بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شاری مەهاباد ناوەندی قەزای مەهاباد و یەکێک لە 14 قەزاکەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوایە. بەرزی مەهاباد لە ئاستی دەریا 1358 مەترە و کەش و هەوایەکی ساردی لە زستاندا هەیە و لە وەرزی هاویندا زۆر فێنک و دڵڕفێنە.
لێرەدا ئاماژە بە چەند شوێنێکی گەشتیاریی قەزای مەهاباد دەدرێت:
دەریاچەی بەنداوی مەهاباد
درووستکردنی بەنداوی مەهاباد لە ماوەی سێ ساڵدا لە 1346 تا 1349 ی کۆچی هەتاوی بووە و بە هۆی نزیکبوونی لە شاری مەهاباد بە یەکێک لە ڕاکێشییە گەشتیارییەکانی هەژمار دەکرێت. یەکەم بەنداوی ئێرانیشە کە لە شارێکەوە نزیکە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک سەردانی دەکەن.
ئەشکەوتی سەهۆڵان
یەکێک لە جوانترین و کەم وێنەترین ئەشکەوتە سرووشتییەکان و دووەم ئەشکەوتی ئاویی گەورەی ئێرانە کە تەنانەت تا سەدەی ڕابردوو شوێن و ئاسەواری ژیانی مرۆڤەکانی تێدا بەدی کراوە. قووڵایی ئاوی سەهۆڵان لە نێوان 13 تا 55 مەترە و کەوتووەتە 38 کیلۆمەتری سەر ڕێگای مەهاباد بۆ بۆکان.
ماڵی هێمنی گەورە شاعیر
شارەوانی مەهاباد لە ساڵی 1392 ی کۆچی هەتاوی مۆزەخانەی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەم شارەی لە ماڵی نووسەر و شاعیری گەورەی کورد، سەید محەممەد ئەمین شێخولئیسلامی ناسراو بە مامۆستا هێمن کردووەتەوە کە کەرەستە تایبەتەکان و هەروەها دەستنووسەکانی کەسایەتییە ناودارەکانی مەهابادی تێدا بۆ خەڵک نمایش کراوە.
مزگەوتی گشتی مەهاباد
یەکێک لە جوانترین بینا مێژووییەکانی سەردەمی سەفەوییەکان لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئێران، مزگەوتی گشتی مەهاباد یان خوێندنگەی شا سولێمانە کە لە ئێستادا کەوتووەتە ناوەڕاستی شارەکە. بەم مزگەوتە مزگەوتی سوریش دەڵێن، هۆکارەکەشی بۆ ئەو خشتانە دەگەڕێتەوە کە لە بیناکەدا بەکار هێنراون. مزگەوتی گشتی مەهاباد لە ساڵی 1348 ی کۆچی هەتاوی وەک یەکێک لە ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێران تۆمار کراوە.
گۆڕی بەداق سوڵتان
لە باشوری ڕۆژئاوای مەهاباد و لە نێو گۆڕستانی گشتی ئەم شارە، گۆڕی یەکێک لە کەسایەتییە ناودارەکانی ناوچەکە دەبینرێت. بەداق سوڵتان لە سەردەمی شا سولێمان سەفەوی ژیانی بە سەر بردووە و زۆر لە لایەن شا و خەڵکەوە ڕێزی لێگیراوە.
مۆزەخانەی مرۆڤناسی مەهاباد
مۆزەخانەی مرۆڤناسی مەهاباد لە ناوەندی ئەم شارە و لە نێو بازاڕ و مزگەوتی گشتیدایە کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی میراتی کەلتوری، پیشەسازی دەستی و گەشتیاریی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە حەمامی میرزا ڕەسوڵ و لە ساڵی 1380 ی کۆچی هەتاوی کراوەتەوە و پیشاندەری داب و نەریت و کەلتور و جلوبەرگی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکەیە./.