بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعید خەتیب زادە لە کاردانەوەی بەرامبەر بە بڕیاری دادگایەکی بەلژیکا لە دژی ئەسەدوڵا ئەسەدی دیپلۆماتکاری ئێرانی، وتی: وەک چۆن کە پێشتر ڕامانگەیاندووە سەرجەم قۆناغەکانی دەستبەسەرکردن، ڕەوتی لێپرسینەوە و دادگاییکردن و لە ئاکامدا دەرکردنی بڕیارەکەی دادگا، نایاسایی و بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت ڕێکەوتنی 1961 ی ڤیەننا سەبارەت بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دادەنرێت و کۆماری ئیسلامی ئێران بە هیچ شێوازێک ئەو بڕیارە بە فەرمی ناناسێت.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: بەداخەوە کە بەلژیکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری بانگەشە و پڕوپاگەندەی گرووپی تیرۆریستی مونافقین لە خاکی ئەورووپا و پەنایان بۆ ئەم بڕیارە نایاساییە هێناوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوە بە مافی خۆی دەزانێت کە سەرجەم ڕێکارە یاسایی و دیپلۆماسییەکان بۆ گەڕانەوەی مافی دیپلۆماتکار ئەسەدوڵا ئەسەدی و وەڵامدانەوەی ئەو وڵاتانە بگرێتەبەر کە بەڵێن و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکانیان پێشێلکردووە.
دادگایەک لە بەلژیکا لە بڕیارێکدا بە پێچەوانەی ڕێکەوتنی 1961 ی ڤیەننا، ئەسەدوڵا ئەسەدی دیپلۆماتکاری ئێرانیی بە 20 ساڵ گرتن سزا داوە./.