هاوژین عومەر لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق وتی: پێشتر 6 ی حوزەیرانی 2021 وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دیاری کرا بەڵام پاش هەڵسەنگاندنی کارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە لایەن سەرۆکایەتییەکانی عێراق و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەرکەوت کە لەو وادەیەدا ناتوانرێت هەڵبژاردنێکی شەفاف و بە بەشداری زۆرینەی خەڵک بەڕێوە بچێت، دواتریش لە پاش چەند کۆبوونەوەیەکی لایەنەکان و کۆمیسیۆن، 10 ی ئۆکتۆبەر ی 2021 وەک وادەی نوێی هەڵبژاردنەکان دیاری کرایەوە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: کوردیش بەشێکە لە هاوکێشەی هەڵبژاردنەکان بەڵام بڕیاردەری دانانی یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان نەبووە، لە بەر ئەوەی کە سەرجەم لایەنە کوردییەکان جەختیان لەوە دەکردەوە کە کۆمەڵێک بڕگە و بابەت لەو یاسایەدا پەسەند نەکرێت، بە تایبەت پرسی فرە بازنەیی کە جێگیر نەکرا، بەڵام لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە تایبەت شێعەکان کاریگەری زۆریان لەم پرسەدا هەبووە.
هاوژین عومەر وتی: تا ئێستا بەدەر لە ناوچە کێشە لە سەرەکان، پێشبینی ناکرێت هیچ هاوپەیمانییەک لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێت و ڕەنگە واش ببێت کە کەمترین هاوپەیمانی لە هەرێمی کوردستان ببینین. ئەمەش بۆ عێراق بە گشتی دەبینرێت و تا ئێستا لایەنە سیاسییەکان بۆ تۆمارکردنی ناوی هاوپەیمانی و کاندیدەکانی خۆیان نەچوونەتە ژینگەی هەڵبژاردنەکانەوە و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش بۆ جاری سێهەم و وەک دوا موڵەت داوای لە لایەنە سیاسییەکان کردووە ناوەکان پێشکەش بکرێت.
ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق وتی: کورد تا ئێستا نەچووەتە هیچ هاوپەیمانییەک و ڕەنگە هەندێک لایەنیش ئەوەی بە لاوە باشتر بێت کە بە بێ هاوپەیمانی بچێتە هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە.
ناوبراو سەبارەت بە بەشداری لایەنە کوردییەکان لە هاوپەیمانییە پێشبینیکراوەکانی عێراق، وتی: ئەوەی کە دەبینرێت هەر دوو لایەنی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی هاوپەیمانیدا دەچن بەڵام پێناچێت هەوڵەکانیان تەواوکاری یەکتر بێت، بە واتایەکی دیکە ئەوان ڕەنگە بە جیا هاوپەیمانی بکەن و لە ماوەی ڕابردووش ئەوەمان بینی کە شاندی یەکێتی و پارتی بە جیا سەردانی بەغدایان کرد و هەوڵی ئەویاندا کە لە گەڵ بەشێکی دیار لە هێزە عێراقییەکان هاوپەیمانی بکەن.
هاوژین عومەر وتی: لایەنە سیاسییەکانی عێراقیش بەو ئەنجامە گەیشتوون کە نە یەکێتی و نە پارتی ناتوانێت بە جیا وەک نوێنەری کورد هەژمار بکرێن، ئەوان خاوەنی دوو فراکسیۆنی جیای پەرلەمانین و سیاسەت و بیرکردنەوەیان تا ڕادەیەک جیاوازیی هەیە، بەدەر لەمەش گرووپی 15 (هاوپەیمانی هیوا) کە لە ئەندام پەرلەمانەکانی دەرەوەی دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم پێکهاتووە، بۆچوونی تایبەت بە خۆیان هەیە و بە گشتی دۆخەکە وایکردووە کە لایەنە سوننە و شێعەکانیش نەتوانن سەبارەت بە هاوپەیمانی لە گەڵ کورد بگەنە بڕیاری کۆتایی و داواشیان کردووە کە کورد سەرەتا نێوماڵی خۆی ڕێکبخاتەوە و پاشان هاوپەیمانی لە گەڵ لایەنەکانی عێراقدا بکات و بە دڵنیاییەوە کە تا ئێستا هیچ هاوپەیمانییەک لە نێوان لایەنە کوردی و عێراقییەکاندا نەکراوە.
ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆتاییدا وتی: ئاراستەکان لە هەرێمی کوردستان بەرەو ئەوە دەچێت کە یەکێتی و پارتی بە بێ هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن، تەنیا هاوپەیمانییەک کە لە نێوان لایەنە کوردییەکان ڕەنگە بکرێت، لە کەرکوک و هەندێک ناوچەی مادەی 140 دەبێت تا پارێزگاری لە دەنگی کورد بکرێت بەڵام سەبارەت بە عێراق لە بەر نەبوونی یەکگرتوویی فراکسیۆنە کوردییەکان تا ئێستا هیچ هاوپەیمانییەک لە گەڵ هیچ لایەنێکی عێراقی نەکراوە./.