به‌پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دوکتۆر سه‌ید حه‌سه‌ن هاشمی له‌په‌راوێزی کۆنگره‌ی سووتان له‌گه‌ڵ 12 که‌س له منداڵانی لێقه‌ومای ڕووداوی شین ئاوا دیدارێکی دۆستانه‌ی کرد و ڕه‌وتی ده‌رمانکردن و کێشه‌کانی ئه‌و منداڵانه‌ی تاوتوێ کرد.
ئه‌م 12 که‌سه، ده‌که‌ونه ڕیزی ئه‌و که‌سانه‌ی که زۆرترین برینیان له‌و ڕووداوه تاڵه‌دا لێ که‌وتووه و ڕۆشتوونه‌ته تاران تا له‌گه‌ڵ وه‌زیری ته‌ندروستی دیدار بکه‌ن.
هاشمی له‌م دیداره‌دا جێگای خۆی دایه یه‌ک له منداڵانی شین ئابادی و له بۆشاییه‌کی دۆستانه‌دا له‌گه‌ڵیان قسه‌ی کرد.
یه‌کێک له کچان به‌نێوی ئاره‌زوو شیعرێکی بۆ وه‌زیر خوێنده‌وه و له‌به‌شێک له قسه‌کانیدا وتی: “له‌کوێوه ده‌ست پێ بکه‌م، له کامه برین بڵێم … ئێستا که چه‌ند ساڵه له‌بیر کراوین… خودایا باری کامه تاوان که‌وتۆته سه‌ری من… تکایه یارمه‌تیم بده‌ن بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ژیانی ئاسایی”.
یه‌کێکی دیکه له کچان داواکاری ئه‌وه‌ی کرد تا هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بکرێن و خێرا ده‌رمان بکرێن تا به‌ڵکوو خێراتر بگه‌ڕێنه‌وه ناو کۆمه‌ڵگا.
ناوبراو وتی: هیچ شتێک له جوانی گرنگتر نییه، دوکتوره‌کان باشن به‌ڵام لێره زۆر درێژه ده‌خایه‌نێت تا ده‌رمان بکرێین، ئێمه سوپاسی هه‌موو دوکتۆره‌کان ده‌که‌ین یارمه‌تی زۆریان داوین.
هاشمیش له وه‌ڵامدا وتی: هه‌مووی ئێوه جوانن، هه‌موو شتێک به ڕوخسار نییه، به دڵه، وه‌ک ئه‌و نووسراوه‌ی ئاره‌زوو خوێندییه‌وه. به‌ڵام ئه‌مه نابێته هۆی ئه‌وه‌یکه ئێمه هه‌وڵی خۆمان نه‌ده‌ین و تا ئه‌و جێگایه‌ی له ده‌ستمان دێ بۆتانی نه‌که‌ین.
وه‌زیری ته‌ندروستی له درێژه‌دا له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه و پزیشکانی ئه‌م منداڵانه دیداری و وتووێژی کرد.
شیاوی باسه که تا ئێستا بۆ هه‌ر یه‌که له کچانی سووتاوی شین ئاوا زیاتر له 50 نه‌شته‌رکاری ئه‌نجام دراوه.