پەیامنێری جام کوردی ئەم بابەتەی لە گەڵ ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ کردووە. بەهمەن کاکە عەبدوڵڵا ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیمۆکراتی کوردستانە و سەبارەت بە داهاتووی پۆستی سەرۆک کۆمار لەم خولەدا وتی: بە پێی ئەو ڕێکەوتنەی کە لە عێراقدا تایبەت بە پۆستە باڵاکان کراوە، پۆستی سەرۆک کۆمار بەر نەتەوەی کورد کەوتووە بەڵام لە ناو کورددا بە دیاریکراوی بۆ هیچ لایەنێکی سیاسی یەکلایی نەکراوەتەوە، وەک چۆن کە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە و سەرۆک وەزیرانیش بۆ شێعەکانە.
دەقی ئەم وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
لە پاش هەڵبژاردنەکان یەکێک لە پرسە گرنگەکان دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی عێراقە. لەم خولەدا پارتی و یەکێتی هەر دوو بە مافی خۆیانی دەزانن پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق وەربگرن. وەک پارتی تا چەندە ئەمجارە لە سەر بە دەستهێنانی پۆستەکە پێداگری دەکەن، لە بەرامبەر یەکێتی کە ئەوانیش بە هەمان شێوە پێداگریی لە سەر دەکەنەوە؟
پۆستە باڵاکان لە عێراقدا تا ئێستاش بە پێی ڕێکەوتنی نێوان نەتەوەکان دابەش کراوە و پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد دیاری کراوە، واتە ئەو پۆستە مافی تەواوی نەتەوەی کوردە لە عێراق نەک هێزێکی سیاسی دیاریکراو. ڕاستە پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە سەردەمی بەڕێز مام جەلال دا ڕێکەوتنی ستراتیژیی کردبوو و یەکێتی و پارتی وەک هاوپەیمان بە یەک لیستەوە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا دەکرد بەڵام ئەوە ماوەی دوو خولی پەرلەمانە کە ئەو ڕێکەوتنە لە لایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە کۆتایی پێهێنراوە. لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراقیش یەکێتی بە تاکڕۆیی لە گەڵ شێعەدا هاوپەیمانیی کرد و پۆستی سەرۆک کۆماری بۆ خۆی مسۆگەر کرد و بە هیچ شێوەیەک لە گەڵ پارتی ڕێکەوتنی نەکردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پارتی وەک حیزبی یەکەمی کوردستان بووە و پۆستە باڵاکانی عێراق بە مافی خۆی دەزانێت، سەرەڕای ئەمەش پرسەکەی لە گەڵ یەکێتی بۆ وتووێژ و دانوستان هێشتووەتە و پارتی بڕوای بەوەیە کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە یەکگرتوویی بچنە بەغدا بە تایبەت لە گەڵ یەکێتی و دواتر پۆستەکان وتووێژیان لە سەر دەکرێت و کێ باش بوو وەک کاندیدی سەرۆک کۆمار دیاری دەکرێت بە مەرجێک ئەوەی خولی ڕابردوو دووبارە نەبێتەوە.
ئایا پارتی و یەکێتی لە سەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لەم خولەدا وتووێژیان کردووە؟
ئەوەندەی من زانیاریم هەبێت لە کۆبوونەوە و سەردانەکانی نێوان بەرپرسانی پارتی و یەکێتی تا ئێستا هیچ وتووێژێک لە سەر پۆستەکانی بەغدا نەکراوە، تەنیا باسی ئەوە کراوە کە کورد بە یەکگرتوویی بچێتە بەغدا، بۆ ئەوەی کە داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی حکومەتی نوێی عێراق شوێن بکرێتەوە. بە لای پارتییەوە پۆستەکانی بەغدا گرنگ نین و ئەوەی کە گرنگە مسۆگەربوونی مافەکانی کوردە، بە تایبەت جێبەجێکردنی دەستوور، لە بەر ئەوەی کە چەند ساڵێکە لە بەغدا بەردەوام مافی گەلی کورد پێشێل دەکرێت و بە دیاریکراوی لە ساڵی 2014 وە تا ئێستا پشکە بودجەی هەرێمی کوردستان بڕدراوە، پارتی دەیەوێت لە عێراقدا کورد بەشداری هاوبەش و ڕێکەوتن و هاوسەنگی بێت، بە پێچەوانەی ئەمە پۆستی سەرۆک کۆمار هیچ سوودێکی نابێت.
هەندێک لە بەرپرسانی یەکێتی ڕایانگەیاندووە کە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق مافی حیزبەکەی ئەوانە و تەنانەت بەرهەم ساڵح دووبارە وەک کاندید دەستنیشان دەکرێتەوە. ئایا پارتی دیمۆکراتی کوردستانیش کاندیدێکی دیاری کردووە، وەک چۆن کە لە خولی ڕابردوو کاندیدی تایبەت بە خۆیی هەبوو؟
لە خولی پێشوو پارتی لە گەڵ یەکێتی ڕێکەوتنی ئەوەی هەبوو کە کورد یەک کاندیدی هەبێت و ئەویش فۆئاد حوسێن لە پارتی دیمۆکراتی کوردستان بێت بەڵام ڕێکەوتنەکە لە لایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە شکا، ئەوان بە ژێربەژێر لە گەڵ شێعەکان ڕێکەوتنیان کرد. لە ناو پارتیدا کاندیدی بەتوانا و لێهاتوو بۆ ئەو پۆستە زۆرە بەڵام تا ئێستا کەسێک دیاری نەکراوە و دەبێت هەمووان بزانن کە ئەو پۆستە بۆ کوردە و هەر لایەنێک ئازادە کاندیدی هەبێت.
ڕۆڵی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە دیاریکردنی کاندیدی پۆستە باڵاکانی عێراق چۆن دەبینن؟
بە دڵنیاییەوە کە ئەو وڵاتانە کاریگەرییان لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و بە تایبەت لە سەر شێعەکان دەبێت، بەڵام ڕۆڵی ئەوان بۆ پێکهێنانی حکومەتە نەک دیاریکردنی کەسایەتییەکان بۆ پۆستەکان و بە بۆچوونی ئێمە پۆستەکان گرنگ نین ئەوەندەی ئەو بەرنامە گرنگە کە لایەنەکان لە سەری ڕێکدەکەون. هەر بۆیە ئەگەر هاوبەشی و هاوسەنگی و ڕێکەوتن لە نێوان لایەنەکان نەبێت حکومەتی نوێ لەوەی پێشوو باشتر نابێت، گرنگ ئەوەیە کە لایەنەکان بەو ڕاستییە بگەن کە جێبەجێکردنی دەستوور تاکە ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراقە.
لە ماوەی ڕابردوو فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی سەردانی مەلا بەختیاری کرد، ئەو سەردانە دەنگۆی پاڵپشتیکردنی پارتیی لە ناوبراو بۆ بوون بە سەرۆک کۆمار بە دوای خۆیدا هێنا، ئەو دەنگۆیە تا چەندە گوزارشت لە ڕاستییەکان دەکات؟
پارتی دیمۆکراتی کوردستان تا ئێستا نە کەسێکی وەک کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دیاری کردووە و نە لە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش پاڵپشتی بۆ هیچ کاندیدێک دەربڕیوە، ئەو سەردانانەش کە کراوە پەیوەندیی بە دۆستایەتی بەرپرسانی هەر دوو لاوە هەبووە.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد









