ئانگێلا مرکێل ڕاوێژکاری ئه‌ڵمانیا که به‌رده‌وام دژ به ئه‌ندامبوونی تورکیا له یه‌کێتی ئه‌ورووپا بووه، ڕایگه‌یاند که ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی به گێڕانه‌وه له هه‌واڵده‌ری ئێرنا، مرکێل جه‌ختی له سه‌ر پاڵپشتی ئه‌ورووپا له ئه‌نکه‌ره له پێناو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له گه‌ڵ شه‌پۆلی کۆچبه‌ران و په‌نابه‌ران کرده‌وه و ڕایگه‌یاند ئه‌مه به‌و مانایه نییه که بۆچوونه‌که‌ی سه‌باره‌ت به ئه‌ندامبوونی تورکیا له یه‌کێتی ئه‌ورووپا گۆڕانکاری به سه‌ردا هاتووه.
ناوبراو له چاوپێکه‌وتنی له گه‌ڵ ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمی ئه‌ڵمانیا ARD ڕایگه‌یاند: به‌رده‌وام دژایه‌تی ئه‌ندامبوونی تورکیام له یه‌کێتی ئه‌ورووپا کردووه، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ئه‌مه‌ش ده‌زانێت و ئه‌م هه‌ڵوێسته‌مان وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه.
به پێی ئه‌م ڕاپۆرته، مرکێل ساڵه‌هایه که دژایه‌تی هه‌وڵه‌کانی ئه‌نکه‌ره ده‌کات به مه‌به‌ستی ئه‌ندامبوون له یه‌کێتی ئه‌ورووپا، ناوبراو پێش له گه‌یشتنی به ده‌سه‌ڵات له ساڵی 2005 ڕایگه‌یاندبوو که ته‌نیا ڕه‌زامه‌ندی هاوبه‌شی تایبه‌تی تورکیایه له یه‌کێتی ئه‌ورووپا نه‌ک ئه‌ندامبوونی ته‌واوی ئه‌و وڵاته.
ڕه‌وتی به ئه‌ندامبوونی تورکیا ساڵه‌هایه تووشی کێشه‌ی گه‌وره بووه‌ته‌وه. شانسی ئه‌نکه‌ره بۆ ئه‌ندامبوون له‌و یه‌کێتییه دابه‌زیوه و وڵاتانی ئه‌ورووپی نیگه‌رانن له هه‌نگاوه به‌رزه‌فڕه‌کانی سه‌رۆک کۆماری تورکیا.
به‌رپرسانی ئه‌ورووپی له سه‌ردانه‌که‌ی ئه‌ردۆغان بۆ برۆکسل، گه‌ڵاڵه‌ی ئه‌وه‌یان خسته‌ڕوو که یارمه‌تی دارایی زۆرتر بۆ ئاواره‌کانی سوری و عێراقی له خاکی تورکیا ته‌رخان بکرێت.
شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکوری ئه‌فریقا که ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانێتی وڵاتانی ڕۆژئاوا و عه‌ره‌بیی پێوه ده‌بینرێت، بووه‌ته هۆی ئاواره‌بوونی ژماره‌یه‌کی زۆر و ئه‌مه‌ش ئه‌ورووپای ڕووبه‌ڕووی گه‌وره‌ترین قه‌یرانی کۆچ کردن له پاش شه‌ڕی جیهانی دووه‌م کردووه‌ته‌وه.
تا ئێستا ژماره‌یه‌کی زۆر له ئاواره‌کانی سوریا ڕوویان له وڵاتانی ئه‌رده‌ن، تورکیا و لۆبنان کردووه، به‌ڵام ئه‌م ڕه‌وته له چه‌ند مانگی ڕابردوو گۆڕینی به سه‌ردا هاتووه و په‌نابه‌ران ڕێگای مه‌ترسیداری گه‌یشتن به ئه‌ورووپایان هه‌ڵبژاردووه تا شوێنێکی ئارام بۆ داهاتووی خۆیان بدۆزنه‌وه.