جام کوردی | JAMEKURDI
دووشەممە, حوزه‌یران 23, 2025
فارسی
No Result
View All Result
  • جام کوردی
  • ئابووری
  • کەلتوری
  • سیاسی
  • کۆمەڵگا
  • زانست و تەندرووستی
  • گه‌شت و گه‌شتیاری
  • جیهان
    • ئاسیا
    • ئەفریقا
    • ئەمریکا
    • ئەورووپا
  • مەڵتی میدیا
    • وێنە
    • ڤیدیۆ
  • وەرزش
  • گۆڤاره‌کان
  • جام کوردی
  • ئابووری
  • کەلتوری
  • سیاسی
  • کۆمەڵگا
  • زانست و تەندرووستی
  • گه‌شت و گه‌شتیاری
  • جیهان
    • ئاسیا
    • ئەفریقا
    • ئەمریکا
    • ئەورووپا
  • مەڵتی میدیا
    • وێنە
    • ڤیدیۆ
  • وەرزش
  • گۆڤاره‌کان
No Result
View All Result
جام کوردی
No Result
View All Result
Home ڕاپۆرت

هه‌ڵه‌ به‌رده‌وامه‌کانی ئه‌ردۆغان و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا

شوبات 17, 2016
in ڕاپۆرت
A A
0

 

RelatedPosts

نهێنی باڵادەستی کەشتییەکانی سوپای پاسداران لە کەنداوی فارس

شیکارییەک بۆ 5 میحوەری سەرەکیی وتارە گرنگەکەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە 14 ی جۆزەردان

دەرئەنجامەکانی شکستی زایۆنیستەکان لە یەمەن

جام کوردی:

تورکیا به‌ یه‌کێک له‌ وڵاتانی گه‌وره‌ و کاریگه‌ری ناوچه‌که‌ داده‌نرێت. ئه‌م وڵاته‌ ئیسلامییه‌ له‌ ئه‌گه‌ری په‌یره‌و کردنی سیاسه‌تێکی ته‌ندرووست ده‌توانێت رۆڵێکی به‌رچاوی له‌ چاره‌سه‌ربوونی کێشه‌کانی ناوچه‌که‌دا هه‌بێت.

لەچەند ساڵی رابردوو توركیا وەك یەكێك لەهێزە هەڵكەوتووەكانی ناوچەكە سەیردەكرا، ئێستا چی روودەدات؟ماوەیەك لەمەوپێش سیاسەتی دەرەوەی توركیا ببووە وێردی سەر زمانان و وا پێناسە دەكرا وەك دروشمی بریقەداری ( هیچ گرفتێك لەگەڵ هاوسێكاندا). توركیا لە هەوڵی ئەوەدا بوو كە پەیوەندیەكانی لەگەڵ هاوسێكانیدا باشبكات و بە كاوەخۆ وەك هێزێكی هەژموونگەرای ناوچەكە سەردەربهێنێت. وەك حاڵەتێكی كلاسیكی هەوڵی برەودان بوو بە دیموكراسی و ڕیفۆرمی ئابووری لەسەر ئاستی ناوخۆ و چاوەروان دەكرا هاوپێچ لەگەڵ دیپلۆماسییەتێكی هۆشیارانە بە ئاڕاستەی كردنی ئەنكەره‌ بە نێوەندگیرێك بۆ گرفتەكانی ناوچەكە.ئەم تێروانین و سیاسەتە ئەمڕۆكە نابوود بووە. ئەوەش بوەتە قوربانیی دەرەنجامە چاوەڕواننەكراوەكانی بەهاری عەرەبی، بە تایبەتی لە سووریا و هەروەها لە خۆباییبوون و بە هەڵە لێكدانەوەی سیاسی بۆ نێوخۆ و دەرەوە. حكومەتی هەرێمی كوردستانی لێدەرچێت پێوەندییەكانی توركیا لەگەڵ نزیكەی سەرجەم دراوسێكانیدا ئاڵۆزی تێكەوتووە. لە هەمان كاتیشدا گرژییەكان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان، یەكێتی ئەوروپا و ڕووسیا بە شێوەیەكی بەرچاو زیادیان كردووە. ئەنكەره‌ ئەگەر لە ئێستادا هیچ هێزێكی ڕاكێشانی نەماوە ئەوەی هەیە تەنها بە هۆی شوێنگەی جیۆگرافی و ئامادەگیەتی بۆ بەكاربردنی تاكتیكی هێز لە مامەڵە دیپلۆماسیەكاندا.بۆ ئەمەش زیاد لە یەك وەڵام هەیە بۆ ئەو پرسیارەی كە چۆن و بۆچی تموحە نێودەوڵەتییەكانی توركیا ڕووی لەهەڵوەشانەوە كردووە. لەلایەك خولیای سەرۆك ئەردۆغان بۆ گۆڕینی توركیا بە سیستمێكی سەرۆكایەتیی بە هێز و خەیاڵی ئەو لەبارەی ڕۆڵی خۆی لە جیهاندا، لەلایەكیش تێكچوونی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ كوردەكان هەموو ئەوانە كاریگەریان هەبووە لەسەر تێكچوونی سیاسەتی دەرەوەی ئەنكەره‌ كە لە سەردەمێكدا وەك سیاسەتێكی سەركەوتوو خۆی نمایش كردبوو.

