بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کە سەردانی ڕووسیای کردووە، ئەمڕۆ چوارشەممە 19 ی کانوونی دووەمی 2022، لە گەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆبووە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لەو کۆبوونەوەدا وتی کە ئێمە هیچ سنورێک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لە گەڵ ڕووسیا دانانێین و خوازیاری پەیوەندییەکی ستراتیژین لە گەڵ مۆسکۆ.
ناوبراو وتی: هاوکارییە ستراتیژییەکان دەتوانێت ئاسۆی پەیوەندییەکانمان لە 20 ساڵی داهاتوو دیاری بکات، ئێمە هەوڵی زیاترکردنی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ ڕووسیا دەدەتن و لەم بوارەدا درێژە بە هەوڵەکانمان دەدەین.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: هەوڵی لادانی گەمارۆکانی سەر وڵاتی خۆمان دەدەین و هیوادارین کە هەوڵەکان بگاتە هەڵگرتنی گەمارۆ زاڵمانەکان، هەڕەشەش ناتوانێت ڕێگری لە پێشکەوتنی ئێران بکات.
ڕەئیسی وتی کە ئەزموونێکی زۆر باشمان لە هاوکاری هاوبەشی ڕووسیا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریستان لە سوریا هەیە کە دەتوانێت بنەمایەک بۆ پەیوەندییە هاوبەشەکان بێت.
ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیاش لەو کۆبوونەوەدا وتی: ڕێز و سڵاو و هیوای تەندرووستیم بۆ ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی هەیە.
ناوبراو وتی: لە کاتی دەستبەکاربوونی بەڕێزتان بەردەوام لە پەیوەندیدابووین بەڵام تەلەفوون و کۆبوونەوەی ئۆنلاین ناتوانێت شوێنی کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ بگرێتەوە، لە دیتنی ئێوە خۆشحاڵم و دەتوانم بڵێم کە کارێکی زۆرمان لە پێشە.
سەرۆک کۆماری ڕووسیا وتی کە پاڵپشتییەکانی مۆسکۆ و تاران هەڕەشە تیرۆریستییەکانی سەر سوریای تێپەڕاند، دۆخی ئەفغانستان جێی گرنگیی هەر دوو وڵاتە و من پێم خۆشە کە ئەم بابەتانە تاوتوێ بکەین و بۆچوونی بەڕێزتان وەربگرم./.