” هیدایەت حاتەمی” ڕۆژی یەکشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ پەیامنێری جام کوردی، ڕایگەیاند: ڕاکێشانی ئەم ڕێژەیە لە سەرمایەگوزاری لە کاتێک دایە کە وڵات ڕووبەڕووی شەڕێکی ئابووری هەمەلایەنە بووەتەوە.
ئەو بە ئاماژەکردن بەوەی کە تاکوو ئێستا ۲ کۆڕی گەورەی ڕاکێشانی سەرمایەگوزاریمان لە کرماشان بەڕێوە بردووە، وتی: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکوو ۱۵_ی مانگی بەفرانبار ۲ هەزار و ۳۰ مۆڵەتی سەرمایەگوزاری لە ماوەی کەمتر لە دوو حەوتوو دراوە کە لە کۆتایی ئەمساڵ دەگاتە زیاتر لە ۲ هەزار و ۳۰۰ مۆڵەت.
کرماشان بەهەشتی سەرمایەگوزاری
جێگری پارێزگاری کرماشان لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەی لەگەڵ جام کوردی دا بە ئاماژە کردن بە تواناییەکانی ئەم پارێزگایە، کرماشانی بە بەهەشتی سەرمایەگوزاری وەسف کرد.
حاتەمی وتیشی: جگە لە تواناییە هەناردەیی و گەشتیاری و کشتوکاڵی و پیشەسازییەکانی کرماشان، ژێرخانی پێویست بۆ گەشە و سەرمایەگوزاریش لە ئەم پارێزگایەدا بوونی هەیە.
ئەو سەرمایەگوزاری بە تاکە چارەسەری کێشەی بێکاری لە کرماشان زانی و وتی: بۆ ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری، باشترکردنی کەشی کار و کاسپی و پەلە کردن لە ڕێکارەکانی مۆڵەت پێدانانمان خستە ئەولەویەتی کارەکانمانەوە.
جێگری پارێزگاری کرماشان وتیشی: بۆ گەشەپێدان و یارمەتیدانی یەکە بچووکەکانی ئابووری زنجیرە نرخە زیادکراوەکانمان دروست کردوو و بۆ خێراتر کردنی پێدانی مۆڵەتەکان بە یەکە مامناوەندییەکان ناوەندی خزمەتگوازرییە سەرمایەگوزارییەکانمان بۆ ئەم کارە ڕاسپارد.
بە وتەی ئەو، تیمی ئابووری پارێزگای کرماشان بە ڕێنموونی پارێزگار، چۆنیەتی خێراکردن لە سەرمایەگوزاری پڕۆژە گەورەکانی ئابوورییان لە ئەستۆدایە و بە بەردەامی چاودێری و پێداچوونەوە بە کارەکان دەکەن.
ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران ئاماژە بە دابەزینی لە سەدا ۱۲_ی ڕێژەی بێکاری وڵات لە پاییزی ئەمساڵ بەراورد بە پاییزی ساڵی ۹۸ دەکات و دەڵێت ڕێژەی بێکاری لەم پارێزگای ڕۆژئاوای وڵاتەدا بۆ یەکەمین جار لەم ۱۰ساڵی دواییەدا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی.
بەپێی پلانی سەرژمێری هێزی کار کە لەم دواییەدا بڵاو کراوەتەوە، ڕێژەی بێکاری لە پاییزی ئەمساڵ گەیشتووەتە لەسەدا ۹.۴ کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە سەدا ۱.۲ کەمی کردووە.
ئێستا زیاتر لە ۳۰ هەزار کەس لە نزیکەی یەک هەزار یەکەی بەرهەم هێنان و پیشەسازیدا لە پارێزگای کرماشان ئیش دەکەن.
کۆتایی/.