توركیا و بەهاری عەرەبی:

بەر لە بەهاری عەرەبی نیشانەكانی خاوبوونەوەی سیاسەتی دەرەوەی توركیا دەركەوتن. دوای نزیكەی حەوت ساڵ لە حوكمی كۆنەپارێزی دەسكەوتەكانی توركیا بەرچاو بوون، گەشەكردنی خێرای ئابووری، گۆڕینی ئەستەمبوڵ بۆ سەنتەرێكی نێونەتەوەیی، بە دیموكراسی كردن لە نێوخۆدا و تەمبێكردنی دەزگایەكی بەهێزی وەك سوپا. پارتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغان لە سەركەوتنێكەوە بەرەو سەركەوتنێكی دی دەبرد، دەنگدەران لەلایەكەوە بە دەستكەوتەكانی ئەردۆغان مەدهۆش بوو بوون و لە لایەكی ترەوە بێهیوابوون بە ئۆپۆزسیۆنێكی بێكەڵك. دوای ئەوەی ئەردۆغان پێگەی خۆی لە نێوخۆدا قایمكردبوو دەستیكرد بە ئەنجامدانی كاری مەترسیدار. لە ساڵی ٢٠٠٩ دا و لە كۆڕبەندی ئابووری جیهانی لەڕووبەڕووبوونەوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراوی ئاشكرای لەگەڵ شیمۆن پیرێزی سەرۆكی ئەوكاتی ئیسرائیل دەستپێكرد و بە توندی ڕەخنەی گرت لە سیاسەتەكانی ئیسرائیل لە غەزە، ئەمەش بووە هۆی تێكچوونی پێوەندیەكانی نێوان هەردوولا. بەڵام لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی دەرەنجامی زۆرباشی لێكەوتەوە و ڕەواجی توركیا بەرەو ئاسمان هەڵكشا و هاووڵاتیانی عەرەب ڕوویان لە توركیا كرد چ بۆ سەردان و چ بۆ دۆزینەوەی بواری وەبەرهێنان. هەر بەدوای ئەمەدا ڕێكخراوە خێرخوازییەكانی سەر بە ئەردۆغان بڕیاری ئامادەكردنی كەشتییەكیان دا وەك تەحەددایەك بۆ ئەو ئابڵوقەیەی ئیسرائیل لەسەر غەزەی دانابوو، ئەمەش كاردانەوە بەدئاكامەكەی ئیسرائیلی بە دوای خۆیدا هێنا و بووە هۆی كوژرانی نۆ تورك و پێوەندییەكانی هەردوولا زیاتر تێكچوو. سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی بووە پاڵنەری ئەوەی ئەمریكا و توركیا زیاتر لە نزیكەوە پێكەوە كاربكەن، هەردوولا وەها دەردەكەوتن كە بەیاننامەكانیان سەبارەت بە حوسنی موبارەكی سەرۆكی میسر هاودەم بكەن بە ئامانجی وەدەرنانی، دواتریش پێكەوە كاریاندەكرد بۆ دابینكردنی چەك و تەقەمەنی بۆ سوپای ئازادی سوریا. توركیا جارێكی دی وەك مۆدێلی وڵاتێكی ناوچەكە دەركەوتەوە كە سەركەوتوانە ئیسلام و دیموكراسی ئاوێزانی یەكدی كرد لە كەسایەتی ئەردۆغان و ئاكەپەدا. لە ساڵی ٢٠١٠دا ئۆباما بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە توركیا “ دیموكراسییەكی ئیسلامیی مەزن” و “ مۆدێلێكی گرنگە بۆ وڵاتانی ئیسلامی ناوچەكە”. تەنانەت لە ساڵی ٢٠١٢ دا ئۆباما ئەردۆغانی وەك یەكێك لەو پێنج سەركردەیە ناساند كە پێوەندییەكی باشی لەگەڵدا دروستكردوە. خواستی توركیا وەهابوو زیاتر بێت لە تەنها مۆدێلێك. هەڵكشانی برایانی موسوڵمان لە میسر، تونس و سوریا كە سەركردایەتی ئاكەپە پێوەندییەكی نزیكی لەگەڵ هەبوون، ئەو ئەگەرەی هێنایە پێش كە ئەنكەره‌ ڕۆڵێكی چالاك ببینێت وەك بەهێزترین هاوپەیمانی بزوتنەوەكە لە ناوچەكەدا. بەهاری عەرەبی ڕێگەی خۆشكرد بۆ سەركردایتی ئاكەپە كە خۆی وەك بەهێزترین دەسەڵاتی ناوچەكە ببینێت. وەزیری دەرەوەی ئەوكات داود ئۆغڵو ئاماژەی پێدا “ توركیا ڕێبەرایەتی گۆڕانكارییەكان دەكات لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست… ئەمەش نەك تەنها وەك هاوەڵێك بەڵكە وەك دەوڵەتێك كە بیرۆكەی گۆڕانكاری و ڕێكخستنی نوێ بەڕوونی بەیاندەكات”.
سەردەمی توركیا هاتبووە پێش، بەڵام درێژەی نەكێشا. كاتێك حكومەتەكەی برایانی موسوڵمان لە میسر لەسەر كار لادرا لە لایەن سوپا و خۆپێشاندەرانەوە هیواكەی داود ئۆغلۆ بۆ “ ڕێكخستنی نوێ” ڕووی لە هەرەس كرد و پێوەندییەكانی توركیا لەگەڵ ڕژێمە سوپاییە نوێیەكەی میسر بە خێرایی لەبەر یەكهەڵوەشا؛ بەڵام دواجار ئەوە لە سووریادا بوو كە ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد سەرسەختانە لە ڕووی ئەو گروپە چەكدارانەدا وەستایەوە كە توركیا پاڵپشتی دەكردن، ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوەی توركیا دواجار لنگاوقووچ بوونەوە.
سوریا چۆن هاوكێشەكەی گۆڕی:

