شێخ بەشیر عادل تاها بەڕێوەبەری دامەزراوەی شوێنکەوتووانی ویلایەت لە هەرێمی کوردستان، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە ڕۆژی جیهانی قودس وتی: بڕیارەکەی ئیمام خومەینی (رە) بۆ دیاریکردنی کۆتا هەینی مانگی ڕەمەزان وەک ڕۆژی جیهانی قودس بڕیارێکی مێژووییە کە کاریگەری تایبەت بە خۆیی هەیە و هەموو ساڵێک موسڵمانان ئەم یادە مەزنە بەرز ڕادەگرن. لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بە تایبەت لە شەوانی قەدر موسڵمانان زیاترین گرنگی بە خوداناسی و جێبەجێکردنی ئەرکە ئائینییەکانی خۆیان دەدەن و بە دڵنیاییەوە کە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە موسڵمانانەوە بۆ ئەوان زۆر گرنگە، هەر بۆیە دیاریکردنی ڕۆژی جیهانی قودس لە کۆتا هەینی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان فەلسەفەی تایبەت بە خۆیی هەیە و زیاترین گرنگیشی لای موسڵمانانەوە پێدەدرێت.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ئەگەر فەتواکە و بڕیارەکەی ئیمام خومەینی (رە) نەدەبوو، دۆسیەی فەڵەستین کۆتایی دەهات و لەبیر دەکرا، واتە ئامانجی دوژمنانی ئیسلام و فەڵەستین بۆ کۆتایی هێنان بەم دۆسیەیە مسۆگەر دەبوو، بەڵام لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی گەلی ئێران، دۆسیەی فەڵەستین جوڵەیەکی بەرچاوی دەستپێکرد و ئێران بە گەل و حکومەت و ڕێبەریەوە پاڵپشتیی لە لایەنەکانی فەڵەستین و خەڵکی ئەم وڵاتە کرد.
شێخ بەشیر عادل تاها وتی: شکستی سەربازی وڵاتانی عەرەبی لە بەرامبەر ئیسرائیل وایکرد کە ئەوان لە دۆسیەی فەڵەستین بێهیوا بن و تا ئێستاش هیچ هەنگاوێکی کردارییان لە بەرژەوەندی خەڵکی فەڵەستیندا نەبووە و پاشەکشە و لاوازیی ئەوان بووەتە هۆی تاوانی زیاتری ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی خەڵکی فەڵەستین، زۆربەی وڵاتانی عەرەبی دۆسیەی فەڵەستینیان لەبیر کردووە و پەیوەندی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنسیتی هەبووە.
وتیشی کە موسڵمانان لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران گەیشتوونەتە وشیاری و بێداری ئیسلامی و لە سەرتاسەری جیهان یادی قودس بەرز ڕادەگرن و گرنگی و کاریگەری ئەم ڕۆژەش هێندە زۆرە کە دوژمنی زایۆنیستی و ئەوانەش پاڵپشتیی لێدەکەن، بە هەر شێوازێک هەوڵی ڕێگری لە مسۆگەربوونی ئامانجەکانی دەدەن./.