جام کوردی:
هه‌ندێک ده‌یانه‌وێت هه‌نگاوی داهاتووی ڤلادیمیر پوتین سه‌رۆک کۆماری ڕووسیا له بواری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه پێش بینی بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ڕوونه، ناوبراو کۆپی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ده‌کات که ڕه‌خنه‌ی لێده‌گرێت. به‌م هۆیه‌شه‌وه پێویسته تورکیا گرنگی زیاتر به‌وه‌ی بدات که ڕووسیا سه‌باره‌ت به گۆڕینی ڕژێمی ئه‌و وڵاته‌وه ده‌یڵێت.
ئه‌م نموونه‌یه‌ی ئیدانه‌کردن و پاشان کۆپی کردنی له هه‌ندێک کاتدا بوونی هه‌بووه. له ساڵی 2007، پوتین – ڕه‌نگه وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی ئاشتیخواز – به توندی ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی له واشنتن گرت که به به‌کارهێنانی هێزی سه‌ربازی ڕاهاتووه و وتی: له‌و کاته‌وه که مه‌هاتما گاندی کۆچی دوایی کردووه، که‌سێک بیر له وتووێژ ناکاته‌وه . ساڵی دواتر، ڕووسیا بۆ یه‌که‌م جار له پاش شه‌ڕی جیهانی دووه‌م ده‌سدرێژی سه‌ربازی کرده سه‌ر وڵاتی جۆرجیا.
له ساڵی 2008، ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا جیابوونه‌وه‌ی کۆسۆڤۆی له سربیا به فه‌رمی ناساند و هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو به هۆی ئه‌وه‌ی که پوتین وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆی دیکه داگیر بکات. که‌متر له یه‌ک ساڵی دیکه ناوبراو له کرده‌وه‌یه‌کی هاوشێوه‌دا ناوچه جیاوهبووهکانی ئوستیای باشور و ئه‌بخازیای به فه‌رمی ناساند.
ئه‌گه‌ر بۆ ساڵی 2014 بگه‌ڕێینه‌وه، پوتین ناڕه‌زایه‌تی سه‌دان هه‌زار دانیشتووی ئۆکرانیای له کی یف به‌رامبه‌ر به گه‌نده‌ڵی سه‌رۆک کۆماری پێشوو، ڤیکتۆر یانۆکۆڤیچ و حکومه‌ته‌که‌ی به کوده‌تا وه‌ڵام دایه‌وه. پاش پشتیوانیی له ئاڵۆزییه‌کانی کرێمه و ناوچه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئۆکرانیا، پوتین نه‌ک ته‌نیا له گۆڕینی حکومه‌تی ئه‌م ناوچانه پێشوازیی کرد، به‌ڵکوو کرێمهشی کرد به ناوچه‌یه‌کی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕووسیا.
ئه‌م نموونانه سیاسه‌تێکی ڕوونمان پیشان ده‌دات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که هه‌ندێک کات، گۆڕینی ڕژێم یه‌کێک له خه‌راپترین وشه‌کان دێته هه‌ژمار، ململانێی ئه‌م دواییه‌ی پوتین له گه‌ڵ تورکیا، بایه‌خی به‌دواداچوون کردنی هه‌یه. ڕووسیا و تورکیا له قه‌یرانی سوریا هه‌رده‌م له به‌ره‌یه‌کی دژ به یه‌کدان، به‌ڵام تا کاتی که‌وتنه خواره‌وه‌ی فڕۆکه‌که‌ی ڕووسیا له مانگی نۆڤمبێر، کۆنتڕۆڵی دۆخه‌که‌یان کردبوو.
له ڕاستیدا له‌م ساڵانه‌ی پێشوو، پوتین و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا، دوو وڵاتی دۆست و هاوبه‌شێکی ستراتژیک بوون. تورکیا ته‌نیا ئه‌ندامی ناتۆ بوو که پاش داگیرکردنی کرێمه، گه‌مارۆی به سه‌ر ڕووسیا نه‌سه‌پاند و له به‌رامبه‌ردا سه‌رۆک کۆماری ڕووسیا ته‌نانه‌ت پاش ئاڵۆزییه‌کانی له گه‌ڵ یه‌کێتی ئه‌ورووپا سه‌باره‌ت به قه‌یرانی ئۆکرانیا، ئه‌نکه‌ره‌ی وه‌ک به‌شێکی گرنگ له دیپلۆماسیه‌تی وڵاته‌که‌ی سه‌یر ده‌کرد.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ڕه‌نگه ئه‌ردۆغانیش ئه‌وه‌ی قبووڵ بێت که تێکشکاندنی فڕۆکه‌که‌ی ڕووسیا کرده‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه بووه، به‌ڵام گرنگترین به‌شی ئه‌م قه‌یرانه پاش دوو مانگ ئاشکرا بوو که ڕووسیا خوازیاری ئه‌وه نییه ئاستی قه‌یرانه‌که‌ی له گه‌ڵ تورکیا دابه‌زێنێت.
