بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی لە گەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە لەو کۆبوونەوەدا دوایین بابەتە سیاسی و ئەمنی و نیشتمانییەکان باس کراوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە هێرشە ڕۆکێتییەکەی سەر هەولێر تاوتوێ و هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغدا لە بوارەکانی ئەمنی و هەواڵگری بە پێویست زانراوە.
لە کۆبوونەوەکەی شاندی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی عێراق هەروەها پرسی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 و پشکی هەرێمی کوردستان تاوتوێ و جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەبێت سەروەت و سامانی وڵات بە شێوازی یەکسان لە نێوان عێراقییەکان بە بێ جیاوازی و جیاکردنەوە و بە پێی دەستوور دابەش بکرێت./.