بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نووسینگەی ئایەتووڵا سیستانی لە سەر ئەو کۆبوونەوە ڕایگەیاندووە کە لە سەر ئەو ئاڵنگارییە گەورانەی ڕوبەڕوی مرۆڤایەتی بوونەتەوە و ڕۆڵی باوەڕ بە خودای باڵادەست و بە پەیامەکانی و پابەندبوون بە بەها ئەخلاقییە بەرزەکان و سەرکەوتن بە سەریاندا وتووێژ کراوە.
لە درێژەی ئەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە کە ئایەتووڵا سیستانی باسی گیرخواردنی زۆربەی وڵاتانی کردووە بە دەستی ستەم و ڕق و هەژاری و چەوسانەوەی ئائینی و فیکری و کپکردنی ئازادییە بنچینییەکان و نەبوونی دادگەری کۆمەڵایەتی، بە تایبەت ئەوانەی کە گەلی ناوچەکەمان دەیچێژن لە شەڕ و کاری تێکدەرانە و گەمارۆی ئابوری و ئاوارەکردن و چەند شتێکی دیکە، بە تایبەت گەلی فەڵەستین لە خاکی داگیرکراودا.
ئاماژەشی بەوە داوە کە ئایەتووڵا سیستانی جەختی لە سەر ئەو ڕۆڵە کردووەتەوە کە پێویستە سەرکردە ئائینی و ڕۆحییەکان بیگێڕن بۆ وەستاندنی ئەم نەهامەتییانە، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە تایبەت هێزە گەورەکان هان بدرێن کە ژیری و زانایی زاڵ بکەن بە سەر زمانی شەڕدا، هەروەها بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان لە سەر حیسابی مافی گەلان بۆ ژیانێکی ئازاد و بەڕێز فراوان نەکەن.
ڕاگەێندراوەکەی نووسینگەی ئایەتووڵا سیستانی لە کۆتاییدا باسی ئەوەیکردووە کە مەرجەعی باڵای شێعەکانی عێراق جەختی لە سەر ڕۆڵی مێژوویی و پڕ لە سەروەری عێراق کرد و هیوای خواست کە ئەم دۆخەی ئێستا تێپەڕ ببێت، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە هەموو هاووڵاتییەکی مەسیحی وەک گەلانی دیکەی عێراق لە ئاسایش و ئاشتیدا بژین و مافی تەواوی دەستوورییان هەبێت./.