بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناوبراو بەشێک لە بیرەوەرییەکانی خۆیی لە دۆخی ئەو کاتەی هەڵەبجە گێڕاوەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەگەر بمانەوێت سەبارەت بە کارەساتی هەڵەبجە بنووسین یان لێدوان بدەین، بێگومان دەیان کاتژمێر و چەند بەرگ کتێبێکی دەوێت، لە بەر ئەوەی کە کارەساتەکە هێندە گەورە بووە کە ناکرێت لە چەند دێڕێکدا باس بکرێت، هەر بۆیە بەشێک لە بیرەوەرییەکانی خۆم لەو ڕووداوە تاڵە باس دەکەم.
بە بۆچوونی من هەڵەبجە ئەوپەڕی تاوان لە دژی خەڵکی کوردستانی عێراق بووە، تەنانەت دەتوانین بڵێین کە یەکێک لە گەورەترین تراژدیاکان بووە کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کراوە، بە واتایەکی دیکە ناوی دەنێم هێرۆشیمای نوێ کە لە هێرۆشیمای پێشوو خەراپتر بووە.
کە تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە سەر دەستی سەدام و ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس خوڵقا، وەک پەیامنێرێکی ئێرانی بۆ ڕووماڵکردنی ئەو کارەساتە گەیشتمە شارەکە، ئێمە ئامانجمان ئەوە بوو کە لەو بێدەنگییەی میدیاکانی ناوچەکە و جیهان، لانیکەم بە ڕووماڵکردنی کارەساتەکە و ئێش و ئازاری خەڵک، ئاستی زوڵملێکراویی ئەوان بە جیهاندا ڕابگەێنین، بۆ ئەوەی کە ڕێگا نەدەین ئەم کارەساتە وەک چیرۆکێک بە بێ بەڵگە بمێنێتەوە، بێگومان دەتوانم بڵێم کە بەو کارەشمان خزمەتێکی گەورەمان بە هەڵەبجە لە ڕابردوو و لە ئێستادا کردووە.
ئێمە وەک هەستێکی مرۆڤایەتی و کوردبوونی خۆمان ڕووماڵی تاوانەکە و کارەساتەکەمان کرد، ئەوەی کە لە هەڵەبجە ڕوویدابوو، بە دەنگ و ڕەنگ و وێنە بڵاو کرایەوە. تەنانەت کاتێک سەردانی هەرێمی کوردستانم کرد و لە گەڵ بەڕێز کاک مەسعود بارزانی و خوالێخۆشبوو جەنابی مام جەلال تاڵەبانی دانیشتم، باسی ئەوەیان دەکرد کە ئەگەر ئێران و میدیاکانی نەدەبوون، زوڵملێکراویی ئێمە بۆ هەمیشە لەبیر دەکرا و کەس پێی نەدەزانی.
لەو کارەساتەدا بەداخەوە کە 5 هەزار کەس شەهید کران و ناشتنی تەرمی ئەو شەهیدانە یەکێک لە ڕووداوە دڵتەزێنەکانی تەمەنی من بوو. دەیان تەرم لە سەر یەک کۆکرابوونەوە، ئەم تراژدیایە بە ڕادەیەک دڵتەزێن بوو کە دەتوانم بڵێم هێرۆشیماش وەک کوردستانی عێراق نەبوو. ئێستاش دەبینین کە ئاسەوارەکانی ئەو تاوانەی سەدام و بەعس ماوەتەوە و دەیان کەس لە بریندارانی کیمیابارانەکە ماونەتەوە و چارەسەری تەواویان بۆ نەکراوە.
سەدام لە هەڵەبجە چەندین چەکی کیمیایی تێکەڵ کردبوو کە کاریگەرییان لە گازی کیمیایی ئاسایی زیاتر بوو، ئەمەش وایکرد کە لە پاش چەند چرکەیەک ئەو هەموو قوربانییەی لێکەوتەوە.
