بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میک واڵاس ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا لە کۆماری ئیرلەندا جارێکی دیکە بە هۆی گەمارۆکانی ئێران، سوریا و کوبا ڕەخنەی لە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا گرت.
ناوبراو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توێتەر ڕایگەیاند: لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوو بەردەوام سەپاندنی سزاکانی ئەمریکامان لە دژی وڵاتانی دیکە بینیوە کە بە چەندین پاساوی وەک پێشێلکردنی مافی مرۆڤەوە بووە.
ناوبراو وتی: ئەم سیاسەتەی ئەمریکا کە لە ئێستادا یەکێتی ئەورووپاش جێبەجێی دەکات، بە بێ ڕەزامەندی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت.
واڵاس ڕایگەیاند کە گەمارۆ تاکلایانەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران، سوریا، کوبا و ڤەنزولیا بە بێ ڕەزامەندی نەتەوە یەکگرتووەکان بە واتای تیرۆریزمی ئابوری دێت کە ژیانی مرۆڤەکان لە ناو دەبات./.