پوتین داواکاری هاوپه‌یمانه‌کانی وه‌ک بیلاڕووسیا و قه‌زاقستانی له به‌رچاو نه‌گرتووه و پیشانی دا که تا ئه‌ردۆغان له سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵاته، نایه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌کانی له گه‌ڵ تورکیا ئاسایی بکاته‌وه. کاردانه‌وه‌ی ڕووسیا به‌رامبه‌ر به تورکیا هاوشێوه‌ی کاردانه‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکایه به‌رامبه‌ر به ده‌ستێوه‌ردانی ڕووسیا له ئۆکرانیا. یه‌که‌م، سه‌پاندنی گه‌مارۆی ئابوری و پاشان هێرش بۆ سه‌ر ئه‌ڵقه‌ی ناوخۆیی ئه‌ردۆغان وه‌ک بیلالی کوڕی و تۆمه‌تبارکردنی ناوبراو به بازرگانی نه‌وت له گه‌ڵ داعش و دوایین هه‌نگاوی دژ به تورکیای ڕووسیا بانگهێشت کردنی سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکی پارتی دیمۆکراتیکی گه‌لان بۆ مۆسکۆ بوو.
ده‌میرتاش پاش ئاڵۆزییه‌کانی ناسراو به پارکی گه‌زی له ساڵی 2013، بوو به که‌سایه‌تییه‌کی ناسراو و سه‌رکه‌وتنه‌که‌شی له هه‌ڵبژاردنه پارله‌مانییه‌کان بوو به هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌ردۆغان هه‌ڵبژاردنه‌کان دووباره بکاته‌وه. مانگی ڕابردووش ئه‌ردۆغان، ده‌میرتاشی به خیانه‌ت و ده‌ستێوه‌ردان له شه‌ڕ و پێکدادانه‌کانی ناوچه کوردنشینه‌کانی تورکیا تاوانبار کرد. له ئێستادا پوتین به ئاشکرا له شه‌ڕی ناوخۆیی تورکیا لایه‌نێکی هه‌ڵبژاردووه، هه‌مان شێوازی وڵاتانی ڕۆژئاوا له میانه‌ی شه‌ڕی چیچان.
هاوشێوه‌ی گه‌مارۆکانی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له به‌رامبه‌ر ڕووسیا، ڕه‌نگه پوتین له کورت ماوه‌دا ئامانجی ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ردۆغان نه‌بێت. پێده‌چێت له پێش بینی داهاتوودا به‌و خاڵه بگه‌ین که پیاوه به‌هێزه‌که‌ی تورکیا وه‌ک پوتین له ده‌سه‌ڵاتدا ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام له سیاسه‌تێکی درێژخایه‌ندا، پوتین بیر له لاوازی که‌رتی ئابوری تورکیا و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌ردۆغان ده‌کاته‌وه.
ئه‌وه‌ی که دیار نییه، هه‌ڵوێستی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکایه و ئه‌مه‌ی که ئایا واشنتن و هاوپه‌یمانه‌کانی ڕێگایه‌کی دیکه هه‌ڵده‌بژێرن یان له هاوپه‌یمانه‌که‌ی ئه‌ندامی ناتۆ به‌رگری ده‌که‌ن، یان ئه‌وه‌ی که ده‌چنه به‌ره‌ی ڕووسیا و له‌و وڵاته‌ی که ڕۆژ به دوای ڕۆژ به‌ره‌و دیکتاتۆریه‌ت ده‌ڕوات خۆیان به دوور ده‌گرن.
نووسه‌ر: ئیڤان کراستۆف
سه‌رچاوه: بلۆمبرگ ڤیۆ
وه‌رگێڕان: جام کوردی