وه‌زیری ئابوری و دارایی کۆماری ئیسلامی ئێران هاوکاریی له گه‌ڵ دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان به یه‌که‌مایه‌تی تاران ناو برد و وتی: وه‌رزێکی نوێ له په‌یوه‌ندییه ئابورییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران له گه‌ڵ وڵاتانی جیهان ده‌ستیپێکردووه.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عه‌لی ته‌یب نیا له کۆبوونه‌وه‌ی ده‌سپێکی دانیشتنی ساڵانه‌ی بانکی جیهانی و سندۆقی نێوده‌وڵه‌تی دراو وتی: ئێران له ڕیزی ئه‌و وڵاتانه‌یه که به ده‌فرایه‌تییه‌کی باڵا له بواری ئابوری ده‌توانێت وه‌ک هێزێکی ئابوری سه‌یر بکرێت.
ناوبراو ده‌وڵه‌مه‌ندبوون به سه‌رچاوه سرووشتییه‌کان، بارودۆخی ستراتژیک، هێزی مرۆڤی خوێنده‌وار و کارامه، بازاڕی گه‌وره‌ی ناوخۆیی، ژێرخانی ئابوری گونجاو به به‌شێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئابوری ئێران ناو برد و وتی: سه‌رجه‌م ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه، ته‌نیا به‌شێکن له خاڵه به‌هێزه‌کانی ئابوری ئێران که له نێو وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێگه‌یه‌کی تایبه‌تی هه‌یه.
وه‌زیری ئابوری و دارایی ئێران ڕوونیکرده‌وه: به به‌رنامه و پلانی تایبه‌ت، گه‌شه‌ی ئابوری و کۆنتڕۆڵی هه‌ڵئاوسانمان مسۆگه‌ر کردووه.
عه‌لی ته‌یب نیا له درێژه‌ی وتاره‌که‌یدا ڕایگه‌یاند: گه‌شه‌ی ئابوری ئێران پێویستی به زانستی ته‌کنیکی، سه‌رمایه‌گوزاری ڕاسته‌وخۆی ده‌ره‌کی و دابین کردنی سه‌رچاوه داراییه‌کانه. ڕاشیگه‌یاند: چاوه‌ڕوان ده‌کرێت له‌م به‌شانه‌دا بانکی جیهانی و دامه‌زراوه‌کانی دیکه‌ی نێوده‌وڵه‌تی یارمه‌تیده‌ری کۆماری ئیسلامی ئێران بن.
ناوبراو به ئاماژه به‌وه‌ی که ئێران وه‌ک یه‌کێک له ئه‌ندامانی بانکی جیهانی و سندۆقی نێوده‌وڵه‌تی دراو، هه‌رده‌م به‌ڵێنه‌کانی به‌رامبه‌ر به‌م دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تییانه جێبه‌جێ کردووه، ڕوونیکرده‌وه: چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان هه‌یه که له پێناو گه‌شه‌ی به‌رده‌وامی ئێران ئه‌م دامه‌زراوانه ڕۆڵی ئه‌رێنی بگێڕن.
ته‌یب نیا ڕایگه‌یاند: بانکی جیهانی ده‌توانێت به هۆی ڕۆڵی گه‌شه‌پێدانی له دابین کردنی سه‌رچاوه داراییه‌کانی وڵاتان، به بێ جیاوازی به‌رده‌وام بێت له پێشکه‌ش کردنی یارمه‌تییه داراییه‌کان.
وه‌زیری ئابوری و دارایی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕوونیکرده‌وه: پاش ساڵانێک کێشه له به‌رده‌م په‌یوه‌ندییه‌کانی ئێران و بانکی جیهانی به هۆی گه‌مارۆکانه‌وه، ئێستا کاتی ئه‌وه هاتووه که وڵاتان به تایبه‌ت ئێران له دابین کردنی دارایی و فاینانسی بانکه‌کانی بواری په‌ره‌پێدان سوودمه‌ند بن.
ته‌یب نیا جه‌ختی کرده‌وه: چاوه‌ڕوان ده‌که‌م نه ته‌نیا له به‌شی دابین کردنی دارایی، له به‌شه‌کانی بازرگانی و سه‌رمایه‌گوزاری، له‌م وه‌رزه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی تاران و دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان که‌ڵکی پێویست وه‌ربگیردرێت.