بەر لە خۆپیشاندانەكانی ساڵی ٢٠١١ سوریا نمونەی سەركەوتووی ( هیچ گرفتێك) ی سیاسەتی دەرەوەی توركیا بوو. هەر زوو دوای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن ئاكەپەوە، ئەردۆغان و بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا پەیوەندییەكی بەهێزی كاروبار و كەسێتیان دروست كرد. ئەمەش گۆڕانكارییەكی بەرچاو بوو چونكە لە ساڵی ١٩٩٨ دا توركیا هەڕەشەی سەربازی لە سوریا دەكرد بە هۆی پشتیوانیكردنیان لە پارتی كرێكارانی كوردستان، كە ئەوكات لە جەنگێكی شۆڕشگێڕانەدابوو لە دژی دەوڵەتی تورك. ئەردۆغان هاریكاری دەستپێكردنی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان سوریا و ئیسرائیلی كرد و جگە لەمەش پشتیوانی ڕژێمی بەعسی سوریای كرد كاتێك نەتەوەیەكگرتوەكان بە ڕێبەرایەتی ئەمریكا و فەرەنسا هەوڵیاندا فشار بخەنە سەر سوریا تاكو هێزەكانی لە لوبنان بكێشێتەوە.كاتێك خۆپێشاندانە هێمنانەكان لە سوریا دەستیان پێكرد، ئەردۆغان سەرەتا هەوڵیدا ڕێبگربێت لەوەی ئەسەدیش بەهەمان دەردی سەرۆكی میسر و تونس بچێت و ئامۆژگاری ئەسەدی كردبوو بەوەی هەندێك كاری ڕیفۆرمخوازی ئەنجام بدات( لە ڕاستیدا وا بڵاوە كە پێشنیاری ئەوەی كردبوو كە چاكسازییەكان پێویست ناكات ریشەیش بن) بەڵام بێبەرهەم بوو. كاتێك ئەسەد ڕێگەی بە سوپاكەی دا كە خۆپیشاندەران تێكبشكێنن، ئەردۆغان پشتیكردە هاوڕێ و هاوپەیمانەكەی. چەند هۆكارێك هەبوون بۆ پشتتێكردنەكەی ئەردۆغان: توڕەبوونی لەوەی ئەسەد ئامۆژگارییەكانی بە هەند وەرنەگرت، ئەو تێفكرینە باوەی كە ئەسەد هێندەی نەماوە لە دەسەڵات و بڕوای ئەردۆغان كە ئەو دەتوانێ سیاسەتی سوریای نوێ دابڕێژێتەوە. جگە لەمانەش هەڵكشانی توندوتیژیەكان لە مانگی ڕەمەزاندا ساڵی ٢٠١١ كە ئەردۆغان بە خۆپیشاندەرانی سوننه‌ی دەبینی. ئەردۆغان داوای لابردنی ئەسەدی كرد و بە ئاشكرا بانگەشەی ئەوەی كرد كە دیكتاتۆرەكەی سوریا تەنها چەند مانگێكی ماوە لە دەسەڵاتدا. مانگی نۆی ساڵی ٢٠١٢ ئەردۆغان وتی “ بەمزووانە دەچینە دیمەشق و ئازادانە لەگەڵ براكانمان لە مزگەوتی ئومەییە نوێژ دەكەین”.بەڵام ئەسەد بەو ئاسانییە نەكەوت. جیاوازی نێوان خواستی ئەردۆغان بۆ لاچوونی ئەسەد و شوێنگرتنەوەی لەلایەن هاوپەیمانێكی سونییەوە لە لایەك و هەقیقەتی دەستپێوەگرتنی سەرسەختانەی دیكتاتۆرەكەی سوریا بە دەسەڵاتەوە لە لایەكی دی سەركردە توركەكەی نائومێد كرد و پاڵیپێوەنا بە ئاڕاستەی سیاسەتی بە تەنها ئەنجامدانی كارەكان. جیابوونەوەی قووڵ لە نێوان توركیا و ئەمریكا وەدیاركەوتن، بە تایبەت دوای ئەوەی ئەردۆگان بێهیوایی خۆی نیشاندا لە نا ئامادەگی ئۆباما بۆ چوونە نێو ململانێكانەوە سەرەڕای زۆریی ژمارەی قوربانییە مەدەنییەكان لەسەر دەستی هێزەكانی ڕژێم.تێكچوونی پەیوەندیەكانی ئەردۆغان و ئەسەد بووە سەرەتای دەركەوتنی سیاسەتێكی تایفەگەری سوننی كە بە زیاتر بەقازانجی مانەوەی ڕژێمی سوریا كەوتەوە. سیاسەتی هاندانی شەڕكەرە بیانییەكان و واڵا كردنی سنوورەكان بۆیان لە لایەن توركیاوە بۆ گەشتنە باكووری سوریا فاكتەرێكی یاریدەدەر بووە لە زیاتر ڕادیكاڵكردنی ئۆپۆزسیۆن لە لایەك و هەڵكشانی گرژیەكانی نێوان ئەنكەره‌ و هاوپەیمانكانی لە یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا لە لایەكی دی. حكومەتی توركیا دەیزانی زۆرێك لەم شەڕكەرە بیانییانە پەیوەندی دەكەن بە گرووپە جیهادییەكانی وەك بەرەی نوسرەی پەیوەست بە ئەلقاعیدەوە، بەڵام چاوی لێدەنوقاند لەبەرئەوەی گروپە میانڕەوەكانی نێوخۆی سوریا سەركەوتوو نەبوون لە كۆتایی هێنان بە ڕژێمەكەی ئەسەد. توركیا پێیوابوو شەڕكەرە جیهادییەكان كە هەندێكیان ئەزموونی جەنگیان هەبوو وەئامادەن خۆ بە كوشت بدەن و دەتوانن ئەو ئەركە بەجێبهێنن كە سورییەكانی دی تێیدا سەركەوتوو نەبوون. دەرەنجامە نەخوازراوەكانی گردبوونەوەی دەیان هەزار شەڕكەری بیانی لە سوریادا بە خێرایی دەركەوتن. زۆرێك لەو شەڕكەرانە ڕویان لە دەوڵەتی ئیسلامی كرد و بوونە هاوكاری گەیاندنی بەوەی كە ئێستا هەیە. لە مانگی پێنجی ساڵی ٢٠١٢ دا لە كاتی سەردانیدا بۆ واشینگتۆن ئۆباما داوا لە ئەردۆغان دەكات كە چیدی هاریكاری گرووپە جیهادییەكان نەكات بە تایبەتی بەرەی ئەلنوسرە و ڕێگە بگرێت لە تێپەڕ بوونیان لە سنورەكانی توركیاوە، بەڵام ئیدی ئەوكات ژێرخانێكی جیهادی لە نێو توركیادا شكڵیگرتبوو كە تا هەنووكەش لایەنە فەرمییە ئەمنییەكانی توركیا دەترسێنێت.
سوودمەندی سەرەكی لە واڵاكردنی سنوور دەوڵەتی ئیسلامی بووە. ئەو ژێرخانەی لە توركیا پەرەی پێدرا بۆ هاریكاری كردنی جیهادییەكان، دواجار بەكاردەبرێت بۆ هێرشكردنە سەر شارەكانی توركیا، سەرەتا لە دیاربەكرەوە دواتر سورچە و ئەنكەره‌ و ئەستەمبوڵ. سێ بۆمبی یەكەم كورد و چەپەكانی كردە ئامانج و بووە هۆی كوژرانی زیاد لە ١٣٥ كەس، دوایینترینیان لە ناوچەیەكی گەشتیاری ئەستەمبوڵ بوو، كە بووە هۆی كوژرانی ١١ گەشتیاری ئەڵمانی. دەوڵەتی ئیسلامی ڕكابەرە سوریەكانی خۆی لە نێو خاكی توركیادا كوشتوە بە بێ هیچ گرفتێك و هەروەها مامەڵەی گۆڕینەوەی دەستبەسەرە سوریەكانی لە بەرامبەر پارەدا هەر لە نێو خاكی توركیادا ئەنجامداوە.

