بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە سەردانەکەی محەممەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ ڕووسیا پەیامی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ ڤلادیمیر پوتین ڕادەستی سەرۆکی پەرلەمانی ڕووسیا وەک نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کرا.
پێگەی ڕاگەیاندنی KHAMENEI.IR هاوپەیوەند لە گەڵ ئەم بابەتە لێدوانێکی حوسێن ئەمیرعەبدووڵاهیان یاریدەدەری تایبەتی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و ئەندامی شاندەکەی ئێرانی بۆ ڕووسیا بڵاو کردووەتەوە:
ئەمڕۆ لە ناوەندە توێژینەوەییەکان و لە بواری نێودەوڵەتی و بە تایبەت لای شرۆڤەکاران و بیرمەندانی ئەم بوارە، تێڕوانینەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وەک یەکێک لە بیرمەندان کە خوێندنەوەی درووستیان لە هەلومەرجی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی جیهانی هەیە، جێی گرنگی و بایەخە و ئەو نەخشە ڕێگایانەی کە لە لایەن بەڕێزیانەوە لە کەشی نێودەوڵەتیدا دادەڕێژرێت، وەک بیرۆکەی نوێ لە داڕشتنەوەی سیستەمی نوێی جیهانی بەدواداچوونی بۆ دەکرێت. بەڕێزیان بە پێی ئەزموونی باڵایان لە بواری نێودەوڵەتی، بەردەوام جەختیان لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە لە سیاسەتی دەرەوە دەبێت هاوسەنگ هەڵسووکەوت بکرێت، واتە هەم بە سیاسەتی نە ڕۆژهەڵات و نە ڕۆژئاوا بۆ پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی کۆماری ئیسلامی ئێران هەنگاو بنێین و هەم پەیوەندییەکانی دەرەوە لە گەڵ بەشە جیاجیاکانی جیهان بپارێزین. ئێمە لەم تێڕوانینەدا بڕوامان بەوە هەیە کە ناوەندی گۆڕانکارییە جیهانییەکان دەبێت لە هەر سەردەم و قۆناغێکدا بە باشی بناسرێت و بە پێی ئەوەش داڕشتنەوەیەک بۆ سیاسەتی دەرەوە لە گەڵ وڵاتانی جیهان بکرێت.
سەدەی 21. سەدەی ئاسیا
بێگومان سەدەی بیست و یەکەم، سەدەی ئاسیایە، گرنگیدان بە ئاسیا بەردەوام خاڵی گرنگە لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئێمە لە گەڵ پاراستنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لە گەڵ وڵاتانی جیهان دەبێت تێڕوانینێکی تایبەتمان بە ئاسیا هەبێت. لە ئاسیا و وڵاتانی وەک ڕووسیا، چین، هیندستان، پاکستان، ئەندونیزیا، مالیزیا و کۆمەڵە وڵاتانی دیکە هێشتا دەفرایەتی نەناسراو و گرنگ هەیە کە دەتوانێت بە پێی خاڵە هاوبەشەکانی ئێمە لە گەڵ ئەم بەشەی ئاسیا، بە پێی پێویست کەڵکی لێ وەربگرین.
وەک چۆن کە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران جەختیان کردووەتەوە، لە سیاسەتی دەرەوە ئێمە دەبێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆمان لە بەرامبەر رۆژئاوا گرنگی بە ڕۆژئاوا و لە نێو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتیش گرنگییەکی زیاتر بە وڵاتانی دراوسێ بدەین. ئاشکرایە کە پەیوەندی لە گەڵ ئەو وڵاتانەی کە بەرژەوەندی و خاڵی هاوبەشیان لە گەڵ ئێمە هەیە گرنگترە لەو وڵاتانەی کە ڕەنگە بەرژەوەندییەکانمان لە دژی یەکتریش بن.
لەم پێناوەدا بە دەستپێشخەری ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، نێردەیەکی تایبەت لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها لە لایەن سەرۆک کۆماری چینەوە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو بۆ خێراتربوونی گەشەی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات دەستنیشان کراوە. لە ماوەی ڕابردووش ئەوەمان بینی کە سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و هاوتاکەی لە چین بە شێوازی ئۆنلاین دانوستانی فەرمییان هەبوو و چەندین بڕیاریش لەو دانوستانانە دەرکرا تا پەرلەمانەکانی هەر دوو وڵات لە ڕۆڵی خۆیان بۆ خێراترکردنی هاوکارییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان تاران و پەکین کەڵک وەربگرن.
