جام کوردی:
وه‌زیری ته‌ندرووستی کۆماری ئیسلامی ئێران له یادادشتێکدا له لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی ئینستاگرام سه‌باره‌ت به سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆک کۆمار و شاندی یاوه‌ری بۆ ئیتالیا وتی: وه‌رزێکی نوێی په‌یوه‌ندییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ستیپێکردووه.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سه‌ید حه‌سه‌ن هاشمی وتی: له یه‌که‌م ڕۆژی سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆک کۆمار بۆ ئیتالیا، چاوپێکه‌وتنێکم له گه‌ڵ خاتوون لۆرنزین وه‌زیری ته‌ندرووستی ئیتالیا هه‌بووه و له که‌شێکی دۆستانه‌دا به‌ڕێوه‌چوو که هیوادارم ببێته ئامرازی گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌کانی ئه‌م وڵاته بۆ ئێران له که‌رتی ته‌ندرووستی دا. ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی که شیاوی گه‌لی به‌شه‌ره‌فی ئێران بێت، بێ گومان پێویستی به که‌ڵک وه‌رگرتن له ئه‌زموونه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان به تایبه‌ت له که‌رتی ته‌ندرووستیدا ده‌بێت.
ناوبراو له درێژه‌دا وتی: له ئێستادا که به تێکۆشانی هاوکارانم و نزا و پاڕانه‌وه‌ی خه‌ڵک، وه‌رزێکی نوێی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ده‌ستیپێکردووه، سه‌ردانه‌که‌ی ئیتالیا و به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی ناوه‌نده پزیشکییه‌کان ده‌رفه‌تێکی گونجاوه که ده‌توانێت ده‌سپێکی هاوکاری جیدی و ئاڵ و گۆڕی بیروڕاکان له که‌رتی ته‌ندرووستی له گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌ورووپی بێت.
له کۆبوونه‌وه‌که‌ماندا سه‌باره‌ت به به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی ته‌ندرووستی، کۆنتڕۆڵی خوارده‌مه‌نییه‌کان، درووست‌کردنی نه‌خۆشخانه‌کان و ته‌کنۆلۆژیای ده‌رمانی لێک تێگه‌یشتن هاته ئاراوه.
هاشمی وتی: وه‌زیری ته‌ندرووستی ئیتالیا له گه‌ڵ دۆخی ئێران ئاشنایه، جه‌ختی له‌وه کردووه‌ته‌وه که پاش سه‌ردانه‌که، خاڵی گرێبه‌ست و یادداشتی هاوکارییه‌کان جێبه‌جێ ده‌کات.
وه‌زیری ته‌ندرووستی ئێران ئاماژه‌ی به‌وه داوه که لۆرانزین ته‌نانه‌ت شێعری شاعیره‌کانی ئێرانی خوێندووه‌ته‌وه و خوازیاری سه‌ردانیکردنی ئێرانه، به‌ڵام دوو منداڵی دوانه‌ی هه‌یه که ئه‌م سه‌ردانه بۆ ناوبراو تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌سته‌مه.
هاشمی جه‌ختی کرده‌وه: به هیواین پاش به‌هێزبوونی په‌یوه‌ندییه‌کانمان له به‌شی ته‌ندرووستی له گه‌ڵ وڵاتانی جیهان، هه‌نگاو به‌ره‌و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی خزمه‌تگوزارییه ته‌ندرووستییه‌کان بنێین.
له چاوپێکه‌وتنی وه‌زیری ته‌ندرووستی ئێران له گه‌ڵ هاوتاکه‌ی له ئیتالیا چه‌ندین ڕێکه‌وتننامه‌ی هاوکاری نێوان دوو وڵات سه‌باره‌ت به ده‌رمان، پێداویستی پزیشکی و فێرکاری پزیشکی واژۆ کرا.
ناوبراو له سه‌ردانه‌که‌ی بۆ ئیتالیا به ئاماده‌بوونی له کۆڕی ئابوری، له گه‌ڵ خاوه‌ن کۆمپانیاکانی که‌رتی ته‌ندرووستی کۆبووه‌وه.