بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بورهان شێخ ڕەئوف سەبارەت بە چارەنووسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق وتی کە بێگومان حکومەتی داهاتووی عێراق بڕیار لە سەر ئەو پرسە دەدات، هەرچەندە کە لە ئێستادا ڕێکەوتنێک لە نێوان حکومەتەکەی مستەفا کازمی و واشنتن بۆ کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا تا کۆتایی ئەمساڵ هەیە.
ناوبراو لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: هەر بە پێی ئەو ڕێکەوتنە بڕیارە بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی ڕاوێژکاری و بۆ مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی عێراق لەم وڵاتەدا بمێننەوە و پێم وا نییە کە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بە سەر ئەو بڕیار و ڕێکەوتنەدا بکرێت.
ئەو چاودێرە سیاسییە وتی: ئەمە سیاسەتی نوێی ئیدارەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی بایدنە، وەک بینرا کە هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان کشانەوە و لە عێراق بڕیارە کە پاشەکشە بە هێزەکانی بکات، تێڕوانینی نوێی ئەمریکییەکان ئەوەیە کە هاوکاری وڵاتانی دۆست تەنیا لە ڕێگای ڕاوێژ، مەشق و ڕاهێنان و گرێبەستە سەربازییەکانەوە بێت و هێزی شەڕکەری خۆیان لە هیچ ناوچەیەک ناهێڵنەوە.
بورهان شێخ ڕەئوف وتی: بارودۆخی داهاتووی عێراقیش کاریگەری لە سەر ئەو بڕیارە دادەنێت، ئەگەر عێراق بەرەو سەقامگیری نەڕوات، ئەگەر مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش هەبێت و پێویست بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان هەبێت دەتوانن جارێکی دیکە بمێننەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر دۆخەکەش ئارام بێت پێویست بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هیچ وڵاتێکی دیکە نابێت.
ناوبراو وتی کە حکومەتی نوێی عێراق ئەرکێکی گەورەی دەکەوێتە سەر شان کە لە پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا سەرجەم پێکهاتەکانی تێدا هەبێت و ڕێگە لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی بگرێت و ئەمەش بۆ مانەوەی عێراق وەک وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری زۆر گرنگە، بەرژەوەندی عێراقیش لەوەدایە کە پەیوەندییەکی زۆر باشی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێدا هەبێت بە بێ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتر.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد









