بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جفری فلتمەن بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت ی سعوودیەی ڕاگەیاندووە کە سیاسەتی ئەمریکا لە سوریا لە خولی سەرۆکایەتی باراک ئۆباما و دوناڵد ترەمپ شکستی هێناوە.
ناوبراو کە پێشتر یاریدەدەری ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە، وتی: سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا نەبووەتە هۆکاری گۆڕینی سیاسەتەکانی حکومەتی دیمەشق.
فلتمەن وتی کە بەشێکی زۆری کێشە ئابورییەکانی سوریا پەیوەندی بە بواری ناوخۆیی ئەو وڵاتەوە هەیە نەک کاریگەری گەمارۆکانی ئەمریکا.
وتیشی کە ئەگەر لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە سەردەمی باراک ئۆباما و دوناڵد ترەمپ بڕوانین، دەزانین کە بەشار ئەسەد لە ڕووی سەربازییەوە بەهێزتر بووە.
جفری فلتمەن وتی: سیاسەتی ئەمریکا لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە کە گۆڕانکاری لە سوریا بخوڵقێنێت، بە دڵنیاییەوە کە ئەو سیاسەتە شکستی هێناوە. یەکێک لە ئامانجەکانی گەمارۆکان، ڕاگرتن یان سنوردارکردنی سیاسەتەکانی بەشار ئەسەد بووە بەڵام بە کردەوە ئەنجامێکی ئەوتۆمان لە سیاسەتەکانی واشنتن لەم بوارەدا نەبینیوە./.