لەبیرم ماوە کە لە گوندی عەنەب ئۆتۆمبێلێکم بینی کە چەندین کەسی تێدا کوژرابوون، ئەوان ویستی هەڵهاتنیان هەبوو کە لەوێدا کرابوونە قوربانی. دایکێکی کوژراوم بینی کە لە کاتی شیردان بە منداڵەکەی شەهید کرابوو، دەتوانم بڵێم کە مرۆڤایەتی تاوانی لەم شێوەیەی بەخۆوە نەبینیووە.
هیچ وڵاتێک وەک ئێران و میدیاکانی ڕووماڵی ئەو کارەساتەیان نەکرد و وێنە و فیلمی تاوانەکەی سەدام و قوربانیدانی خەڵکی هەڵەبجەیان بڵاو نەکردەوە.
لە هەڵەبجە بووین کە کۆمەڵە پەیامنێرێکم کۆکردەوە، بەوانم وت کە نامانەوێت ئێوە بڵێن ئەم خەڵکە بە چەکی کیمیایی گیانیان لە دەست داوە، بەڵام ئایا دەڵێم کە ئەم تاوانە ئیدانە دەکەن یان نە؟ وتم: چاوەڕوانی هیچ لە ئێوە ناکەین تەنیا ئەم تاوانە شەرمەزار و ئیدانە بکەن تا جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە و هەموو ڕۆژێک هێرۆشیمامان وەبیر نەهێنێتەوە و لە هیچ ناوچەیەکی ئەم جیهانە تاوانی لەم شێوەیە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی نەکرێت. ئەوان وەڵامیان دایەوە کە موڵەتی لێدوانی وەهامان نییە و پێویستمان بە بڕیاری وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکانی خۆمان هەیە. ئەوان ئامادە نەبوون بڵێن ئەم تاوانە ئیدانە دەکەین، لە بەر ئەوەی کە بەرژەوەندی وڵاتانی ئەوان لەو سەردەمەدا ئەوە نەبوو.
من لە عێراق وەک دیل گیرام و لە گرتووخانەی کازمەین دوو ساڵ مامەوە. لەوێ لە گەڵ ئەفسەرێکی سوپای بەعس کە ئەویش هاوشێوەی من بەندکرابوو، قسەم دەکرد. پێم وت کە لە هەڵەبجە بە چاوی خۆم ئەوەم بینیوە کە کۆمەڵە منداڵێکیان کۆکردەوە و وتیان بخەونە سەر زەوی، کاتێک پرسیارم لە فەرماندەکە کرد کە چیتان لەو منداڵانە دەوێت؟ وتی کە بە تانک لە سەر ئەوان تێپەڕ دەبین. وتم بۆ، ئەمە تاوانە؟ فەرماندەکە وەڵامی دایەوە کە ئەو منداڵانە گەورە دەبن و دەبنە دوژمنی ئێمە.
بە ڕاستی کە ئەگەر میدیای ئێرانی بە تایبەت دەنگ و ڕەنگی کرماشان ئامادە نەدەبوون، زوڵملێکراویی هەڵەبجە و خەڵکەکەی بۆ جیهان بڵاو نەدەکرایەوە. ئێمە بۆ تۆمارکردنی ئەم مێژووە ئازارێکی زۆرمان چێشت. تەنانەت ئەو شۆفێرە کە لە گەڵ من بوو بە هۆی گازی کیمیاییەوە شەهید بوو و خۆیشم بەرکەوتەی چەکی کیمیاییم.
یەکێک لە بیرەوەرییە تاڵەکانی دیکە، ئەوە بوو کە ژنێکی دووگیان کە منداڵەکەی چاوی بە ڕووی ئەم جیهانەدا هەڵهێنا، فڕێی دایە ڕووباری سیروان. وەک چۆن کە باسم کرد بیرەوەرییەکان هێندە زۆرن کە لە دەرفەتێکی وەهادا ناتوانین باسی بکەین، هەندێک جار پێم خۆش نییە کە باسی بکەم و وەبیری خۆمی بهێنمەوە.
هیوادارم هیچ کات کارەساتی وەها بە چاو نەبینین و جیهانێکی پڕ لە ئاشتی و سەقامگیرمان هەبێت./.