پرســــی كورد:

بەهێز بوونی كوردەكان گرنگترین دەرەنجامی تێكچوونی بارودۆخی سوریا بوو، كورد كەپێشتر سەركوتكراو و بێبەشكراو لە مافی دەنگدان لە لایەن ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی سوریاوە بوو توانییان سوود لە بارودۆخی تێكچوی سوریا وەربگرن و لەو ناوچانەدا كە زۆرینە پێكدێنن دەسەڵات بگرنە دەست و هەر زووش هاوپەیمانێكی بەهێزیان وەدەستخست، كاتێك لە ئۆكتۆبەری ٢٠١٤ دا دەوڵەتی ئیسلامی پێشڕەویان دەكرد بەرەو كۆبانێ هێزە ئاسمانییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان گروپە جیهادییەكانی كردە ئامانج و پەیوەندییەكی ناوازە و سەركەوتووی دەستپێكرد كە كاریگەرترین فاكتەری وەدەرنانی داعش بووە لەو ناوچانەی داگیری كردبوون .بەڵام قووڵبوونەوەی ئەم پەیوەندییانە لەسەر حسابی حكومەتی توركیا بوو. هێزی باڵادەستی كوردەكانی سوریا (پەیەدە) لانیكەم هاوپەیمانێكی نزیكی پەكەكەیە ئەگەر لقێك نەبێت لێی و لەلایەن ئەوانەوە پەروەردە و مەشق پێكراوە و كراوەتە هێزێكی جەنگاوەری بەهێز. واشینگتۆن ئەوەی ئاشكرا كردوە كە جیاكاری دەكات لە نێوان پەیەدە و پەكەكەدا سەرەڕای پەیوەندی بەهێزی نێوان ئەم دوو ڕێكخراوە. لە دیدگای یاساییەوە لە كاتێكدا پەكەكە لە نێو لیستی ئەمریكای ڕێكخراوە تیرۆریستیەكاندایە، پەیەدە لەو لیستەدا نیە و هاریكاری سەربازی كراوە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە لە جەنگی دژی داعشدا. لە كاتێكدا پەیوەندیەكانی واشینگتۆن لەگەڵ پەیەدە زیاتر قووڵدەبنەوە تەنها دیاری واشینگتۆن بۆ ئەنكەرا ڕازیمەند بوونی بووە بە داوەتنەكردنی پەیەدە بۆ بەشداری كردن لە كۆنگرەی جنێڤ بۆ گفتوگۆی ئاشتی سوریا.
بە ئاوڕدانەوە بۆ دواوە دەبینین كە سەركەوتنی كوردەكانی سوریا لە كۆبانێ گورزێكی كوشندە بوو لە پرۆسەی ئاشتی نێوخۆی توركیا لەگەڵ كوردەكان. لەو كاتانەدا ئەردۆغان بە توندی ڕەخنەی لە دەستوەردانی ئەمریكا لە كۆبانێ دەگرت، چون ئەو خۆی و پارتەكەی پەیەدەیان بە مەترسیەكی گەورەتر لە داعش دەبینی. لە مانگی دووی ٢٠١٥ دا ئەردۆغان لەو ڕێكەوتنە پاشگەز بوویەوە كە یاریدەدەرەكانی لەگەڵ هەدەپە و پەكەكەدا لەسەری ڕێككەتبوون، بەڵگەنامە نوێیەكان ئەوە نیشاندەدەن كە خاڵی تێكشكان ترسی ئەو بووە لەوەی كە كوردەكانی سوریاش هەمان ئەزموونی كوردەكانی عێراق دووبارە دەكەنەوە و ناوچەیەكی ئۆتۆنۆمی لەسەر سنوری باشوری توركیا دادەمەزرێنن.هاوینی ساڵی ڕابردوو جەنگ لەگەڵ پەكەكە بە تەواوی دەستی پێكردەوە، لە هەڵبژاردنەكانی مانگی شەشەوە تا ئێستا ٢٥٦ كەس لە هێزە ئەمنییەكان كوژراون، قوربانییەكانی پەكەكەش ئەگەرچی زەحمەتە بە تەواوی بزانرێت بەڵام زۆر بوون. هەروەها بۆمبارانكردنی ماڵان لە لایەن تانكە توركەكانەوە لە شارەكانی وەك سلۆپی و جزیرە و ناوچەی سوری ئامەد كە تێیدا باڵی لاوانی پەكەكە بڕیاریبەرگرییەكی بەهێزیان كردوە بەڵام وێرانكارانە بووە.