بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سوودەکانی خۆشۆردن بە ئاوی سارد بۆ جەستە زۆرە، لە سووتاندنی چەوری تا باشترکردنی خەمۆکی، پاراستنی تەندرووستی پێست و بەشەکانی دیکەی جەستە، هەر بۆیە گۆڕینی خۆشۆردن بە ئاوی سارد لە جێی ئاوی گەرم، دەتوانێت سوودی سەرسوڕهێنەری بۆ جەستە هەبێت.
لێرەدا ئاماژە بە چەند سوودێکی خۆشۆردن بە ئاوی سارد دەدرێت:
1 – بەرزبوونەوەی ئاستی ووشیاری
خۆشۆردن بە ئاوی سارد و هەستکردن بە سەرما ڕەنگە زیاتر لەوەی کە هەستێکی ئارامبوونەوە ببەخشێت، زیاتر ترس لە سەر کەسەکە دابنێت، بەڵام هەناسەدانی قووڵ لە وەڵامی ئەو شۆکەدا دەبێتە هۆی زیاتربوونی ئۆکسجینی جەستە، هەر بۆیە لێدانی دڵیش زیاتر دەبێت و خوێنێکی زیاتر دەگاتە بەشەکانی جەستە، ئەمەش وزەی پێویست بۆ جەستە بە درێژایی ڕۆژ دابین دەکات.
2 – بۆ پێست و قژ بە سوودە
کاتێک باس لە پێست و قژ دەکرێت، یەکێک لە شێوازەکانی پاراستنی ڕواڵەتیان، خۆشۆردنە بە ئاوی سارد. ئاوی گەرم پێست وشک دەکاتەوە، هەر بۆیە باشترە ئەگەر هەمیشەییش نەبێت، کەڵک لە ئاوی سارد بۆ خۆشۆردن وەربگرن.
پسپۆڕێکی بواری پێست ڕایگەیاندووە کە خۆشۆردن بە ئاوی سارد یارمەتیدەری پاراستنی تەندرووستی پێست دەبێت و ڕێگری لە لەدەستچوونی چەوری پێست دەکات.
هەروەها خۆشۆردن بە ئاوی سارد دەتوانێت قژ درەوشاوەتر و بەهێزتر بکات.
3 – سیستەمی بەرگری جەستە و سووڕی خوێن باشتر دەکات
یەکێک لە باشترین سوودەکانی خۆشۆردن بە ئاوی سارد ئەوەیە کە سووڕی خوێن باشتر دەکات، ئەمەش وا دەکات کە بەرگری جەستە لە بەرامبەر نەخۆشییەکانی پێست و دڵ زیاتر بێت. کاتێک ئاوی سارد بە پێستی جەستە دەگات، سووڕی خوێن باشتر دەکات کە دەبێتە هۆی گەیاندنی باشتری خوێن و لە ئەنجامەی ئەمەش تەندرووستی دڵ زیاتر دەبێت، هەروەها خۆشۆردن بە ئاوی سارد دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی فشاری خوێن و بە گشتی سیستەمی بەرگری جەستە باشتر بکات.
4 – یارمەتیدەری دابەزاندنی کێشە
ئاوی سارد دەتوانێت بە شێوازێکی چاوەڕواننەکراو یارمەتیدەری دابەزاندنی کێشی جەستە بێت. بەشێک لە چەورییەکانی جەستە کاتێک چالاک دەبێت کە ڕوبەڕوی سەرما ببێتەوە، هەر بۆیە یەکێکی دیکە لە سوودەکانی خۆشۆردن بە ئاوی سارد ئەوەیە کە بەشێک لە چەورییەکانی جەستە چالاکتر دەکات. ئەنجامی توێژینەوەیەک لە ساڵی 2009 ئاشکرای کردووە کە سەرما دەتوانێت ئەو بەشە لە چەورییەکانی جەستە تا 15 هێندە زیاتر چالاکتر بکات، بەو مانایە کە ئەگەر کەسێک ڕۆژانە بە ئاوی سارد خۆی بشۆرێت، لە ساڵیکدا دەتوانێت تا 4 کیلۆ کێشی خۆی دابەزێنێت.
5 – ئازاری جومگەکان کەم دەکاتەوە و یارمەتیدەرە بۆ زوو چاکبوونەوەیان
ئەوەمان بینیوە کە قارەمانانی وەرزشی پاش ڕاهێنانی خۆیان بۆ کەمکردنەوەی ئێش و ئازاری جومگەکان، بە سەهۆڵ خۆیان دەشۆن، بەڵام خۆشۆردن بە ئاوی سارد لە پاش وەرزشەکانی دەرەوە یان کاتێکی زۆر ڕۆیشتن بە پێ، دەتوانێت کاریگەر بێت.
ئەنجامی توێژینەوەیەک ئەوەی دەرخستووە کە ئەو کەسانەی لە پاش ڕاهێنانی وەرزشی بەردەوام، زۆر ڕۆیشتن بە پێ، پاسکیل سواری و …. بە ئاوی سارد خۆیان شۆردووە، تەندرووستی باشتریان هەبووە.
6 – سترێس کەمدەکاتەوە
چوونە ناو ئاوی سارد یان خۆشۆردن بە ئاوی سارد، ئاستی بەرگری جەستە لە بەرامبەر شۆک، سترێس و تەنانەت نەخۆشییەکان زیاتر دەکات. ئەنجامی توێژینەوەیەک ئاشکرای کردووە کە ئەگەر جەستە بە ئاوی سارد بشۆرێت، ئەسید ئوریک بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە، هەروەها ڕێژەی گلۆتاتیۆن زیاتر دەبێت کە ئەنتی ئۆکسیدانە و وا دەکات کە ئەنتی ئۆکیسدەکان بەردەوام چالاک بن و لە باشترین حاڵەتی خۆیان کار بکەن.
7 – خەمۆکی باشتر دەکات
ئەنجامی توێژینەوەیەک پیشانیداوە کە خۆشۆردن بە ئاوی سارد نیشانەکانی خەمۆکی باشتر دەکات. ئاودەرمانی بە ئاوی سارد کاریگەری دژە ئازاری هەیە و هیچ کاریگەرییەکی نەرێنیی نییە./.









