جام کوردی:
هاوکات له گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی شه‌ڕی تائیفی له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و کێبه‌ڕکێی ژئۆپۆلتیکی عه‌ره‌بستان و ئێران پاش له سێداره‌دانی شێخ نه‌مر، سه‌رکرده‌ی وڵاتانی ناوچه‌ی که‌نداوی فارس به‌رده‌وام باس له پێگه و گرنگی ئه‌نجومه‌نی هاریکاری که‌نداوی فارس ده‌که‌ن. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، لێکدانه‌وه‌کان پیشان ده‌ده‌ن هه‌نگاوه دیپلۆماسییه‌کانی وڵاتانی بچووکی که‌نداوی فارس دژ به تاران به ئامانجی به‌ره‌وپێشچوونی به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتمانییه‌کانی ئه‌م وڵاتانه‌یه و له پێناو یه‌کێتی نێوان ئه‌م وڵاتانه‌دا خوێندنه‌وه‌ی بۆ ناکرێت.
قه‌ته‌ر له 6ی ژانۆیه‌ی ئه‌مساڵ باڵوێزی خۆیی له تاران کشانده‌وه، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌کانی له گه‌ڵ ئێران نه‌پچڕاند. ئه‌مه‌ش نموونه‌یه‌کی گونجاوه له‌م پێناوه‌دا. پێ ده‌چێت که قه‌ته‌ر خۆی به که‌ڵک وه‌رگرتن له پێکدادان و کێبه‌ڕکێی دوو هێزی گه‌وره‌ی که‌نداوی فارس و پێشچوونی به‌رژه‌وه‌ندی شێخ نشینه‌کانی که‌نداوی فارس له‌م دۆخه‌دا پابه‌ند ده‌زانێت.
له سه‌رده‌می حکومه‌تی ئه‌میر شێخ حه‌مه‌د بن خه‌لیفه ئالی سانی (1995 تا 2013) په‌یوه‌ندی نێوان قه‌ته‌ر و ئێران به شێوازێکی به‌رچاو گه‌شه‌ی پێدرا. نزیکبوونه‌وه‌ی ده‌وحه له تاران، پشتیوانی قه‌ته‌ر له ئیخوانییه‌کانی میسر و سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌لجه‌زیره، تووڕه‌بوونی به‌رپرسانی عه‌ره‌بستانی به‌دواوه بووه. عه‌ره‌بستان به‌رده‌وام سه‌ره‌ڕای پانتایی که‌می، وڵاتی قه‌ته‌ر به کێشه‌یه‌کی گه‌وره له به‌رده‌م پێگه‌ی ناوچه‌یی خۆی ده‌زانێت. به سه‌رهه‌ڵدانی به‌هاری عه‌ره‌بی له ناوچه‌که، شرۆڤه‌کاران پرسی قه‌ته‌ر و عهرهبستانیشیان باس ده‌کرد. له‌و کاته‌دا ده‌وحه و ڕیاز هه‌وڵی ئه‌وه‌یان ده‌دا بۆشایی هێز و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له هه‌ندێک وڵاتی وه‌ک سوریا و میسر پڕ بکه‌نه‌وه.
ئه‌گه‌رچی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌کانی ئێران و قه‌ته‌ر، ئاڵۆزییه‌کانی نێوان ئه‌م وڵاته و وڵاتانی دیکه‌ی که‌نداوی فارسی زیاتر کردووه، به‌ڵام قه‌ته‌ر خاوه‌نی تێڕوانینێکی تایبه‌ته له گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کانی له گه‌ڵ تاران. مێژووی په‌یوه‌ندییه‌کانی قه‌ته‌ر – عه‌ره‌بستان به تایبه‌ت ده‌ستێوه‌ردانی ڕیاز له کاروباری ئه‌م وڵاته له ده‌یه‌ی 1990 بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که ده‌وحه بیر له سه‌ربه‌خۆیی سیاسی له عه‌ره‌بستان بکاته‌وه.
په‌یوه‌ندی به‌هێزتر له گه‌ڵ ئێران ده‌توانێت ئامرازێک بێت بۆ به‌دیهاتنی ئه‌م سه‌ربه‌خۆییه. که‌مینه‌ی شێعه‌ی قه‌ته‌ر به‌رده‌وام په‌یوه‌ندی باشیان له گه‌ڵ زۆرینه‌ی سوننه‌ی ئه‌م وڵاته هه‌بووه. به‌رپرسانی قه‌ته‌ر به پێچه‌وانه‌ی عه‌ره‌بستان هیچ کات له‌وه نیگه‌ران نه‌بوون که شێعه‌کان له لایه‌ن ئێرانه‌وه بۆ شۆڕشی ناوخۆیی هان بدرێن.
