بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تاڵیبان لە ساڵۆگەڕی ڕێکەوتنەکەی دەوحە، ڕایگەیاندووە کە بە پێی ناوەرۆکی ئەو ڕێکەوتنە دەبێت ئەمریکییەکان لە خاکی ئەفغانستان بکشێنەوە.
لە بەیاننامەیەکی تاڵیباندا هاتووە کە بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنە، ئاسایش و سەقامگیری بۆ ئەفغانستان دەگەڕێتەوە و ئەگەر هەوڵی جێگرەوەیەکی بۆ بدرێت، شکست دێنێت و ئامانجەکانی مسۆگەر نابێت.
تاڵیبان داوای لە ئەمریکاش کردووە کە پابەندی ڕێکەوتنەکەی دەوحە بێت.
بە پێی ڕێکەوتنەکەی دەوحە، ئەمریکا بەڵێنی ئەوەیداوە کە تا سەرەتای مانگی گوڵانی ئەمساڵ هێزەکانی لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە و تاڵیبانیش بە هەمان شێوە بەڵێنی داوە پەیوەندیی لە گەڵ گرووپە تیرۆریستییەکان نەمێنێت و بە دابەزاندنی ئاستی توندووتیژییەکان دانوستانەکانی ئاشتی لە گەڵ حکومەتی کابوڵ دەست پێبکات.
بەڵام جۆبایدن ڕایگەیاندووە کە پێداچوونەوە بەو ڕێکەوتنەدا دەکات. ئەگەرێکی زۆر لە ئارادایە کە لە کاتی دیاریکراوادا هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان نەکشێنەوە./.