بەرپرسانی باڵای ڕووسیاش بە تێڕوانینیان لە سەر گۆڕانکارییەکانی جیهان و ڕۆڵی گرنگی ئێران وەک هێزێکی گەورەی ناوچەکە، ئەزموونی زۆر باشیان لە هاوکاری لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەبووە. ئەڵبەت ڕۆڵی شەهید قاسم سولێمانی لە دابینکردنی زیاترین ئاستی ئاسایشی ناوچەکە حاشاهەڵنەگرە. گرنگیدان بە ئەزموونی هاوبەشی ئێران و ڕووسیا لە هاوکاریکردنی حکومەتی سوریا سەرەڕای دژایەتییە بەردەوامەکانی ئەمریکا، یەک لەو پرسانەیە کە پیشان دەدات لە نێوان تاران و مۆسکۆ دەتوانین ئەزموونی هاوکاری زیاتر و سەرکەوتن و دەسکەوتی گەورەتر مسۆگەر بکەین.
بێ کاریگەربوونی گۆڕانکارییەکانی کۆشکی سپی لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئێران
سەردانەکەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ ڕووسیا چەندین ئامادەکاریی بۆ کرابوو. لە هەفتەی یەکەمی دەستبەکاربوونی خولی یانزەیەمی پەرلەمانی ئێران، سەرۆکی پەرلەمانی ڕووسیا کە کەسێکی نزیک لە ڤلادیمیر پوتینە، نێردەیەکی تایبەتی بۆ گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی ناردە تاران و ئەو کەسەش بانگهێشتنامەی فەرمیی بۆ سەردانی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ ڕووسیا ڕادەستی محەممەد باقر قاڵیباف کرد.
ئەم سەردانە بە هەڵبژاردنی ئەم قۆناغە هەستیارە کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا لە کۆشکی سپی دەستبەکار بووە، پەیامێک دەداتە هاوپەیمانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکە کە تاران چیدی چاوەڕوانی یاری کەسانی نوێ لە کۆشکی سپی و سێ وڵاتی دیکەی ئەورووپی، واتە ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا بە هۆی ڕێکەوتنی ناوەکییەوە نابێت و هەر بڕیارێک لە کۆشکی سپی گۆڕانکاری لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئێران لە گەڵ ڕووسیا و چین و تێڕوانینی تایبەتی تاران بە ئاسیا و کاراکتەرە گرنگەکانی ناکات و کاتەکە بۆ ئەمریکا و ئەورووپا کۆتایی هاتووە.
ئەم قۆناغە وەها بوو کە لە لایەن ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە هەست بە پێویستی ئەوە کرا کە پەیامێک ئاراستەی وڵاتی ڕووسیا بکرێت. پەیامێکی ستراتیژی کە بە تێگەیشتنی تەواو لە هەلومەرجی ئێستای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی داڕێژراوە و هەڵگری چەندین خاڵی زۆر گرنگ و ستراتیژییە کە بۆ بەرپرسانی ڕووسیاش جێی گرنگی و بایەخ بووە.
ستراتیژییەکان بە پێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان نوێ دەکرێنەوە
ئەگەر تێڕوانینمان تەنیا بەرەو ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا نەبێت، دەبینین کە لە جیهانیدا ژمارەیەک وڵات هەیە کە دەتوانن یارمەتیدەری ئێمە بن و ئێمەش بە هەمان هەڵوێست یارمەتیدەری ئەوان بین. دەبێت گرنگی بەم خاڵە بدەین کە جیهان بەردەوام بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات، بێگومان دۆخی سیاسەتی دەرەوەش بەشێکە لەم گۆڕانکارییە، تەنانەت لە سیاسەتی دەرەوە گۆڕانکارییەکان خێراترن، ئەمەش وا دەکات کە ئێمە بەردەوام ستراتیژی خۆمان نوێ بکەینەوە، دەبێت لەم ڕێگایەدا گرنگی زیاتر بەو پەیوەندییانە بدەین کە زیاترین بەرژەوەندی ئێمە دابین دەکات، بەرژەوەندی نیشتمانی و گەیشتنی وڵات بە گەشە و پێشکەوتن.
ڕووسیای پوتین، یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو و بەرەی ڕۆژهەڵاتی کۆمۆنیزم نییە. ڕووسیای پوتین تەنانەت لە گەڵ ڕووسیای پێش ناوبراویش جیاوازی زۆری هەیە، ئێمە بە دڵنیاییەوە کە لە گەشە و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی وەک ڕووسیا قازانج دەکەین. لە هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان بە تایبەت لە دابینکردنی ڤاکسێن و پێداویستییەکانی دیکە تا هاوکارییە هاوبەشەکان لە بواری ئەمنی، بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و هاوکاری و پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان، ئەمانە دەتوانێت ڕێڕەوی نوێی هاوکارییەکان لە نێوان تاران و مۆسکۆ بکاتەوە./.