قه‌ته‌ر به پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێک وڵاتی دیکه‌ی ئه‌ندام له ئه‌نجومه‌نی هاریکاری که‌نداوی فارس، به‌رده‌وام ئێران به به‌شێک له چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی ناوچه‌که ده‌زانێت. بۆ نموونه، له ساڵی 2010، ده‌وحه گرێبه‌ستێکی سه‌باره‌ت به به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هاوکارییه ئه‌منییه‌کان واژۆ کردووه. چوار ساڵی ڕابردوو قه‌ته‌ر ته‌نیا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بوو که ده‌نگی نه‌رێنیی به بڕیاری 1969ی دژ به ئێران دا.
په‌یوه‌ندی به‌هێزی ئابوری له گه‌ڵ ئێران له لێکدانه‌وه ستراتیژییه‌کانی ده‌وحه پێگه‌ی تایبه‌تی هه‌یه. به جێبه‌جێ کردنی پرۆژه‌ی هاوبه‌شی باکور – باشور، قه‌ته‌ر نیازی چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی نێوان ئێران و وڵاتانی عه‌ره‌بیی هه‌یه. بێ گومان، ململانێ سه‌ربازییه‌کانی که‌نداوی فارس ده‌توانێت کاریگه‌ری له سه‌ر به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌م پرۆژه‌یه دابنێت.
له مانگی مارسی 2014 عه‌ره‌بستان، به‌حره‌ین و ئیماراتی یه‌کگرتووی عه‌ره‌بی باڵوێزه‌کانیان له قه‌ته‌ر کشانده‌وه. ئه‌مه‌ش وه‌ڵام و کاردانه‌وه‌یه‌ک له به‌رامبه‌ر ئاڵۆزییه‌کانی ئه‌م وڵاته و ئه‌نجومه‌نی هاریکاری فارس بووه. له‌و کاته‌دا عه‌ره‌بستان هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌مارۆی ده‌ریایی و وشکانی له قه‌ته‌ر ده‌کرد. له نۆڤمبێری 2014 له ئاکامدا و پاش هه‌وڵه‌کانی ئه‌میری قه‌ته‌ر بۆ باشتربوونی په‌یوه‌ندییه‌کان، سێ وڵات باڵوێزه‌کانیان بۆ قه‌ته‌ر گه‌ڕانده‌وه. هاوڕایی قه‌ته‌ر و عه‌ره‌بستان له قه‌یرانه‌کانی سوریا و یه‌مه‌ن ڕۆڵی به‌رچاوی له‌م نزیکبوونه‌وه‌دا هه‌بووه.
له‌م دۆخه هه‌ستیاره‌ی ئێستادا، ده‌وحه به نیازه که له په‌یوه‌ندییه‌کانی له گه‌ڵ تاران و ڕیاز هاوسه‌نگی بپارێزێت، ئاڵۆزییه‌کانی له گه‌ڵ ڕیاز که‌م بکاته‌وه و به به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌کانی له گه‌ڵ تاران، که‌ڵک له به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی بگرێت.
هه‌وڵه‌کانی قه‌ته‌ر بۆ مسۆگه‌ربوونی ئه‌م هاوسه‌نگییه به ڕوونی له کاردانه‌وه‌ی قه‌ته‌ر به ڕووداوه‌کانی هێرشی سه‌ر باڵوێزخانه‌که‌ی عه‌ره‌بستان له تاران ده‌بینرێت. قه‌ته‌ر به شێوازێکی فه‌رمی دیپلۆماسی، باڵوێزه‌که‌ی له تاران کشانده‌وه به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی به‌حره‌ین و سودان په‌یوه‌ندییه‌کانی له گه‌ڵ ئێران نه‌پچڕاند.
په‌ره‌سه‌ندنی شه‌ڕی تائیفی و مه‌زهه‌بی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هاوکات له گه‌ڵ ئاڵۆزییه‌کانی نێوان تاران و ڕیاز کاریگه‌ری له سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌ی که‌نداوی فارس وه‌ک قه‌ته‌ر ده‌بێت. ئه‌وه‌ی که به چه ڕێژه‌یه‌ک قه‌ته‌ر هاوسه‌نگی نێوان ئه‌م دوو هێزه بپارێزێت و له لایه‌نگری خۆی به دوور بگرێت له داهاتوودا ڕوونتر ده‌بێته‌وه.
سه‌رچاوه: ئه‌لمانیتۆر
وه‌رگێڕان: جام کوردی