بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ماریا زاخارووا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆی وتی: ڕووداوی ئەم دواییەی نێوان هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و هێزی دەریایی ئەمریکا لە دەریای عۆمان پێویستی بە تاوتوێکردن و لێکدانەوەی ورد هەیە.
ناوبراو وتی: ئەوەی کە ئاڵۆزییەکانی ناوچەی کەنداوی فارس و دەریای عۆمان ڕووی لە زیادبوون کردووە بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا دەگەڕێتەوە و هەڵسووکەوتی ئەم وڵاتە بە تایبەت سەبارەت بە ئێران بووەتە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی.
ئەو دیپلۆماتکارەی ڕووسیا وتی کە ئێمە داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەین بیر لە دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکان بکەنەوە نەک ببنە هۆکاری زیاتربوونی کێشە و قەیرانەکانی ناوچەکە.
زاخارووا وتی: ڕووسیا پرۆژەی ئاسایشی ناوچەکەی لە ڕێگای بەشداری سەرجەم وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارسەوە خستووەتەڕوو و ئێران وەک وڵاتێکی کاریگەری ناوچەکەش پاڵپشتیی لەم پرۆژەی ئێمە کردووە./.