ئەردۆغان باش لەوە تێگەشتبوو كە گەمارۆی سەر كۆبانێ خاڵی وەرچەرخان دەبێت لە چارەنووسی كوردەكاندا و تەنها دوو بژاردەی لەبەردەمدا بوو، هاریكاری كردن یان دوژمنایەتی كردن؛ ئەو دووەمیانی هەڵبژارد. لە كاتێكدا كە كوردەكان پێگەی ئەردۆغانیان لە نێوخۆ و دەرەوە لاواز دەكرد، دەستوەردانی ڕوسیا لە سوریا بۆ پشتیوانی كردن لە ئەسەد زیاتر بارودۆخەكەی بۆ سەرۆكەكەی توركیا ئاڵۆز كرد. لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٥ دا و لە هەنگاوێكی كەمتەرخەمانەدا چەكدارە توركەكان فڕۆكەیەكی ڕوسییان خستە خوارەوە كە بۆ چەند ساتێكی كەم سنوری ئاسمانیی توركیای بەزاندبوو، لە بەرامبەردا ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی ڕوسیا كاردانەوەی توندی تۆڵە ئاسای لە ڕووی ئابووری سیاسی و سەربازیەوە نواند. لێكدانەوەكانی ئەردۆغان بۆ پوتین هەڵە بوون و بڕیاری خستنە خوارەوەی فڕۆكەكە لەو بێزاریەوە سەرچاوەی گرتبوو كە لەلایەك سیاسەتەكانی لە سوریادا شكستی هێنابوو، لە لایەكی ترەوە ڕوسیا و ئێران سەركەوتوانە سوپا تێكشكاوەكەی ئەسەدیان جارێكی دی ژیاندبوەوە لە بەرامبەر هاوپەیمانەكانی توركیا لە وڵاتدا.بارودۆخی سوریا هەریەك لە ئێران و توركیای خستبووە دوو بەرەی بەرامبەر، لە سەرەتای ململانێكانی سوریاوە تاكو كۆتاییەكانی ساڵی ٢٠١٥، كاتێك سوپای ڕوسیا ڕاستەوخۆ دەستیان لە دۆخەكە وەردا و ڕۆڵی سوپای قودسی ئێران زیاتر ڕوونبویەوە توركیا و ئێران ڕێككەوتبوون كە هاوڕانین لەسەر ڕەوشەكە. پەیوەندییەكی زۆر بەهێزی ئابووری كە فرۆشی بڕێكی مەزن لە ئاڵتون و پشتبەستنی توركیا بە گازی ئێران لەخۆدەگرێت لە لایەك و پێویستی ئێران بەو داهاتەی لە دەرەوە دەستیدەكەوت لە لایەكی ترەوە، هۆكار بوون بۆ ئەوەی ئەم دوو دەوڵەتە بە ئاشكرا لە یەك نەخوێنن. بەڵام ئەم ڕەوشە لە گۆڕاندایە چون بەرخوردی هێزەكان لەسەر زەوی شەپۆلەكانیان بە ئاڕاستەی بەرژەوەندیەكانی ئەسەد وەرگێڕاوە.ئەردۆغان دەستبەرداری خەونی كاریگەری توركیا لەسەر ناوچەكە نەبووە و بەم دواییانە ئەنكەرا بڕیاری كردنەوەی بنكەیەكی سەربازیی دەریایی لە قەتەر ڕاگەیاند و هەروەها بڕیارە شوێنی مەشق و ڕاهێنان لە سۆماڵیش بكرێتەوە. سەرۆكی توركیا سەلماندویەتی كە هەركات پێویستیی بخوازێت دەتوانێت گۆڕانكاری دەستبەجێ لە سیاسەتەكانیدا بكات، دواترین نمونە سەرلەنوێ گەرمكردنەوەی پەیوەندییەكانیەتی لەگەڵ ئیسرائیل. ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل بواری ئەو هەلە زێڕینە واڵا دەكات كە بۆری گاز لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە بە قوبرسدا بەرەو توركیا ڕابكێشرێت.

