بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن فەزلوڵڵا ئەندامی فراکسیۆنی وەفاداری بە خۆڕاگری لە پەرلەمانی لوبنان، وتی: ئەمریکا لە قۆناغی شکست و پاشەکشەیە لە ناوچەکە و ئەوانەش کە لە لوبنان حسێب لە سەر ئەمریکا و هاوکارییەکانی ئەو وڵاتە دەکەن هیچ دەسکەوتێکیان بە کردەوە نابێت.
ناوبراو وتی: ئەو لایەنانە حسێبیان لە سەر وڵاتێکی شکستخواردوو لە ناوچەکە کردووە کە بەردەوام پشتی لە هاوپەیمانەکانی کردووە و هەر بۆیە هیچ ئەنجامێکیان نابێت.
حەسەن فەزلوڵڵا وتی: نە سزا و نە گەمارۆکان و نە هەڵبژاردنەکان، ئامانجەکانی حکومەتی ئەمریکا لە لوبنان مسۆگەر ناکەن، ئەمریکا بەردەوام دەستێوەردانی لە کاروباری ناوخۆیی لوبناندا کردووە و لە ئێستاشدا هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییەک تەنانەت لە نێو لایەنە نەیار و دژبەرەکاندا دەدات بە ئامانجی کۆکردنەوەیان لە بەرامبەر خۆڕاگری و یەکگرتنیان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی لوبنان.
ئەندامی فراکسیۆنی وەفاداری لە پەرلەمانی لوبنان، وتی: ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ناتوانن ویستی خۆیان بۆ گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکان لە لوبنان بشارنەوە، لە ئێستادا دۆسیەی هەڵبژاردنەکانی لوبنان لە لایەن ئەمریکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکەوە بەڕێوە دەبرێت و هەندێک گرووپ و لایەن لە ناوخۆی لوبنان هەیە کە گۆڕانکارییان لە هەڵوێست و بەرنامەکانی خۆیاندا کردووە تا لەو شەڕەی هەڵبژاردنەکان بۆ مسۆگەرکردنی ئەو ئامانجانەی کە حکومەتی ئەمریکا دیاریی کردووە، بەشداری بکەن./.









