بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هۆشەنگ کامکار لە پەیجی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام نووسی: ئەم بەیانییە، کاتێک لە خەو هەستام، «سەبا»، بە دەنگە دەنگێکەوە هاتە ژوورەکەم و وتی: “باوکە، ڕۆژبوونت پیرۆزە.
ئەرێ بابە ئەزانی ئەمڕۆ، ڕۆژی باوکیشە؟”
لە ڕاستیدا، من زۆر دەربەستی بۆنەگەلی تایبەت نیم. بەڵام یەکگرتنەوەی ڕۆژی باوک و ڕۆژبوونی خۆم، هانی دام ئەم دەقە بنووسم و ئەم ڕۆژە لە هەموو ئەو باوکانەی بە عیشقەوە مناڵانیان پەروەردە ئەکەن، پیرۆزبایی بکەم و جارێکی تر، لە رۆژبوونمدا، سپاسی باوکم، مامۆستا«حەسەن کامکار» کە بۆ موسیقیی ئەم وڵاتە باوکایەتیی کرد، بکەم و بڵێم:
مامۆستا؛
باوکی نازەنینم،
نازانم لە کوێی ئەم کەونە ئارامت گرتووە بەڵام بزانە
کە تا دوا ڕۆژ، تا ئەو ڕۆژەی دەنگی شنەی با و پشکووتنی شکۆفەکانی بەهارم گوێ لێبێ، تا ئەو ڕۆژەی لە دەنگی ساز و ئامێر چێژ ببەم و تا ئەو ساتەی دەستەکانم توانای ئافراندنی موسیقییان هەبێ، منەتباری تۆ ئەبم.
باوکی ئازیزم
بۆ ئەوەی بوونی منت بو شکۆی موسیقیەوە گرێ دا، سپاست ئەکەم.
دەستەکانت، خاک، ساز، کێو و تەواوی شیعرە عاشقانەکانی دنیا ماچ ئەکەم و یادی تۆ بە گیانم، بە بوونم و بە هزرم و بە هەرچی سەوزەگیای ئەم بەهارەوە گرێ ئەدەم تا فەرامۆشی نەکەن کە پیاوێک لە خاکی «کوردستانەوە»، بە نێوی «حەسەن کامکار»، مەزنترین سەمفۆنیی عیشقی، بۆ دنیا نووسیوە.