ئازاد تۆفیق لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەی بە یەکێک لە تاڵترین تراژدیاکانی مێژووی مرۆڤایەتی ناو برد و وتی کە هیچ شتێک ناتوانێت قەرەبووی ئەو خەڵکە شەهیدکراوە بۆ هەڵەبجەییەکان بکاتەوە.
ناوبراو سەبارەت بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە هاوکاریکردنی خەڵکی هەڵەبجە وتی کە ئێران و ئێرانییەکان لە کارەساتی کیمیاباران و کۆڕەوە مەزنەکە لە بەرزترین ئاستدا هاوکاری خەڵکی کوردستانیان کرد.
دەقی ئەم وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
سەرەتا دەمانەوێت لەوەوە دەست پێبکەین کە ئایا لە کاتی ڕوودانی کارەساتی هەڵەبجە شتێکی تایبەتتان وەک بیرەوەری یان وێنە یان هەر شتێکی دیکە لە بیر ماوە کە بۆ خوێنەرانی جام کوردیی باس بکەن؟
16 ی 3 ی 1988 یەکێک لە تراژدیا و کارەساتە گەورەکانی مێژووی مرۆڤایەتییە. من خۆم خەڵکی هەڵەبجەم و ڕۆژی 14 ی 3 لە شارەکە چووینە دەرەوە و ڕۆیشتن بۆ سلێمانی، واتە لە ڕۆژی بۆردومانەکە لە هەڵەبجە نەبووم. بەڵام هەموو هەنسک و فرمێسکەکانی ئەو ڕۆژەم لەبیر ماوە، وەک دەڵێی ئەو ڕۆژە ڕۆژی حەشر بووە. من کتێبێکم هەیە بە ناوی پیرمحەممەد کە لە بەشێکیدا باسی ئەو کارەساتەم کردووە. هیوادارم ئەو تراژدیایە جارێکی دیکە لە هیچ ناوچەیەک ڕوو نەداتەوە بەڵام ئێمەی خەڵکی هەڵەبجە هەستمان بەوە دەکرد کە ڕەنگە کارەساتی وا ڕوو بدات، لە بەر ئەوەی کە هەڵەبجە لە ساڵی 1975 بەداوە بە هیچ شێوازێک ملکەچی ڕژێمی بەعس نەبوو، لە پاش 1975 تاکە شارێک کە خۆپێشاندانی دژە بەعسی تێدا کرابێت هەڵەبجە بووە، هەر بۆیە چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد بە پێی ئەو هەموو ڕقەی دەسەڵاتی بەعش شتێکی وەها لە هەڵەبجە ڕوو بدات.
ئایا بەو هەموو قوربانییەوە تا ئێستا قەرەبووی هەڵەبجە و خەڵکەکەی کراوەتەوە؟
من پێم وایە کە ئەگەر هەڵەبجە هەمووی بکرێت بە پارک و شەقام و کۆڵانی جوان، تامی ڕۆحی دەرچووی منداڵێک بۆ دایکەکەی نادات، بۆ باوکێک تامی منداڵە بچووکەکەی نادات کە دەستی لە دەستیدا بووە و تا ئێستا لێی ون بووە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵەبجەی کردووە بە پارێزگا و کۆمەڵە هەوڵێکی بۆ ئاوەدانی دراوە و ئیرادەیەکیش بۆ ئاوەدانی زیاتر هەیە، هەرچەندە کە دۆخی ئابوری و قەیرانی دارایی کاریگەری نەرێنیی لە سەر ئەمەمە داناوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران تاکە وڵاتێک بووە کە هاوکاری خەڵکی هەڵەبجەی لەو کارەساتەدا کرد، ئێوە وەک تاکێکی هەڵەبجەی ئەو کاتە و پارێزگاری ئێستا، چۆن لە ڕۆڵ و هاوکارییەکانی ئەو وڵاتە دەڕوانن؟
ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کردووەیەتی جێی ڕێز و پێزانینە. یەکەم دەنگی خەڵکی هەڵەبجە لەو کارەساتە کە بە جیهاندا بڵاو کرایەوە و مرۆڤایەتی لەو تاوانەی ڕژێمە بەعس لە دژی خەڵکی هەڵەبجە تێگەیشتن، لە ڕێگای کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی ئێرانەوە بوو، تەنانەت ئێران ڕێڕەوێکیشی بۆ هاتنی میدیاکارانی بیانی لە سنورەکانی خۆیەوە کردەوە تا ئەوانیش بێنە هەڵەبجە و ڕووماڵی ئەو کارەساتە بکەن. ئێمەی خەڵکی هەڵەبجە و من وەک ئازاد تۆفیق لە کارەساتی بۆردومانی کیمیایی و کۆڕەوە مەزنەکە خۆمان بە قەرزداری کۆماری ئیسلامی ئێران دەزانین، ئەو وڵاتە ڕۆڵێکی کەم وێنەی لە نیشتەجێکردنی ئاوارەکانی هەڵەبجە و دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەوان و چارەسەرکردنی بریندارەکان هەبوو.
ڕۆڵی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کارەساتەکەی هەڵەبجە چۆن بووە؟
ئەوان لە ساڵی 1991 بەداوە هەست بە پەشێمانی دەکەن، باڵیۆزەکانی ئەوان دێن، سەردانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە دەکەن و تاجەگوڵینە لە سەر گڵکۆی شەهیدەکان دادەنێن و ئیدانەی تاوانەکەی ڕژێمی سەدام دەکەن.
باسی ئێستای هەڵەبجە بکەین، ئایا کۆماری ئیسلامی ئێران سنورەکانی خۆیی بە ڕووی ئەم پارێزگایەدا کردووەتەوە بۆ ئاوەدانی زیاتر؟
بەڵێ، سنورەکانی بەمۆ و تەوێڵەمان هەیە، چاوەڕوانیش دەکەین بە تەواوبوونی 14 کیلۆمەتر ڕێگای سەرەکی سنوری سازان لە دیوی ئێرانەوە ئەو سنورەش وەک بازاڕچەیەکی چالاک بکرێتەوە، وەک پارێزگاری هەڵەبجەش سوپاسی هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تایبەت پارێزگاری کرماشان دەکەم./.