بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد جەواد زەریف لە چاوپێکەوتنی کەناڵی سی ئێن ئێن ڕایگەیاند کە دەتوانین میکانیزمێکی نوێ بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی دابنێین، ئەویش بریتییە لەوەی کە ئێران و ئەمریکا لە یەک کاتدا بڕگەکانی ئەو ڕێکەوتنە جێبەجێ بکەن.
ناوبراو وتی: پێویستە ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی بگەڕێتەوە و ئێران ئامادەیە بەپەلە وەڵامی ئەو بڕیارە بداتەوە، کاتەکەی گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە کە بزانین ئیدارەی بایدن درێژە بە سیاسەتی شکستخواردووی سەردەمی دوناڵد ترەمپ دەدات یان نە.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: لە ڕێکەوتنی ناوەکیدا میکانیزمێک هەیە بە ناوی لێژنەی هاوبەش و ڕێکخەریشی هەیە بۆ هەماهەنگی لە نێو لانەیەکان کە ئێستا بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپایە و دەتوانێت لەو دەرفەتە بۆ هەماهەنگی هەنگاوەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کەڵک وەربگرێت.
زەریف وتی: پێویستە سەرەتا ئەمریکا نیازپاکی خۆی پیشان بدات، ئێمە بە کردەوە ئەوەمان سەلماندووە، ئەگەر لە بەڵێنەکانی خۆمان پاشگەز بووینەتەوە بە هۆی ئەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵیدا شەڕێکی ئابوری تەواو بە سەر ئێراندا بسەپێنێت، ئەمە ڕابگرێت، ئێمە پابەندی بەڵێنەکانی خۆمان دەبینەوە./.