بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قەیس خزعەلی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە ڕێوڕەسمێکدا سەبارەت بە ڕۆژی جیهانی قودس وتی: سەرەڕای هەموو پیلانگێڕییەکی دوژمنان بە تایبەت ئەمریکا، بەرەی خۆڕاگری بەردەوامە لە پێشکەوتن و سەرکەوتنی لە بەرە جیاجیاکان.
ناوبراو وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بە وشیاری ڕێبەری و خۆڕاگری خەڵکەکەی، ئەمریکای گەیاندە ئەو قۆناغەی کە دان بە شکستی خۆیدا بنێت لە سیاسەتی زیاترکردنی گوشارەکانی لە دژی ئەم وڵاتە.
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی حەق وتی: گرووپەکانی خۆڕاگری فەڵەستین هێندە سەرکەوتوو بوون کە ڕژێمی داگیرکاری فەڵەستین هێزی وەڵامدانەوەی نییە و توانای ڕوبەڕوبونەوەی ئەو مووشەکانەی نییە کە لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین دەکرێت.
وتیشی کە سوریا پیلانێکی گەورەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی پووچەڵکردەوە و پێگەی جارانی خۆی بە دەست دێنێتەوە تا لە پاڵپشتی بەرەی خۆڕاگری و بە تایبەت ئامانجەکانی فەڵەستین و ئازادکردنی قودس چالاکتر دەرکەوێت.
قەیس خزعەلی وتی: بڕیاری ناچارکردنی ئەمریکییەکان بۆ پاشەکشە لە عێراق، بڕیارێکی بوێرانە و بەڵێنی ڕۆڵەکانی خۆڕاگرییە و بەڵێنمان بە خوێنی شەهیدان داوە کە هیچ هێز و بنکەیەکی سەربازی بێگانە لە خاکی عێراقدا نەمێنێت و بەمەش ئازادی قودس نزیک دەکەینەوە./.









