرایەتییەکی گەورە لە سەر ڕێکخراوی هاریکاریی شانگهای زیاد کراوە و لەم ڕووەشەوە سەرۆک کۆماری ڕووسیا ڕەزامەندی خۆیی ڕاگەیاند و ڕۆڵی ئێرانی بەرز نرخاند.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەدا وتی: هەروەها لە پرسەکانی تایبەت بە ناوچەکەش، ڕوبەڕوبونەوەی تاک جەمسەری و گرنگیدان بە چەند جەمسەری جەختی لە سەر کرایەوە و سەبارەت بە دانوستانەکانی ڤیەنناش بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان وتووێژ کرا.
ناوبراو وتی کە سەرۆک کۆماری ڕووسیا ستایشی هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەم بوارەدا کردووە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: ئێمە لە وەزارەتی دەرەوە ئەرکی ئەوەمان لە سەرە کە بە هەموو هێز و توانایەکەوە بەرگری لە سەربەخۆیی سیاسی وڵات بکەین، سیاسەتی نە ڕۆژهەڵات و نە ڕۆژئاوا لە بواری سەربەخۆیی سیاسییە و سیاسەتی هەبوونی پەیوەندی و گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕۆژهەڵات و رۆژئاوا لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بە جیدییەوە بەرەو پێش دەبەین./.