بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جاسم محەممەد جەعفەر لە وتووێژی لە گەڵ ئاژانسی ئێرنای ئێران جەختیکردەوە کە ئەمریکییەکان و وڵاتانی ئەورووپی نابێت لە ڕێگای گوشار و دانانی مەرج بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێکەوتنی ناوەکی، ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی و قەیرانێکی نوێ ببەن.
ناوبراو وتی: ئەزموونەکان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەیان پیشانداوە کە بەکارهێنانی زۆر یان سەپاندنی گەمارۆکان ناتوانێت ئیرادەی ئێران لاواز بکەن و تەنیا ڕێگای چالاککردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی، هەڵگرتنی سەرجەم گەمارۆکان و ئازادکردنی پارە ڕاگیراوەکانی ئێران و پاشان دانوستانە لە سەر چەند وردەکارییەکی بچووک لەو ڕێکەوتنە.
ئەو وەزیرەی پێشووی حکومەتی عێراق وتی کە ئێران پابەندی بەڵێنەکانی خۆی بووە بەڵام ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی بەڵێنەکانی خۆیان لە ڕێکەوتنی ناوەکی جێبەجێ نەکردووە.
وتیشی کە کۆماری ئیسلامی ئێران مەرجی نوێ بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی قبووڵ ناکات، ئەمە هەڵوێستێکی گرنگە، لە بەر ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی تاران نایانەوێت ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی ببرێتەوە.
جاسم محەممەد جەعفەر وتی کە گرنگترین پێویستی ئێستای ناوچەکە هێورکردنەوەی دۆخەکەیە و ئێران لە سەر ئەم بنەمایە مەرجی نوێی نابێت و ئامانجەکە تەنیا گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکییە.
ناوبراو وتی کە لە پاش پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەمریکا بە تایبەت لێدوانەکانی ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە هێندە هیوامان بە گەڕانەوەی ئەمریکا و بەڵێنەکانی بایدن بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی نەماوە.
ئەمینداری گشتی یەکێتی ئیسلامی تورکمانی عێراق بە ئاماژە بە خۆڕاگری گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شکستی گەمارۆکانی دوناڵد ترەمپ، وتی کە ئێران لەو چوار ساڵەدا شکستی بەو پیلانانە هێنا و ئێستا مەرجی نوێ قبووڵ ناکات.
وتیشی کە ئەمریکاش نایەوێت سزای نوێ بە سەر ئێراندا بسەپێنێت بەڵام لە هەمان کاتدا نیازی ئەوەشی نییە گەمارۆکان لانیکەم لەم کاتەدا هەڵبگرێت.
ئەو وەزیرەی پێشووی عێراق لە درێژەدا وتی: باشتر وایە کە سەرەتا گەمارۆکان لە سەر گەلی ئێران هەڵبگیرێت و پاشان سەبارەت بە هەندێک دۆسیە وتووێژ بکرێت.
جاسم محەممەد جەعفەر وتی کە بە دڵنیاییەوە نە زۆر و نە گەمارۆ لە دژی ئێران کاریگەری نەبووە و لایەنەکانی ڕێکەوتنی ناوەکی دەبێت جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی خۆیان لە ئەستۆ بگرن.
ناوبراو بە ئاماژە بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری فەرەنسا وتی: ئەوەی کە مەکرۆن سەبارەت بە بەشداری چەند وڵاتێکی ناوچەکە لە ڕێکەوتنی هاوبەش لە گەڵ ئێران باسیکردووە، بۆ پێدانی پارە و بەرتیل لە لایەن ئەو وڵاتانەوە بە فەرەنسا دەگەڕێتەوە.
وتیشی کە هەر گوشار و مەرجێکی نوێی ئەمریکا و ئەورووپا لە دژی ئێران ناوچەکە جارێکی دیکە بەرەو ئاڵۆزی دەبات و ڕەنگە ئەنجامی نەخوازراویشی بە دواوە بێت./.