بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زانایانی نەخۆشییەکان لە نامەیەکی کراوەدا کە لە گۆڤاری لانسێت ی پزیشکی بڵاوبووەتەوە، باسیان لەوە کردووە کە پاشەکەوتکردنی ڤاکسێنی کۆرۆنا لە لایەن وڵاتانی دەوڵەمەندەوە هیچ سوودێکی نییە و تەنیا حاڵەتی فریاگوزاری تەندرووستی جیهانی درێژ دەکاتەوە.
لەو نامەیەدا هاتووە کە نەتەوەیی ڤاکسێنەکان دەبێتە هۆی شکستهێنانی دەستپێشخەریی کۆڤاکس کە ئامانجی گەیاندنی ڤاکسێنی کۆرۆنایە بەو وڵاتانەی کە داهاتیان کەمە و ناتوانن بە پێی پێویست ڤاکسێنی تایبەت بەو پەتایە دابین بکەن.
لە بەشێکی دیکەی ئەو نامەیەدا هاتووە کە جیهان لە ئێستادا زیاتر لە هەر ڤاکسێنێکی دیکە پێویستی بە ڤاکسێنی کۆرۆنا هەیە، ئەویش لە پێناو کوتانی ژمارەیەکی پێویست لە مرۆڤ بۆ دروستبوونی بەرگری جیهانی دژی ڤایرۆسەکە./.