پارێزگاری کرماشان ئابوری دواکه‌وتووی به گرنگترین کێشه‌ی ئه‌م پارێزگایه ناو برد که به‌ستێنی خوڵقاندنی کێشه و گرفته‌کانی دیکه‌ش دابین ده‌کات.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئه‌سه‌دووڵا ڕازانی پارێزگای پێشووتری کوردستان یه‌کی ڕه‌زبه‌ری ئه‌مساڵ وه‌ک پارێزگاری نوێی کرماشان ده‌ستنیشان کرا و به فه‌رمی چالاکییه‌کانی ده‌ستپێکرد.
ناوبراو که درووشمی گۆڕانکاریی به‌رز کردووه‌ته‌وه ڕایگه‌یاندووه: له‌و کاته‌وه که له‌م پۆسته‌دا ده‌ستم به کاره‌کانم کردووه کۆمه‌ڵێک له پێداویستی و کێشه و گرفته‌کانی ئه‌م پارێزگایه‌م بینیوه، به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی که هێشتا ته‌واوی پارێزگاکه‌م نه‌بینیوه به دڵنیاییه‌وه ناتوانم سه‌باره‌ت به کۆی گشتی کێشه‌کان لێدوان بده‌م.
پارێزگاری کرماشان، نزمبوونی ئاستی وه‌به‌رهێنان، که‌مبوونی داهاتی خه‌ڵک و بێکاریی به سێ کێشه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌م پارێزگایه ناو برد و ڕایگه‌یاند: کێشه‌کانی کرماشان په‌یوه‌ندییان پێکه‌وه هه‌یه و بوونه‌ته هۆی به‌دیهاتنی تۆڕێک له کێشه و گرفته‌کان.
ڕازانی وتی: ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به کورتی بیڵێین، ئابوری دواکه‌وتوو، گرنگترین کێشه‌ی کرماشانه و ئه‌مه‌ش له بواری کشتووکاڵ، پیشه‌سازی و بازرگانی کاریگه‌ری به‌رچاوی هه‌یه.
ناوبراو وتی: ئاسه‌واره‌کانی ئه‌م دواکهوتوویهش له سه‌رجه‌م بواره‌کاندا کاریگه‌ری نه‌رێنی داناوه.