بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن هانیزادە سەبارەت بە بەستێن و هۆکاری هەڕەشەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی ئێران، وتی: لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو ڕژێمی زایۆنیستی لە بواری سیاسی، سەربازی و ئەمنی ڕوبەڕوی شکستێکی زۆر بووەتەوە و بە کردەوە لە گۆڕەپانی شەڕیش شکستێکی قورسی لە گرووپەکانی خۆڕاگری فەڵەستین بەرکەوت، هەروەها لاوازبوونی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەو ڕژێمە بە ناوی گومەزەی ئاسنین لە بەرامبەر بارانی مووشەکەکانی خۆڕاگری فەڵەستین وایکردووە کە ئەم شکست و شڵەژانە زیاتر بە ڕواڵەتی بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە ببینرێت.
ناوبراو وتی: کەلێن و ناکۆکییەکی زۆر کەوتووەتە نێوان جولەکەکانی سەفاردین و ئەشکەنازی و ئەمەش لە ماوەی 70 ساڵی ڕابردوو یەکەم جارە کە لەم ئاستەدا ڕوو دەدات، ئەوان بە هۆی سیاسەتەکان و لاوازبوونی کابینەی ڕژێمی زایۆنیستی کەوتوونەتە ڕوبەڕوبونەوەی یەکتر کە قەیرانێکی سیاسی کەم وێنەشی بە دواوە بووە و لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا چوار هەڵبژاردن لە لایەن ئەو ڕژێمەوە بەڕێوە چووە، لە بەر ئەوەی کە هیچ یەک لەوان زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی ئەو ڕژێمەیان بە دەست نەهێناوە.
هانیزادە وتی: پاش دوورخستنەوەی بنیامین نتانیاهۆ لە دەسەڵات و دەستنیشانکردنی نەفتالی بنت وەک سەرۆک وەزیرانی نوێ، ژمارەیەک لە ژنڕاڵەکانی ڕژێمی زایۆنیستی باس لە ڕێکخستنەوەی دووبارەی سوپا دەکەن و هەندێک جموجوڵیان دەستپێکردووە.
ئەم شارەزای کاروباری ناوچەیە بە ئاماژە بە هەندێک هەنگاوی گوماناوی لە دەریای عومان و بەندەرەکانی ئیمارات، وتی: ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی لە دژی ئێران دەدات تا شکستەکانی لە بەرامبەر ئەم وڵاتە قەرەبوو بکاتەوە.
ناوبراو وتی: ڕژێمی زایۆنیستی توانای شەڕی دژ بە ئێرانی نییە بەڵام ئەگەر شەڕێک ڕوو بدات 5 بەرە لە دژی ئەو ڕژێمە لە ناوچەکە دەکرێتەوە بەڵام ئەمریکا و بەریتانیا هەوڵ دەدەن کە لە ڕێگای ئەنجومەنی ئاسایش و دەرکردنی بەیاننامە و پڕوپاگەندەوە، ئێران لەم قۆناغەی نوێی سیاسەت و بەڕێوەبردنی لاواز بکەن./.









