دارا محەممەد ئەمین وەزیری پێشووی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە ڕۆژی جیهانی قودس وتی: بڕیارەکەی ئیمام خومەینی (رە) بۆ دیاریکردنی کۆتا هەینی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان وەک ڕۆژی جیهانی قودس، گرنگ بووە و کاریگەرییەکەی تا ئێستا ماوە. ڕۆژی جیهانی قودس بەرزڕاگرتنی یادی قودسە و بە تایبەت لە ئێران پێگە و بایەخێکی زۆری هەیە.
ناوبراو وتی: هەموو یادکردنەوەیەکی قودس لە لایەن موسڵمانانەوە بە هەر شێوازێک، دیاریکردنی ڕۆژێک، کۆڕ و سمینار یان هەوڵی هاوبەش بۆ زیندووکردنەوەی ئەو بابەتە و ڕوبەڕوبونەوەی ئەو ستەمانەی لە قودس و فەڵەستین دەکرێت بە گرنگ دەزانم.
دارا محەممەد ئەمین لە درێژەدا وتی: دۆسیەی فەڵەستین یەک لەو دۆسیانەیە کە بە درێژایی مێژوو بە زیندوویی دەمێنێتەوە و ڕۆژی جیهانی قودسیش ڕۆڵ و کاریگەریی لە سەر ئەم دۆسیە هەبووە. ئەم دۆسیەیە دۆسیەی داگیرکردنی ڕووگەی یەکەمی موسڵمانانە، دۆسیەی داگیرکردنی وڵاتێکە، کێشەی نەتەوەیەکە و پێکهێنانی دەوڵەتێکە بۆ جولەکە لە سەر خاکی فەڵەستین و من پێم وایە کە ئەم کێشەیە بە زیندوویی لە ناو دڵی سەرجەم موسڵمانان دەمێنێتەوە، لە ناو دڵی هەموو ئازادیخواز و چەوساوەیەکدا دەمێنێتەوە. ڕۆژی جیهانی قودسیش هەنگاوێکە بۆ زیندووهێشتنەوەی ئەم دۆسیەیە.
ئەم وەزیرەی پێشووی کابینەی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە ناکۆکی نێوان وڵاتانی ئیسلامی، وتی: بەداخەوە کە ئەم کێشەیە لە نێو وڵاتانی ئیسلامی دەبینرێت بە تایبەت لە سەر کێشەی فەڵەستین و ئەمەش بووەتە هۆی بەردەوامی داگیرکاریی ڕژێمی زایۆنیستی لە فەڵەستین و تەنانەت هەوڵی داگیرکردنی وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش دەدات. یەکڕیزی وڵاتانی ئیسلامی دەتوانێت گوشاری پێویست لە سەر ڕژێمی زایۆنیستی دابنێت بەڵام بەداخەوە کە وڵاتانی ئیسلامی هەر یەک بەسراوەی وڵاتێکی زلهێز و خاوەن بیر و بۆچوونێکی جیاوازن.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: ئەرکی موسڵمانان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیلانەکان بە تایبەت پیلانی گرێبەستی سەدە، یەکڕیزی، هەماهەنگی، پێکەوە کارکردن و خەباتکردنی هاوبەشە بۆ ئازادکردنی فەڵەستین و دژایەتی ڕژێمی زایۆنیستی. هەروەها گەلانی موسڵمان دەبێت گوشاری پێویست لە سەر دەسەڵاتی وڵاتەکانیان دابنێن تا دۆسیەی فەڵەستین بە زیندوویی بمێنێتەوە و بەرگری لەم گەلە چەوساوەیە بکەن و تاکە ڕێگای ئازادکردنی فەڵەستین لە ژێر ئەم داگیرکارییە، یەکڕیزی و یەکدەنگی موسڵمانانە لە سەر ئاستی جیهان.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد









