بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرهەم ساڵح وتی کە عێراقییەکان شانازی بەوە دەکەن کە پارێزەری کەنیسەکانن، لە بەر ئەوەی کە لە پاش دەسدرێژی تیرۆریستان بۆ سەر کەنیسەی سەیدا نەجات گەنجانی موسڵمان هاوتای برایانی گەنجی مەسیحی بە ئەرکی نیشتمانی و مرۆڤی خۆیان دەزانی کە هاوشێوەی بەرگری لە ماڵ و شوێنەکانی خۆیان بەرگری لەو شوێنەش بکەن.
سەرۆک کۆماری عێراق وتی کە ئێمە لە دوو دەیەی ڕابردوو گەورەترین شەڕی دژ بە تیرۆرمان بینیوە، ئەو شەڕەش بووە هۆی لەناوچوون و ڕووخانی ژێرخانی شارەکان و ئاوارەبوونی خەڵک و تاوانی دڕندانەی دژ بە پێکهاتەکانی وەک ئێزدییەکان و خەڵکی دیکەی عێراق.
بەرهەم ساڵح سەردانەکەی پاپای بە دەرفەتێکی مێژوویی ناو برد و وتی: ئێمە قبووڵی ناکەین کە تیرۆریستان بە ناوی دینەوە توندووتیژی بەرامبەر بە گەلەکەمان بکەن، گەلی عێراق مافی ئەوەیان هەیە کە ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیری لە وڵاتی خۆیان ببینن، ئەوان شیاوی ژیان و داهاتوویەکی باشترن و ئێمەش پێکەوە هاوکاری دەکەین تا بەوە بگەین./.