هەنگاوی داهاتووی ئەردۆغان چی دەبێت:

ئەردۆغان ڕووبەڕووی سێ گرفتی پێكەوە بەستراو بووەتەوە. ئەو، بێپسانەوە لە هەوڵی گۆڕینی دەستووردایە بۆ كۆكردنەوەی دەسەڵاتەكان لە سەرۆككۆماردا، بۆ ئەوەی وڵات بەڕێوە ببات بەبێ ڕووبەبەڕووبوونەوەی هیچ گرفتێك لەلایەن دامودەزگاكانییەوە، گرفتێكی دی هەڵكشانی ململانێكانە لەگەڵ كورد كە مەترسی چوونی بە ئاقاری دابڕانی یەكجارەكی هەیە لە دەوڵەتی تورك، هەرەوها بەردەوام خراپتر بوونی ڕەوشی سوریا نەك هەر هەڕەشەی خراپتر كردنی ململانێكانی ناوخۆ دەكات لەگەڵ كوردەكان، بەڵكە مەترسی لاوازكردنی پەیوەندییەكانیشی هەیە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان، چون واشینگتۆن لە هەوڵی بەهێزتركردنی پەیوەندییەكانیدایە لەگەڵ كوردەكانی سوریا.ئەردۆغان دەبێت هەندێك لەم ئامانجانەی وەدیبهێنێت ( بە تایبەت بەرجەستە كردنی سیستمێكی سەرۆكایەتی) بەڵام نرخەكەی دابەشبوونی زیاتر دەبێت چ لە نێو كۆمەڵگەی توركیدا و چ لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا. ئەردۆغان بڕوای وایە كە ئەو شێوازی مامەڵەیەی لەگەڵ كوردەكاندا پەیڕەوی دەكات سەركەوتوو دەبێت، ئەو پشتئەستوورە بە نائومێدی هەندێك خەڵك لە نێو كۆمەڵگەی كوردیدا و هیواخوازە ئەوانە لە دژی پەكەكە ڕابوەستنەوە بە تایبەت كەسانی ئایینی. لەلایەكی ترەوە و لە هەمان كاتدا ئەو ئازارەی كە شارە كوردنشینەكان دەیچێژن پێدەچێت كە كاریگەریەكی درێژخایەنی لەسەر كۆمەڵگەی كوردەواری هەبێت. گۆڕانكاری بارودۆخە نێونەتەوەییەكان بە تایبەت لە عێراق و سوریا پێشنیازی ئەوە دەكەن كە هەنووكە سەركەوتنێكی سەربازی پێدەچێت شیاوی ئەو هەموو قوربانیدانە نەبێت.سەبارەت بە سوریاش بە ئاشكرا دیارە كە جیاوازییەكی زۆر هەیە لە نێوان ئەولەویەتی توركیا لە لایەك و ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتوەكان لە لایەكی دی. بۆ هاوپەیمانە خۆرئاواییەكانی توركیا گرنگترین بابەت تێكشكاندنی دەوڵەتی ئیسلامیە، بەڵام بۆ ئەنكەرا ڕووخانی ئەسەد و ڕێگەگرتن لە دروستبوونی هەرێمێكی ئوتۆنۆمی كوردی لە سوریا خەمی هەرە گەورەن. بەردەوامبوونی گرفتەكانی نێوخۆ لەگەڵ كورد زیاتر پاڵ بە توركیاوە دەنێت بۆ دووركەوتنەوە لە هاوپەیمانەكانی لە سوریا.كرۆكی بابەتەكە ئەمەیە: سیاسەتی دەرەوەی توركیا چیدی لەبارەی توركیاوە نییە، بەڵكە لەبارەی ئەردۆغانەوەیە بۆ پەلەكوتێكردنی لە نێوخۆ و دەرەوە، ئەردۆگان لە نێوخۆی وڵاتدا ملی ڕێگەیەكی بیرتەسكانەی گرتوە و دامودەزگا لە بنەڕەتدا لاوازەكانی لاوازتر كردوە و سەرلەنوێ بە وێنای خۆی بونیادی ناونەتەوە، پێگەی بێچەندوچوون و هەمیشە ئامادەی مانای ئەوەیە كە سیاسەتی دەرەوە بەرهەمی دونیابینی و بژاردە و ئارەزووی ئەوە. هیچكەسیش ناتوانێت لە ڕوویدا بوەستێتەوە، چونكە كاری سیستماتیكی ساڵانی پێشوو ڕێگەی خۆشكردوە بۆ زیادەڕۆیی و هەر ئەمەش هۆكاری هەڵكشان و داكشانی سیاسەتی دەرەوەی توركیایە..
ئه‌مه‌یه‌ سیاسه‌ت و ده‌ره‌نجامی هه‌ڵه‌کانی ئه‌ردۆغان له‌ ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه‌ی تورکیا که‌ بی گومان ناوچه‌که‌ی به‌ره‌و ئاقارێکی مه‌ترسیدار بردووه‌ و مه‌ترسییه‌کانی به‌ تایبه‌ت له‌ دۆسیه‌ی سوریا زیاتر به‌دی ده‌کرێت، مه‌ترسییه‌ک که‌ شه‌ڕێکی گه‌وره‌ی بۆ ناوچه‌که‌ لێده‌که‌وێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر پێش له‌ به‌رزه‌فڕه‌کانی سه‌رۆکی تورکیا نه‌گیرێت.

