بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرپرسێکی حکومەتی عێراق و هەروەها ئەندامێکی پەرلەمانی ئەم وڵاتە ڕایانگەیاندووە کە لە سەردانەکەی داهاتووی مستەفا کازمی بۆ ئەمریکا چەندین دۆسیەی گرنگ و هەستیار تاوتوێ دەکرێت و گەڕی چوارەمی وتووێژی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتنیش بەڕێوە دەچێت.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەیەوێت لە مانگی تەمموزی داهاتوو سەردانی ئەمریکا بکات. ناوبراو پێشتر لە مانگی ئابی ساڵی 2020 سەردانی ئەمریکای کرد و لە گەڵ بەرپرسانی باڵا بە تایبەت دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەو وڵاتە کۆبووە.
بەرپرسێک لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە سەردانەکەی داهاتووی کازمی بۆ ئەمریکا بە ماڵپەڕی العربی الجدید ی ڕاگەیاند: ئەگەر گۆڕانکارییەک ڕوو نەدات، سەردانەکەی کازمی لە سەرەتای مانگی تەمموز دەبێت، بڕیارە گەڕی چوارەمی وتووێژی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتن لەم سەردانەدا بەڕێوە بچێت و ڕەنگە ئەمەش کۆتا قۆناغی وتووێژەکان بێت و سەبارەت بە داڕشتنەوە و چۆنیەتی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات ڕێکەوتنی کۆتایی بکرێت، بە تایبەت لە بواری ئەمنی کە ئەم ڕێکەوتنە لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق لە ساڵی 2008 دەبێت تا پێویستی بە ڕەزامەندی یان ڕەتکردنەوەی لە لایەن پەرلەمانەوە نەبێت.
ئەو بەرپرسە عێراقییە وتی: هێشتا زووە کە سەبارەت بە وردەکاری و ئامانجەکانی سەردانەکە باس بکرێت و لە قۆناغی ئامادەکاریدایە بەڵام بە گشتی چاوەڕوان دەکرێت ئەمریکا لەو سەردانەدا ڕاگەێندراوێک لە سەر پەیوەندییەکانی لە گەڵ عێراق بڵاو بکاتەوە کە سیاسەتی نوێی واشنتن لە خۆ دەگرێت و بێگومان کە بە دوور لە قەیرانی نێوان ئەمریکا و ئێرانیش نابێت.
فازڵ فەتلاوی ئەندامی هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عێراقیش بە ماڵپەڕەکەی ڕاگەیاندووە کە پەرلەمان هەوڵ دەدات لە لێژنە جیاجیاکان چەند نوێنەرێکی لە شاندەکەی کازمیدا هەبێت تا ئاگاداری وردەکاری وتووێژ و دانوستانەکانی سەردانەکە بێت.
وتیشی کە وتووێژەکان لە گەڵ ئەمریکا دەبێت لە سەر بنەمای پاراستنی سەروەری عێراق و لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بێت.
ئەندامەکەی هاوپەیمانی فەتح وتی کە چاودێری وتووێژەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و هەر سەردانێکی مستەفا کازمی بۆ دەرەوە دەکرێت./.