بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شاری قامیشلۆ ناوەندی پارێزگای حەسەکە لە باکوری سوریا بۆ سێهەم هەفتەی بەردەوام لە لایەن هێزەکانی هەسەدە و بە پاڵپشتی ئەمریکا گەمارۆ دراوە و ئەم گرووپە ڕێگری لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆڤییەکان بۆ ئەم شارە دەکات.
هێزەکانی سوریای دیمۆکرات ناسراو بە هەسەدە ماوەی یەک مانگ دەبێت کە ڕێگری لە گەیاندنی مادە خۆراکییەکان، تەنکەرەکانی گەیاندنی ئاو و چوونی خوێندکاران و فەرمانبەران بۆ شاری قامیشلۆ دەکەن.
هێزەکانی هەسەدە کە لە لایەن ئەمریکییەکانەوە پاڵپشتی دەکرێن، هەروەها ڕێگرییان لە هاتنی نەخۆش و فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی قامیشلۆ کردووە بە هەر شێوازێک هەوڵ دەدەن درێژە بە داگیرکاری لەم شارەدا بدەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە دانیشتووانی قامیشلۆ و ناوچەکانی دیکەی حەسەکە بەردەوام لە دژی هێزەکانی هەسەدە و ئەمریکییەکان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
کۆتا ڕۆژانی ساڵی 2020 بوو کە مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەسەدە وتی کە ناوچەکانی باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە سەرەتای ساڵی 2021 پێ دەنێنە قۆناغێکی نوێ، سەرەڕای ئەوەی کە ناوبراو وردەکارییەکانی ئاشکرا نەکرد بەڵام داوای لە لایەنگرانی هەسەدە کرد کە دەسکەوتەکانی ئەم گرووپە بپارێزن.
وتەکانی مەزڵوم کۆبانی لەو کاتەدا سەبارەت بە سیناریۆکانی هەسەدە بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی پێشبینی و لێکدانەوەی زۆری بۆ کرا، ئەو لێدوانانە لە کاتێکدا بوو کە ناوچەکە بە گشتی چاوەڕوانی سیاسەتی حکومەتی نوێی ئەمریکای لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی سوریا دەکرد و جموجوڵەکانی حکومەتی سوریا و ڕووسیاش لە ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە ڕووی لە زیادبوون کردبوو.
تەنیا چەند ڕۆژ لە پاش لێدوانەکانی فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەسەدە ئاگری شەڕ لە شاری عەین عیسا لە نزیک ڕققە و چەند هەفتە دواتریش لە پارێزگای حەسەکە لە نێوان ئاسایشی هەسەدە و هێزەکانی سوریا هەڵگیرسا. گۆڕانکارییەکانیش لە پاش ئەوە بوو کە هێزەکانی ئاسایشی هەسەدە لە دوو ناوچەی حەسەکە گەمارۆی هێزەکانی سوریایان دا، ئەم ئاڵۆزییەش دەتوانێت هاوکێشەکان لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بە تەواوی بەرەو گۆڕانکاری ببات.
گەمارۆکان بەردەوامە
سەرەڕای ئەوەی کە هێزەکانی هەسەدە چەند ساڵێک دەبێت بە سەر ناوچەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریادا زاڵن، حکومەتی دیمەشق تا ڕادەیەک بوونی خۆیی لە شاری قامیشلۆی ناوەندی پارێزگای حەسەکە پاراستووە و چەند فەرمانگەیەک وەک داد و تۆمارکردنی باری شارستانی و هەروەها فڕۆکەخانەی حەسەکە لە گەڵ حکومەتی دیمەشق لە پەیوەندیدان، ئەگەرچی کە هێزەکانی ڕووسیاش لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆ دەبینرێن.
لە بەرامبەر ئەم گەمارۆ سەپێندراوەی هێزەکانی هەسەدەوە، دیمەش پەنای بۆ هەنگاوێکی هاوشێوە بردووە و ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدەی لە ناوچەی شێخ مەقسودی حەڵەب بە تەواوی گەمارۆ داوە.
لەم نێوەندەدا، زیاترین ئاڵۆزی نێوان هێزەکانی هەسەدە و سوپای سوریا بۆ دەستبەسەرکردنی ئەندامەکانی یەکتر و شەڕ و پێکدادانی سنوردار دەگەڕایەوە، بەڵام لە ئێستادا و ماوەی سێ هەفتە دەبێت کە هێزەکانی هەسەدە دەستیان بە سەر دامودەزگاکانی سەر بە حکومەتی سوریادا گرتووە و لە هەمان کاتدا هێرشێکی میدیایی زۆریان لە دژی سوریا دەستپێکردووە کە دەتوانێت هەوڵێک بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان لە باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە بێت.
هۆکاری هەڵکشانی ئاڵۆزییەکان
یەکێک لە هۆکارەکانی ئاڵۆزبوونی ڕەوشی ناوچەکانی باکور و باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بۆ سیاسەتی ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە ئەم ناوچانە بە بەشێک لە دەسەڵاتی خۆی دەزانێت. لە ئەنجامی ئەو سیاسەتەش بووە کە ئەمریکا موڵەتی بە تورکیا داوە لە دژی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە هێرشی سەربازی بکات.
لە ئەنجامی ئەم سیاسەتەش هەسەدە تەنانەت بۆ ماوەیەکی کەم پەنای بۆ واژۆکردنی ڕێکەوتن لە گەڵ هێزەکانی ڕووسیا برد و هێزێکی هاوبەشی سوریا و ئەو وڵاتە لەو ناوچەیەدا جێگیر کران، ئێستا ئەمریکا دەیەوێت ئەو ناوچانە بە تەواوی لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا بێت.
لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا دەیەوێت هێزەکانی نزیک لە سوریا لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆ و چەند بەشێکی پارێزگای حەسەکە بکشێنەوە.
هەسەدە پێویستە ئەوە بزانێت کە ئەمریکا لایەنێکی جێی متمانە بۆ ئەوان نابێت و تەنیا دەتوانن لە چوارچێوەی حکومەتی سوریا بەو مافانە بگەن کە داوای دەکەن./.