نووسه‌ر: هێنری بارکیی / سه‌رچاوه‌: فارن پالیسی

Tags: ئێرانبازرگانیپزیشکته‌ندروستیجام کوردیدوکتۆر جام کوردی یه‌که‌مین گۆڤاری نێوده‌وڵه‌تی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ هه‌رێمی کوردستانگه‌شت و گه‌شتیاریگۆڤارهاورده‌کاریهه‌رێمی کوردستانهه‌نارده‌کاریهه‌واڵه‌کان
Previous Post

ئه‌لعه‌بادی: ئاماده‌ی ده‌ست له‌ کار کێشانه‌وه‌م/ جیابوونه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کورداندا نییه‌

Next Post

پیشانگای کتێب و به‌رهه‌مه‌ فه‌رهه‌نگییه‌کانی ئێران له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت

RelatedPosts

نهێنی باڵادەستی کەشتییەکانی سوپای پاسداران لە کەنداوی فارس
ڕاپۆرت

نهێنی باڵادەستی کەشتییەکانی سوپای پاسداران لە کەنداوی فارس

حوزه‌یران 7, 2025
شیکارییەک بۆ 5 میحوەری سەرەکیی وتارە گرنگەکەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە 14 ی جۆزەردان
ڕاپۆرت

شیکارییەک بۆ 5 میحوەری سەرەکیی وتارە گرنگەکەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە 14 ی جۆزەردان

حوزه‌یران 6, 2025
دەرئەنجامەکانی شکستی زایۆنیستەکان لە یەمەن
ڕاپۆرت

دەرئەنجامەکانی شکستی زایۆنیستەکان لە یەمەن

حوزه‌یران 5, 2025
ئیمام خومەینی؛کەسایەتییەک بۆ هەموو مێژوو و هەموو جوگرافیایەک
ڕاپۆرت

ئیمام خومەینی؛کەسایەتییەک بۆ هەموو مێژوو و هەموو جوگرافیایەک

حوزه‌یران 4, 2025
سیخوڕیکردن بۆ ئێران لە ئیسرائیلدا خەریکە دەبێتە دیاردەیەکی بەربڵاو
ڕاپۆرت

سیخوڕیکردن بۆ ئێران لە ئیسرائیلدا خەریکە دەبێتە دیاردەیەکی بەربڵاو

حوزه‌یران 3, 2025
داعش بە “خەلافەتی سێبەر” گەڕایەوە سوریا
ڕاپۆرت

داعش بە “خەلافەتی سێبەر” گەڕایەوە سوریا

حوزه‌یران 3, 2025
Next Post

پیشانگای کتێب و به‌رهه‌مه‌ فه‌رهه‌نگییه‌کانی ئێران له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ ده‌چێت

وەڵامێک بنووسە هەڵوەشاندنەوەی وەڵام

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Stay Connected test

  • 139 Followers
  • 205k Subscribers
  • 23.9k Followers
  • 99 Subscribers
  • Trending
  • Comments
  • Latest

