بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەو دیبەیتەدا وڵاتی ئۆردن بە نموونە وەرگیرا و هەر دوو ڕۆژنامەنووسی ئۆردنی عەبدولکەریم وەحش بەڕێوەبەری نووسین لە ڕۆژنامەی الرای و نورەدین خەمایسە جێگری سەرنووسەری ڕۆژنامەی الغد بەراوردێکی ئەزمونکارییان سازدا و لایەنە خەراپ و باشەکانی ئەو یاسایەیان خستەڕوو.
ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە باسی یاسای تاوانەکانی ئەلکترۆنی وڵاتی ئۆردنیان کرد کە لە ساڵی 2015 دەرچووە و بوارەکانی میدیای ئەلکترۆنی و بڵاوکردنەوەی ئەلکترۆنی و سۆشیاڵ میدیای ئەو وڵاتە لە خۆ دەگرێت و هەروەها ئاماژەشیان بە خاڵە خەراپ و باشەکانی یاساکە و کێشەی ڕۆژنامەنووسان کرد و ڕایانگەیاند کە بە هۆی ئەو یاسایەوە ڕۆژنامەنووسان تووشی سزای گرتن بوونەتەوە کە بە پێچەوانەی یاسای چاپەمەنی وڵاتی ئۆردنە و لە ئێستادا کار لە سەر هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە دەکرێت.
لە درێژەی ئەو دیبەیتەدا تاریق جەوهەر ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان کورتە باسێکی بە زمانی عەرەبی و مەجید ساڵح بە زمانی کوردی سەبارەت بە پرۆژە یاسای میدیای ئەلکترۆنی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد کە ئەوان یاساکەیان وەک سەرەتا ئامادە کردبوو.
هەر لەو دیبەیتەدا بەشداربووان تێبینی و ڕوونکردنەوەی پێویستیان سەبارەت بە پرۆژە یاساکەی هەرێمی کوردستان و بەراوردکارییان خستەڕوو و وتووێژێکی ڕاشکاوانە و ئەرێنی لە سەر یاسای میدیای ئەلکترۆنی لە هەرێم کرا و چەند خاڵێکی گرنگ و پێویستیش تۆمار کران.
شیاوی ئاماژەیە کە پرۆژە یاسای میدیای ئەلکترۆنی کە پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان کراوە، مشتومڕی زۆری لە ناوەندە ڕۆژنامەنووسی و ڕۆشنبیرییەکانی هەرێمدا لێکەوتووەتەوە و دیبەیتەکەش لە هەمان چوارچێوەدا بووە، وەک هەنگاوێکی پێویست پێش ئەوەی ببێتە یاسا و پەرلەمان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەنگی لە سەر بدەن./.