جام کوردی:
کاتێک سه‌رۆک کۆمار حه‌سه‌ن ڕۆحانی مانگی ڕابردوو سه‌ردانی ڕۆمای کرد، به‌رپرسانی بازرگانی ئێران و ئیتالیا چه‌ندین گرێبه‌ستی جۆربه‌جۆریان له بواره‌کانی وزه و ژێرخانه‌کان تا ئاسن و پۆڵا و که‌شتی سازی به بڕی 22 ملیار دۆلار واژۆ کرد. پێشوازی که‌م وێنه له ڕۆحانی له ئه‌ورووپا که سه‌ردانی ڤاتیکان و فه‌رانسه‌شی له خۆ گرت، یه‌که‌م سه‌ردانی ناوبراو پاش جێبه‌جێ کردنی ڕێکه‌وتننامه‌ی ناوه‌کی و هه‌روه‌ها یه‌که‌م سه‌ردانی سه‌رۆک کۆماری ئێران بۆ ئه‌ورووپا له 16 ساڵی ڕابردوو بووه.
سه‌ردانی ڕۆحانی بۆ ئه‌ورووپا به ڕوونی بۆ دابین کردنی ده‌رفه‌تی نوێ به مه‌به‌ستی ده‌رهێنانی ئێران له دووره‌په‌رێزی ده ساڵه بووه که به هۆی گه‌مارۆکانه‌وه به‌رۆکی ئه‌م وڵاته‌ی گرتبوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش شرۆڤه‌کاران سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که چۆن ڕۆحانی سه‌ردانی ئیتالیای کرد به گومانه‌وه ده‌ڕوانن. به‌م خوێندنه‌وه‌ش ئیتالیا وه‌ک ئه‌ڵمانیا و فه‌رانسه هێزێکی ئابوری جیهانی نییه و به‌رده‌ر له‌مه‌ش ڕۆما له دانوستانه‌کانی 1+5 به‌شدار نه‌بووه.
هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌م بابه‌ته‌ش ئه‌وه‌یه که ئێران ماوه‌یه‌کی زۆره که به ئیتالیا وه‌ک یه‌کێک له نزیکترین هاوبه‌شه‌کانی له رۆژئاوا ده‌ڕوانێت. سه‌رۆک کۆمار ڕۆحانیش چه‌ندین جار ئاماژه‌ی به‌مه دا که ئیتالیا ده‌روازه‌ی گه‌یشتنی ئێران به ئه‌ورووپایه.
هاوکارییه ئابورییه‌کان:
له سه‌رده‌می هاوچه‌رخ، ئێران و ئیتالیا هاوکاری ئابوری نزیکیان پێکه‌وه هه‌بووه. کۆمپانیاکانی ئیتالیا تا پێش به‌هێزبوونی گه‌مارۆکانی سه‌ر ئێران، به‌شداری چالاکیان له بازاڕه‌کانی ئه‌م وڵاته‌دا هه‌بووه. له ساڵی 2011 ڕێژه‌ی بازرگانی نێوان ئێران و ئیتالیا بۆ 7 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار به‌رز بووه‌وه. به‌شێکی زۆری هاوکارییه ئابوری و بازرگانییه‌کانی نێوان ئه‌م دوو وڵاته له به‌شی وزه‌دایه. ئێران ڕۆڵێکی گرنگی سه‌باره‌ت به دابین کردنی پێداویستییه‌کانی ئیتالیا له بواری وزه‌دا هه‌یه و له سه‌دا 7ی نه‌وتی خاوی هه‌نارده‌ی ئه‌و وڵاته ده‌کات. به تایبه‌ت به ئاڵۆزییه ژئۆپۆلیتیکییه‌کانی باکوری ئه‌فریقا و قه‌یرانی سیاسی ئۆکرانیا، ڕۆما له پێناو دابین کردنی جێگره‌وه‌یه‌ک بۆ گازی لیبیا و ڕووسیا له ژێر گوشاردایه.
