بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش ئەوەی کە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دانپێدادانی کەسێکیان وەک دەستبەسەرکراوی هێرشەکەی هەولێر بڵاو کردەوە، کەتیبەکانی سەیدشوهەدای عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ئەو کەسە هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: داگیرکارانی ئەمریکی جارێکی دیکە کەوتوونەتە پەلەقاژە و پاش شکستە گەورە و بەردەوامەکان لە سەر دەستی خەڵکی سەربەرز و خۆڕاگری عێراق کە دژی بوونی ئەوانن لە وڵاتەکەیان، دەستیان داوەتە تۆمەتبارکردن و ئەمجارەش لە سەر هێرشە ڕۆکێتییەکەی هەولێر بەنجەی تۆمەتبارکردنیان بۆ کەتیبەکانی سەیدشوهەدا ڕاکێشاوە، ئەویش بە دانپێدادانی کەسێک کە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە: کەتیبەکانی سەیدشوهەدا لە هەمان کاتدا کە شانازی بە هێرش و کردەوەکانی هێزەکانی خۆڕاگری بۆ دەرکردنی داگیرکاران و تۆڵەسەندنەوەی خوێنی شەهیدان دەکات، هێرشە ڕۆکێتییەکەی سەر ئەمریکییەکان لە هەولێر ڕەتدەکاتەوە و داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردە سیاسییەکانی دەکات کە نەکەوتنە ژێر کاریگەری ئەم پەلەقاژە و تۆمەتبارکردنەی ئەمریکییەکان.
کەتیبەکانی سەیدشوهەدا لە کۆتاییدا وێڕای داوای لە حکومەتی عێراق بۆ پاراستنی ئەندامەکانی بە تایبەت ئەو کەسانەی کە خوێنی خۆیان لە پێناو ئازادکردنی عێراقدا بەخت کرد و هەروەها پێویستی ڕێگری لە دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، ڕایگەیاندووە: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بیانووی ئەندامێتی لە حەشدی شەعبی گەنجان دەستبەسەر دەکات و گوشاری خستووەتە سەر ئەوان، بە شێوازێک کە ئەو دەستبەسەرکردنانەش بۆ وەرگرتنی زانیاری و دانپێدادانی درۆ بە ئامانجی ڕازیکردنی ڕای گشتی ناوخۆیی و دەرەکییە لە کارنامەی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان./.









