بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هراڵد ئۆستاد نێردەی تایبەتی حکومەتی نەرویژ بۆ کاروباری سوریا و عێراق کە سەردانی تارانی کردووە لە گەڵ سەید عەباس عێراقچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی کۆبووە.
لەو کۆبوونەوەدا دوایین گۆڕانکارییەکانی سوریا و عێراق و ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوچەکە بە تایبەت گرووپە تیرۆریستییەکان تاوتوێ کرا.
عێراقچی لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا ئاماژەی بە ڕێکەوتنی ناوەکی وەک گەورەترین دەسکەوتی دیپلۆماسی لە ناوچەکە دا و وتی کە ئەگەر ئەمریکا لە بانگەشەی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێکەوتنە جیدییە، بۆ ئەو ڕێکەوتنە کە لێی کشاوەتەوە بگەڕێتەوە و کۆتایی بە سەرجەم ئەو سزایانە بێنێت کە لە دژی ئێران جێبەجێ کراون.
ناوبراو وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی و لە باڵاترین ئاستدا ڕایگەیاندووە کە لە پاش تاقیکردنەوە و سەلماندنی ڕاستییەکانی هەڵگرتنی گەمارۆکان لە لایەن ئەمریکاوە بۆ بەڵێنەکانی لە ڕێکەوتنی ناوەکی دەگەڕێتەوە./.