کاتێک که ڕۆحانی له ڕۆما بوو، چه‌ندین گرێبه‌ستی گه‌وره له نێوان دوو وڵات واژۆ کرا. دانیلی گرێبه‌ستێکی 6 ملیار و 200 ملیۆن دۆلاریی سه‌باره‌ت به که‌ره‌سته و مه‌کینه‌ی قورسی په‌یوه‌ندیدار به پیشه‌سازی ئاسن و پۆڵا واژۆ کرد. سایپم گرێبه‌ستێکی 3 ملیار و 800 ملیۆن دۆلاریی بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی پاڵاوگه‌کانی شیراز و ته‌ورێز واژۆ کرد. ڤینچی سه‌باره‌ت به گه‌شه‌پێدانی فڕۆکه‌خانه‌ی شه‌هید هاشمی نه‌ژادی مه‌شهه‌د گرێبه‌ستێکی له گه‌ڵ لایه‌نی ئێرانی واژۆ کرد.
داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌کانی ئێران و ئیتالیا:
کاتێک که ڕۆحانی گه‌یشته ڕۆما، گاردی نیشتمانی پێشوازییان له ناوبراو کرد و به‌رپرسه‌کانی ئیتالیاش په‌یکه‌ره ڕووته‌کانی مۆزه‌خانه‌ی ڕۆمایان وه‌ک ڕێزێک له به‌رامبه‌ر سه‌رۆک کۆماری ئێران داپۆشی. ناوبراو له گه‌ڵ هاوتا ئیتالیایه‌که‌ی سه‌باره‌ت به قه‌یرانه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وتووێژی کرد، ئه‌و شوێنه‌ی که هه‌ر دوو لا ڕا و بۆچوونی هاوبه‌شیان هه‌یه. ماتێئۆ ڕنزی سه‌رۆک وه‌زیرانی ئیتالیا له کاتێکدا که له ته‌نیشت ڕۆحانی ڕاوه‌ستابوو، وتی که تاران و ڕۆما به هاوبه‌شی له به‌رامبه‌ر شه‌یتانی داعش ده‌وه‌ستنه‌وه.
ئیتالیا ڕۆڵێکی گرنگی له به‌ره‌وپێشچوونی وتووێژه‌کانی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا هه‌بووه. سه‌رۆک کۆمار محه‌ممه‌د خاته‌می له ساڵی 1999 سه‌ردانی ڕۆمای کرد و ئه‌مه‌ش یه‌که‌م سه‌ردانی سه‌رۆک کۆماری ئێران بۆ کیشوه‌ری ئه‌ورووپا بووه. له سه‌ره‌تای ساڵی 2014 ماوه‌یه‌کی که‌م له ڕێکه‌وتنی کاتی نێوان ئێران و شه‌ش وڵاتی زلهێزی جیهانی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتالیا سه‌ردانی تارانی کرد تا یه‌که‌م وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ورووپی بێت که پاش نه‌مانی محه‌ممه‌د خاته‌می له ده‌سه‌ڵات له ساڵی 2005 سه‌ردانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردبێت.
ماوه‌یه‌کی که‌م پاش ئه‌م سه‌ردانه، زیاتر له 17 وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ورووپی سه‌ردانی ئێرانیان کرد. ساڵی ڕابردووش فدریکا موگرینی به توندی پشتیوانی خۆیی بۆ ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی ڕاگه‌یاند. ده‌ستبه‌جێ پاش په‌سه‌ند کردنی ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی، موگرینی له یادداشتێکدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که ئه‌م ڕێکه‌وتنه ده‌بێته هۆی ئاوه‌ڵابوونی درگای هه‌وڵه هاوبه‌شه‌کانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئێران له پێناو چاره‌سه‌ربوونی قه‌یرانه‌کانی ناوچه‌که له سوریا تا یه‌مه‌ن.
به‌ده‌ر له په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌کان، دیپلۆماسی، وزه و ئه‌منی، په‌یوه‌ندی ڕۆشنبیری له نێوان ئێران و ئیتالیا بوونی هه‌یه. هه‌ر دوو وڵات، نوێنه‌رایه‌تی شارستانیه‌تێکی گه‌وره ده‌که‌ن و له بواره‌کانی زانکۆیی، هونه‌ری، مێژوویی، وێژه‌یی و سه‌رده‌می کۆن نزیکایه‌تییان پێکه‌وه هه‌یه. ڕۆما ده‌روازه‌ی گه‌یشتنی ئێران به ئه‌ورووپایه و ئیتالیا ڕۆڵێکی گرنگی له کۆتایی هێنانی دووره‌په‌رێزی سیاسی و ئابوری تاران ده‌گێڕێت.
نووسه‌ران: سینزا بیانکۆ و جۆرجیۆ کافیرۆ
سه‌رچاوه: لۆب لاگ
وه‌رگێڕان: جام کوردی