بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعید خەتیب زادە وتی کە ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران ڕێکەوتنێکی نێودەوڵەتی چەند لایەنەیە و بە بڕیاری ژمارە 2231 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەسەند کراوە و بە هیچ شێوازێک دانوستانی لە سەر ناکرێت و ئەندامەکانیشی دیارن و تووشی گۆڕانکاری نابن.
ناوبراو وتی: ئەمریکا لەم ڕێکەوتنە کشاوەتەوە و ئەورووپاش لە پاراستنیدا لاواز بووە و ئەگەر خواستێک لە سەر مانەوە و بەردەوامیی ڕێکەوتنی ناوەکی هەیە، چارەسەرەکەی سادەیە، ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنەکە بگەڕێتەوە و سەرجەم گەمارۆکانی ئێران هەڵبگیرێن.
خەتیب زادە ڕەخنەشی لە سیاسەتەکانی فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپی لە شەڕی یەمەندا گرت و وتی: فرۆشتنی چەکی ئەو وڵاتانە بە سعوودیە و ئیمارات بووەتە هۆکاری کوژران و برینداربوونی دەیان هەزار لە خەڵکی یەمەن و ناسەقامگیری لە ناوچەی کەنداوی فارس و تا ئەم سیاسەتەش بەردەوام بێت ناتوانین چاوەڕوانی مسۆگەربوونی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە بین./.