پیره میرد؛ ژیان و به رهه مه کانی

كانونی دووه‌م 16, 2025
سرووشتی جوانی گەلی شێرانە، ناحیەی دێرەلوک، قەزای ئامێدی

سرووشتی جوانی گەلی شێرانە، ناحیەی دێرەلوک، قەزای ئامێدی

نیسان 21, 2021
سوودە گرنگەکانی خواردنی گیراوی ڕازیانە

سوودە گرنگەکانی خواردنی گیراوی ڕازیانە

كانونی دووه‌م 3, 2022
سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی: ڤێزەی گەشتیاری ئازاد نەکراوە

سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی: ڤێزەی گەشتیاری ئازاد نەکراوە

ته‌مموز 3, 2021

به‌رده‌وامین له‌ یارمه‌تی سه‌ربازی سوپای سوریا

0

ئه‌ردۆغان باجی سیاسه‌ته‌ دووپاڵوه‌کانی ده‌دات

0

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا سه‌ردانی تاران ده‌کات

0

داعش 100 هه‌زار هێزی چه‌کداری هه‌یه

0
ڕۆناڵدۆ؛ یامال لەگەڵ ڤیتینیا بەراورد بکە، نەک لەگەڵ من!

ڕۆناڵدۆ؛ یامال لەگەڵ ڤیتینیا بەراورد بکە، نەک لەگەڵ من!

حوزه‌یران 7, 2025
دێشامپ؛ هیچ هێرشبەرێک لە جیهاندا لە ئێمباپێ باشتر نییە!

دێشامپ؛ هیچ هێرشبەرێک لە جیهاندا لە ئێمباپێ باشتر نییە!

حوزه‌یران 7, 2025
شۆکێکی گەورە بۆ پاریس سانجێرمان لە سەرەتای جامی جیهانی یانەکان

شۆکێکی گەورە بۆ پاریس سانجێرمان لە سەرەتای جامی جیهانی یانەکان

حوزه‌یران 7, 2025
پەیامی گرنگی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ یاریزانانی هەڵبژارده ئەو وڵاتە

پەیامی گرنگی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ یاریزانانی هەڵبژارده ئەو وڵاتە

حوزه‌یران 7, 2025

Recent News

ڕۆناڵدۆ؛ یامال لەگەڵ ڤیتینیا بەراورد بکە، نەک لەگەڵ من!

ڕۆناڵدۆ؛ یامال لەگەڵ ڤیتینیا بەراورد بکە، نەک لەگەڵ من!

حوزه‌یران 7, 2025
دێشامپ؛ هیچ هێرشبەرێک لە جیهاندا لە ئێمباپێ باشتر نییە!

دێشامپ؛ هیچ هێرشبەرێک لە جیهاندا لە ئێمباپێ باشتر نییە!

حوزه‌یران 7, 2025
شۆکێکی گەورە بۆ پاریس سانجێرمان لە سەرەتای جامی جیهانی یانەکان

شۆکێکی گەورە بۆ پاریس سانجێرمان لە سەرەتای جامی جیهانی یانەکان

حوزه‌یران 7, 2025
پەیامی گرنگی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ یاریزانانی هەڵبژارده ئەو وڵاتە

پەیامی گرنگی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ یاریزانانی هەڵبژارده ئەو وڵاتە

حوزه‌یران 7, 2025
جام کوردی | JAMEKURDI

Follow Us

Browse by Category

  • ئابووری
  • ئاسیا
  • ئەفریقا
  • ئەمریکا
  • ئەورووپا
  • جیهان
  • دسته‌بندی نشده
  • زانست و تەندرووستی
  • ڕاپۆرت
  • سیاسی
  • ڤیدیۆ
  • کەلتوری
  • کۆمەڵگا
  • گه‌شت و گه‌شتیاری
  • گۆڤاره‌کان
  • مەڵتی میدیا
  • نوێترین هەواڵ
  • هەڵبژاردە
  • هەڵبژاردەی سەرنووسەر
  • وتار
  • وتووێژ
  • وەرزش
  • وێنە

Recent News

ڕۆناڵدۆ؛ یامال لەگەڵ ڤیتینیا بەراورد بکە، نەک لەگەڵ من!

ڕۆناڵدۆ؛ یامال لەگەڵ ڤیتینیا بەراورد بکە، نەک لەگەڵ من!

حوزه‌یران 7, 2025
دێشامپ؛ هیچ هێرشبەرێک لە جیهاندا لە ئێمباپێ باشتر نییە!

دێشامپ؛ هیچ هێرشبەرێک لە جیهاندا لە ئێمباپێ باشتر نییە!

حوزه‌یران 7, 2025

© 2020

No Result
View All Result
  • ئابووری
  • کەلتوری
  • سیاسی
  • کۆمەڵگا
  • زانست و تەندرووستی
  • گه‌شت و گه‌شتیاری
  • جیهان
    • ئاسیا
    • ئەفریقا
    • ئەمریکا
    • ئەورووپا
  • مەڵتی میدیا
    • ڤیدیۆ
    • وێنە
  • وەرزش
  • گۆڤاره‌کان
  • زبان فارسی

© 2020